ئاشلازیا چییە؟
بە تێکچوونی حەرەکەتی ئاسایی ماسولکەی سافی قوریژنک کە دەبێتە هۆی ڕۆنەچوونی خواردەمەنی بەرەو گەدە، هەروەها نەکرانەوەی تەسکیی خوارەوەی قوریژنک (بازنەیەک لە ماسولکە لە نێوان قوریژنک و گەدەدا)، ئاشلازیای پێدەوترێت.
هۆکارەکانی ئاشلازیا چین؟
هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشییە نەناسراون. بەڵام لەوەدەچێ فاکتەرگەلی چڵکی، زگماکیی، یان دەزگای بەرگری جەستە بەو چەشنە کە بەجێی بەرگری مرۆڤ بە شێوەیەکی نائاسایی هێش بباتە سەر جەستەی ئەو کەسە و کاری عەسەبەکان و ماسولکەی قوریژنک تێکدات، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێ لە پێکهێنانی ئەم نەخۆشییە بە تایبەتی لە شێواندنی ئەرکی ڕێک و پێک خستنی حەرەکەی شەپۆل ئاسای ماسولکەکان لە لایەن دەمار (عەسەب)ـەکانیەوە. حەرەکەتی شەپۆلی ماسولکەکان بەهۆی حەرەکەتی پاروی خواردراو لە سەرەوەی قوریژنک بەرەو گەدەیە.
نیشانەکانی ئاشلازیا کامانەن؟
- دژواری لە خواردن و خواردنەوەدا
- گەرانەوەی خۆراکی هەزم نەکراو بەرەو دەم
- کۆخین بەهۆی گەڕانەوە و کەوتنی خۆراکی هەزم نەکراوی ناو قوریژنک بۆ ناو سییەکان
- سنگ ئێشە
- دڵەکزە
ئاڵۆزییەکانی ئەم نەخۆشییە کامانەن؟
- دابەزینی نائاسایی کێش
- سەتلوجەم (هەوکردنی سییەکان وەک ئاکامی کەوتنی خۆراکی هەزم نەکراوی ناو قوریژنک بۆ ناو سییەکان)
- چوونە سەرەوەی مەترسیی شێرپەنجەی قوریژنک
دکتۆر بۆ دیاری کردنی ئەم نەخۆشییە چی دەکات؟
بۆ دیاری کردنی ئەم نەخۆشییە دکتۆر دوای تێڕوانینی جەستە، لە وێنە گرتن لە کاتی خواردنەوەی باریۆم، مانۆمێتری قوریژنک بۆ دیاری کردنی ڕآدەی شێوانی کاری ماسولکەی قوریژنک و گاترۆئندسکۆپیی کەڵک وەردەگری.
ئەم نەخۆشییە چۆن چارە دەکرێت؟
بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە، لە دەرمان، ئاوەڵاکردنەوەی تەسکایی خوارەوەی قوریژنک بە یارمەتی باڵۆن، بڕین و جۆێکردنەوەی ماسولکەی قوریژنک، لێدانی سەمی بۆتۆلیۆم لە ماسولکەی تەسکایی خوارەوەی قوریژنک بۆ خاوکردنەوەی ئەو ماسولکەیە کەڵک وەردەگیرێت.