ناوهڕۆك
کورتەیەکی مێژووی دەربارەی کوردە فەیلییەکان
کوردە فەیلییەکان بە درێژایی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە ژیاون و بەشێکی دانەبڕاون لە نەتەوەی کورد.
ئەم زاراوەیە (فەیلی) بە کۆمەڵە هۆزێكی لوڕی دەوترێت، کە نیشتەجێی (پێشکۆ و پشتکۆ)ی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بوون، زۆربەی مێژوونوسان، کۆکن لەسەر ئەوەی ڕەچەڵەکی ئیملامی یا گۆتییەکانن، لە ناوەڕاست و باشووری عیراق ژیاون، لە ناوچەکانی (مەندەلی، زڕباتییە، بەردە، جەسان، خانەقین، کەرکوک، بەغدا، کوت، عەمارە و بەسڕە).
ڕۆژهەڵاتناسی روسی (فلادمێر مینۆرسکی) و هەریەک لە (جۆن ماڵکۆن و بڕاون) و توێژەری کوردی (د. اسماعیل قوماندار) پشتگیری بۆچوونەکەی دەکەن، کە بڕوای وایە سەرەتاکانی دەرکەوتنی زاراوەی (فەیلی) لە سەدەی شازدە بووە، بۆ جیاکردنەوەی میرنشینی (لوڕی بچووک) و حوکمڕانەکەی کە خۆیان بە لوڕی رەسەن دادەنا، بە بەراورد لەگەڵ (لوڕی گەورە) کە وایان دادەنا، لوڕی بچووک بەشێکن لە لوڕی گەورە، نەک ڕەسەن و بنچینە. سەرەڕای ئەوەی ئەم زاراوەیە لەم ناوچانە بە دەگمەن بەکار هاتووە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەم، تەنیا لە لایەن دانیشتوانی پشتکۆ بەکارهاتووە. لە سەردەمی ئێستاش ئەم زاراوەیە تەنیا بۆ ئەو کوردانە بەکاردەهێنرێت، کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن بەر دەوڵەتی عێراق کەوتون، لە دیاریکردنی سنووری نێوان ئێران و عوسمانیەکان لە ساڵی ١٩٠٥. بەڵام دانیشتوانی خانەقین و مەندەلی کە کوردی گەرمەسێرن، ئەم زاراوەیە بۆ ناساندنی خۆیان بەکارناهێنن.
هەندێک لە توێژەران بڕوایان وایە کە بنچینەی زاراوەی فەیلی، لە ناوی پاشای ئیلامی (بیلی) هاتووە، کە بنەماڵەی دەوڵەتی (ئیلامیان) لە ساڵی (٢٦٧٠ پ.ز) دامەزراندووە. ناوی (بیلی) بە درێژایی ڕؤژگار گۆڕاوە بۆ (فەیلی)، بە گۆڕانی بڕگەی (با) بۆ (فا)، هەروەک گۆڕانی ناوی (بارس) بۆ (فارس)ی ئێستا.
(بهلە) وەک ڕووبەرێکی جوگرافیایی بۆ یەکەمجار، کە لە سەرچاوە عەرەبییە ئیسلامیەکاندا هاتووە، لە سەدەی دەیەمی زایینی لە کتێبی (مختصر تاریخ البلدان)ی (ابن فقیە الهمدانی)، ئاماژەی پێكراوە، ئەم ناوچانە دەگرێتەوە (هەمەدان، ماسین (ئیلام)، سمرە (درشهر)، ماه البصرە (نهاوند)، ماه الکوفە (دینور)و کرمانشاه). ابن ندیم لە کتێبی (الفهرست) هەر ئەو شارانە باس دەکات کە سەر بە (فهلە)ن، هەر وەک تەبەری لە کتێبی (تاریخ الرسل و الملوک) کەوا (فهلو) خەڵکی هەرێمی چیاکانن. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کوردە فەیلییەکان دانیشتوانی ئەوپەڕی باشووری کوردستانن. ئەم ناوچانەش تانها (پشتکۆ) و (پێشکۆ) دەگرێتەوە. ناوی (لوڕ) بەو هۆزانە دەوترێت کە لە بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نیشتەجێن و بە هەموو لوڕەکانی دانیشتوانی عێراق دەوترێت (فەیلی).