ئایینزاکانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-25-03:03:00 - کۆدی بابەت: 2638
ئایینزاکانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

سوننە

بەشێکی زۆری دانیشتووانی کوردستان سوننین. سوننە لە ئایینزانی شافیعی، حەنەفی، مالیکی و حەمبەلی پێک هاتووە، هەر یەکێک لەم ئایینزایانە،  بیروباوەڕ و پەیڕەوی تایبەتی خۆی هەیە، کە بە ژمارە و پلەی بڵاوبوونەوەی، لەگەڵ ئەوانی دیەکەدا جیاوازە،

شافیعی 

دامەزرێنەی ئەم ڕێبازە. محەمەدی کوڕی ئیدریسی شافیعی یە (٧٦٧ – ٨٢٠) زایینی. ئەم ئایینزایە، لە نێو خەڵکی کوردستاندا، بە بەربڵاوترین ئایینزانی سوننە دادەنرێت و بەشی زۆری کورد لەسەر ئەم بیر و باوەڕە بەڕێوە دەڕۆن.

حەنەفی

لە لایەن ئەبو حەنیفەی کوڕی نەعمانی سابتەوە (٧٠٠ – ٧٦٧) زاینینی دامەزراوە. ئەم ئاینزایە بە زۆری لە ناو پارێزگاکانی ئاگری، بینگۆڵ، دەرسیم، موش و کەرکوکدا بڵاوە.

حەنبەلی

ئەحمەدی کوڕی حەنبەل (٧٨٠ – ٨٥٥) زایینی، بە دامەزرێنەری ئایینزای حەنبەلی دادەنرێت، ژمارەیان لە نێو دانیشتووانی کوردستاندا زۆر نییە.

مالیکی 

دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە مالیکی کوڕی ئەنەسە (٧١٥ – ٧٩٥) زایینی، ژمارەی پەیڕەوکەرانی لە چاو ژمارەی پەیڕەوکەرانی ئایینزای دیکە، لە کوردستاندا زۆر کەمە. 

جگە لەم ئایینزایانە، لە کوردستاندا گەلێک ڕێبازی ئایینی جیاوازی سۆفیگەرێتیشی تێدایە، کە سەر بە بیروڕای سوننین، هەرە گرنکەکانی ئەمانەن:

ڕێبازی قادری

دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە، شێخ عەبدولقادری گەیلانییە، کە خەڵکی گوندی گەیلانی نێوچەی کرماشان بووە. لە ڕێگەی عەبدولکەریمی گەیلانی نەوەی شێخ عەبدولقادر، بیروڕاکانی ئەم ڕێبازە. بە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە. 
شێخەکانی سەر بە ڕێبازی قادری، بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تایبەتی خۆیان، بگرە بۆ بەرزکردنەوەی پایەی کۆمەڵایەتیشیان، هەمیشە ڕەچەڵەکی خۆیان بەسەر محەمەدی کوڕی عەبدوڵا (پێغەمبەری ئیسلام) و عەلی کوڕی ئەبو تالیب (یەکێک لە چوار خەلیفەکەی ڕاشیدین) بردۆتەوە. بەڵام لە نێو خۆیاندا لەسەر ئەم بیروباوەڕە، یەک نین.
ئەمڕۆ ڕێبازی قادری، بە یەکێک لە ڕێبازە گەورە و بەبڵاوەکان دادەنرێت و پەیڕەوانیشی (دەروێش) لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا هەن، بەڵام ژمارەیان لە پەیڕەوکەرانی ڕێبازی نەقشبەندی کەمترە
لە ناو ڕێبازی قادریدا، چەندین ڕێبازی دیکە هەیە، وەکوو ئەشرەفی، نابولسی، کەهلوسی. ئەم ڕێبازە بە زۆری لە نێو کوردا بڵاوە، پاشان عەرەب دێ و کەمێکیش لە ناو تورکدا بڵاو بۆتەوە.

ڕێبازی نەقشبەندی

مێژووی پەیدابوونی بۆ سەردەی چواردەیەمی زایینی دەگەڕێتەوە، ئەم ڕێبازە لە شاری بوخارە سەری هەڵداوە. بە بیروڕای زۆربەی میژوونوسان، لە ساڵی ١٨١١دا، لە لایەن شێخ زیائەدینی کوڕی خالیدی نەقشبەندی (مەولانا خالید)، ئەم ڕێبازە هاتووەتە کوردستان. سەرەتا شاری سلێمانی و پاشان لە هەولێر و لەوێشەوە بڵاوبووەتەوە. هۆی بڵاوبوونەوەی بە خێرایی، زیاتر بۆ هەڵوێستی جیاوازی لەگەڵ ڕێبازی قادری، سەبارەت بە کێشەی دەسەڵاتدارانی میرانی بابان و فەرامۆش نەکردنی لایەنی دونیایی لە ژیانی مرۆڤدا، لە پێناو ئاییندا دەگەڕێتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەمان بڕوایان بوەیە، کە دەڵێ چۆن دینت دەوێ، بەو شێوەیە دنیات بوێت، ڕێبازی نەقشبەندی، بە پلەی یەکەم لە نێو کورد و لە دواییدا لە ناو تورک و پاشان لە ناو ژمارەیەکی کەم لە عەرەبدا بڵاوە.

ڕێبازی هەقە

داهێنەری ڕێبازی هەقە لە کوردستاندا، بە شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە دادەنرێت، کە لە ناوچەی سورداش، شێخی ڕێبازی نەقشبەندی بوو، بۆیە شێخی ناوبراو، وەکوو ڕێبازێکی ئایینی ڕووت و ووشک، سەیری ڕیبازی نەقشبەندی نەکردووە. کە بەهۆی ئەو ڕێگەیەوە، لە خودا پەرستیدا خۆی بتوێنێتەوە، بەڵکوو بەم شێوەیە و لە ڕێگەی ئەم ڕێبازەوە ویستوویەتی، ئامۆژگاری و پرینسیپەکانی ڕێبازە ئایینییەکەی خۆیان، بە شێوەیەکی گشتی لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لە ناو پەیڕەوکەرانیدا بڵاو بکاتەوە و باوەڕیان بە یەکسانی پێ بهێنی. کە هەزاران ساڵ بوو. ئیدیاڵی ئایین و ئایینزای شۆڕشگێڕانی جیهان بوو، هەر لەو پێناوەشدا بۆی تێدەکۆشان. ڕێبازی هەقە لە سەردەمی مامەڕەزدا، تووشی گەلێ هەڵکشان و داکشان بووە و شێخیش لە بەندیخانەدا گیراوە.


بەکتاشی

پەیدابوونی بەکتاشی بۆ سەدەی سیازدەی زایینی دەگەڕێتەوە، ئەم ڕێبازە، ڕۆڵێکی گرنکی لە ژیانی ڕامیاری ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیدا وازی کردووە و زۆر لە یەنچارەکانەوە (جۆرە سوپایەک بووە) نزیک بوون. بەکتاشی بە زۆری لە ناو تورک و کەمێکیش لە نێو کوردا بڵاوبووە.
ڕێبازی ڕفاعی
ژمارەیەکی کەم لە موسوڵمانەکانی کوردستان، پەیڕەوی ئەم ڕێبازە دەکەن. تەکیەکانیان لە شارە گەورەکان دایە، بە زۆری لە ناو تورک و تورکماندا بڵاوە.
جگە لەو ڕێبازانی کە باسمان کرد، چەند ڕێبازی تریشمان لە کوردستاندا هەیە، وەکوو، مەولەوی، خەڵوەتی، تیجانی، سەعدی، شاهدەلی، سەهرەوەردی و...هتد. بەڵام بە ژمارە کەمن و لە ناوچەی بەرتەسکی تایبەتیشدا بڵاو بوونەتەوە.


سەرچاوەکان



474 بینین