ڕەکعەتەکانی نوێژەکان
هەموو ڕەکعەتەکانی نوێژە واجبەکان، حەڤدە ڕەکعەتن لە شەو و ڕۆژێکدا، واتە: نوێژی نیوەڕۆ چوار ڕەکعەتە، عەسر چوار ڕەکعەتە، مەغریب سێ ڕەکعەتە، عیشا چوار ڕەکعەتە، سبەینە دوو ڕەکعەتە، بەڵام ئەگەر هەینی بوو، ئەبنەوە پانزە ڕەکعەت، وە ئەگەر لە سەفەر بوو، ئەبنەوە یازدە
(عن عائشة رضي الله عنها: أول ما فرضت الصلاة ركعتين الى المغرب فانها وتر النهار) رواه الامام أحمد (ثم هاجر النبی ﷺ ففرضت أربعا وأقرت صلاة السفر علی أول) رواه البخاري، (عائشة) -خوا لێی ڕازی بێت- فەرموویەتی: یەکەمجار هەموو نوێژەکان دوو ڕەکعەتی بوون، بەڵام مەغریب سێ ڕەکعەت بوو، ئینجا پێغەمبەر ﷺ کۆچی کرد بۆ مەدینە، نوێژەکان -جگە لە مەغریب و بەیانی- بوونە چوار ڕەکعەتی، بەڵام لە سەفەردا هەروەک جاری پێشوو بە دوو ڕەکعەتی مانەوە.
لەو حەڤدە ڕەکعەتانەدا هەیە، سی و چوار سوجدە: چونکە هەر ڕەکعەتێک دوو سوجدەی تێدایە، واتە: دوو جاران حەڤدە = ئەکاتە سی و چوار.
نەوەد و چوار (الله أکبر)ـیان تێدایە: چونکە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و عیشا، هەریەکەیان بیست و دوو (الله أکبر)ـیان تێدایە، ئەوە شەست و شەش، بەیانی یازدەی تێدایە، مەغریب حەڤدەی تێدایە = ئەکاتە نەوەد و چوار.
نۆ تەحیاتیان تێدایە: نوێژی بەیانی یەک تەحیاتی تێدایە و، هەر یەکیکیش لە چوارەکانی تر دوو تەحیاتیان تێدایە.
دە سەلامدانەوەیان تیدایە: هەر یەکیک دوو سەلام، دەکاتە دە.
سەد و پەنجا و سێ تەسبیحاتیان تێدایە: چونکە هەر ڕەکعەتێک نۆ (سبحان ربي)ـی تێدایە، واتە: نۆ جاران حەڤدە = ئەکاتە سەد و پەنجا و سێ.
ژمارەی ڕوکنەکان بە کورتی لەو پێنج فەرزانەدا سەد و بیست و شەش ڕوکنن: لە نوێژی بەیانیدا سی ڕوکن هەنە، لە نوێژی مەغریبدا چل و دوو ڕوکن هەنە، لە هەر یەکیک لەو سێ نوێژانەی چوار ڕەکعەتین پەنجا و چوار ڕوکن هەنە.