گواستنەوە لە بازرگانیدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-02:57:00 - کۆدی بابەت: 3700
گواستنەوە لە بازرگانیدا
ئابووری

چەمكی بازرگانی و گواستنەوە

بازرگانی و گواستنەوە دوو پیشەی تەواوکەری بەرهەمهێنانن، چونکە هەر کەرەستەیەکی بەرهەمهێنراو تاکوو نەگوێزرێتەوە بۆ بەکاربەران یان هیچ نەبێ بۆ بازاڕ نرخی ئابووری نابێ. لە سەرەتاوە بازرگانی لە سنوورێکی تەسکدا و لە ناو ئەو کۆمەڵانەدا بڵاوبووەوە کە بە ئاژەڵ بەخێوکردن و کشتوکاڵەوە خەریک بوون، چونکە کۆمەڵگای ڕاو و خۆراک کۆکەرەوە بە جۆرێک دەژیان پییان دەوترا بژێوی (خۆبەخش) هەروەک چۆن کۆمەڵگە سەرەتاییەكان هەتا ئێستا پێی دەژین.

لە سەرەتادا بازرگانیی تەنیا جۆرێک بوو لە کەرەستەی ئاڵوگۆڕکردن و پێیان دەوت ڕژێمی شت گۆڕینەوە، زۆربەی کاتیش ئەم شت گۆڕینەوە لە سنوورێکی تەسکی ناوخۆییدا دەکرا، بەڵام دوای پەیدابوونی قەوارە ڕامیارییەکان بە تایبەتی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئاڵوگۆڕکردنی شمەک لە ڕابردوودا لە ناو خۆیاندا زیادی کرد بە تایبەتی دوای سکەلێدان و دەرچوونی پارە و زۆربوونی چڕی هۆی گواستنەوە و شێوە جۆربەجۆرەکانی. ئەم یاسایەش بە ئابووری ئاڵوگۆڕکردن ناسراوە. زۆربەی دەوڵەتانی جیهان سەبارەت بە بەرهەمهێنان و بەکاربردن و گواستنەوە ڕژێمی تایبەتییان بۆ خیان دانا تا لە دەوڵەتانی تردا جودا بن. ئێستا زۆربەی دەوڵەتانی جیهان دەیانەوێ پارێگاری ڕژێمی ئابووری سەربەخۆ و جودای خۆیان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش گەلێک یاسای گومرگی و قەدەغەکار و سەودا و مامەڵە نەکردنیان داناوە، وەکو ڕامیاری (دەرگای داخراو) کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم هەندێک دەوڵەتان پەیڕەویان کرد، گەرچی گەلانی چآخە کۆنەکان وەک بابلی و فینیقی و گریک و ڕۆمانی جموجۆڵێکی بازرگانی فراوانیان هەبوو.

ئەو دۆزینەوە جوگرافیانەی کە لە کۆتایی سەدەی بانزەهەم و سەرەتای سەدەی شازدەهەم هاتنە کایەوە گوژمێکی نوێیان دا بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سنووری ئەم بابەتەیان فراوانتر کرد، چونکە جیهانێکی نوێ دۆزرایەوە زەریای ئەتڵەسی کرد بە زەریایەکی ناوەندی، گواستنەوەی دەریایی پڕتر بوو. هەروەها بازرگانی کۆیلە و فراوانبوونی دەسەڵاتی داگیرکاری دوو دیاردەی سەرەکی بوون کە شان بە شانی پەیدابوونی ئەو گەلانەی بە بازرگانییەوە خەریکبوون وەک پورتوگالی و ئیسپانی و هۆڵەندی و ئینگلیزی، کە وزە و توانای مرۆڤ و بەروبوومەکانی گۆڕەپانی. گشت ئەفریقایان بۆ خۆیان ڕادەکێشا، ئەو شۆڕشە پیشەسازییەی لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم (١٧٦٠)ـدا ڕوی دا کاریگەرێتی زۆری هەبوو بۆ سەر فراوانبوونی بازرگانی. بۆ نموونە (جیمس وات) توانی سوود لە (هەڵم) وەربگرێت بۆ هەڵسوڕاندنی ئامێرەکان و زۆری نەبرد ئەم کارە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە بۆ هۆیەکانی گواستنەوەی دەریایی و زەمینی بەکارهێنرا، بەم پێیە توانای قورسی هەڵگرتن و خێرایی ڕۆیشن و هۆیەکانی گواستنەوە زیادی کرد و داهێنراوە نوێێەکانیش بە تایبەتی دەستگرتنی مرۆڤ بەسەر پاراستنی پلەی گەرمی لە سایلۆ گەورەکاندا یان هێنانە کایەی شێوەکانی گورج و گۆڵکردنی گواستنەوە توانیان بەسەر ئەو کۆسپانەدا زاڵ ببن کە دەهاتنە ڕێگەی و ئەمەش قەوارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادی کرد.


سەرچاوەکان



2586 بینین