کۆنترین هێڵی ئاسنینی ژێر زەوی لەکوێیە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-03-04:03:00 - کۆدی بابەت: 2874
کۆنترین هێڵی ئاسنینی ژێر زەوی لەکوێیە؟

ناوه‌ڕۆك

کۆنترین هێڵی ئاسن لە ژێر زەویدا

ئەمڕۆ لە سەرانسەری دونیادا هێڵی ئاسنی زۆر گەورە هەیە. کە ڕۆژانە بە بەردەوامی شەمەندەنەفەر بەسەریدا دەڕوات و ڕۆژانە بە ڕێژەیەکی زۆر کەلوپەل و خەڵکی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوێزنەوە. هەروەها زۆر لە وڵاتانی دونیا ئەمڕۆ هێڵی ئاسنیان لە ژێر زەویدا هەیە.

ئایا دەزانیت کۆنترین هێڵی ئاسنی ژێر زەوی لە دونیادا کامە بووە؟

یەکەمین هێڵی ئاسنی ژێر زەوی لە جیهاندا لە لەندەندا دروست کرا. دوای نەخشەکێشان بە  تەنیشتی جادەکاندا خەندەقێکی گەورە هەڵکەنرا و هێڵە ئاسنەکانی تیادا دانرا، دوای ئەوە جارێکی تر سەری گیرایەوە. بۆ ئەوەی جادەی لەسەر دروست دەکرێت و تونێلی هێڵی ئاسنیشی لە ژێریدا بێت. ئەم شێوازەش لە هەڵکەندنی تونێلدا پێی وتراوە (هەڵکەندن و داپۆشین).
درێژی ئەم میترۆیەی لەندەن کە چوار میل بوو. لە وێستگەی بادینگۆتەوە دەستی پێدەکرد بۆ جادی فرینگدۆن لە شآری لەندەن و ڕۆژی ١٠-کانونی دووەم- ١٨٦٣ دا کرایەوە. ئەو شەمەندەنەفەرانەش لەو هێڵەدا بوون بە هەڵم ئیشیان دەکرد و ئەو دوكەڵەش لێیانەوە دەردەچون لە ناو تونێلەکەدا دەمایەوە.
ئەمەش وای کرد ڕۆیشتن پێیدا زۆر ناخۆش بێت. ڕۆژانە نزیکەی سی هەزار کەسێک بەم تونێلەدا گوزەریان دەکرد. لەبەر ئەوەی ئەم تونێلە کۆنترین هێڵی ئاسنی ژێر زەوی بوو لە هەموو جیهاندا. بۆیە بوو بە مایەی وروژاندنی زۆر لە شتەکان.
دوای ماوەیەک بەشی تازەترە لەم میترۆیەدا کرانەوە. لە ساڵی ١٨٩٠ دا میترۆیەکی قوڵتریان لە لەندەندا هەڵکەند بۆ ئەو شەمەندەنەفەرانەی بە کارەبا ئیشیان دەکرد. بەڵام ئەم شەمەندەنەفەرانە پەنجەرەیان نەبوو. چونکە بە پێویست نەزانرا پەنجەرەی بۆ دروست بکەن لەبەر ئەوەی بە ناو تونێلدا دەڕۆیشت. قوڵترین خاڵی ئەم میترۆیە کە ٦٧،٨ مەتر بوو لە نزیکی هاستدەوە بوو. تا ساڵی ١٩٧٩ نزیکەی ٥٠٠ شەمەندەنەفەر لەم هێڵەدا ئیشیان دەکرد و ساڵانەی نزیکەی ٥٩٤٠٠٠٠٠٠ کەسیان دەگواستەوە.
درێژترین ماوە لە نێوان ئەو دوو وێستگەیەدا لەسەر ئەو هێڵە لە (ئیبنیگ)ەوە تا (ڕویز لیب)ـە کە ٥٤،٨ کیلۆمەترە.
وڵاتانی تریش هێڵی ئاسنیان هەیە لە ژێر زەویدا. میترۆی شاری پاریس لە ساڵی ١٩٠٠ دا کراوەتەوە. یەکەمین میترۆش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە شاری بۆستن لە نێوان ساڵانی ١٨٩٥ و ١٨٩٧ دا کرایەوە.
شاری نیویۆرکیش یەکەمین میترۆی لە ساڵی ١٩٠٤ دا کردەوە کە گەورەترین میترۆیە لە جیهاندا. مۆسکۆش یەکەمین میترۆی لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا دروست کرد. لە کەنەداشدا تۆرنتۆ یەکەمین میترۆی خۆی لە ساڵی ١٩٥٤ دا کردەوە. بەڵام تۆکیۆی یابان لە ساڵی ١٩٢٧ دا بوو. شاری کەلکەتای هیندیش ساڵی ١٩٧٥ یەکەمین میترۆی خۆی هەڵکەند بە درێژی ١٦ کیلۆمەتر.
کرداری میترۆ دروست کردن کارێکی زۆر سەخت و گرانە، بە تەنیشتی شەقامە گشتییەکاندا هەڵدەکەنرێت، بریتییە لە خەندەقێکی قوڵ کە هێڵە ئاسنەکەی تێدەخرێت. دیوارەکەشی لە خشت دروست دەکرێت و سەرەکەشی بە پۆڵایەکی زۆر بەهێز دادەپۆشرێت. بە جۆریک کە شەمەندەفەرەکان بە ژێریدا و ئۆتۆمبێلەکان بە سەریدا بڕۆن.


سەرچاوەکان



482 بینین