کوردە کۆچەری و نیمچە کۆچەرییەکان
تا ئەم ساڵانەی دواییەش ژمارەیەک خێل و تیرە و بنەماڵەی کورد ساڵانە گەرمیان و کوێستان (واتە باکوور و باشوور)ـیان دەکرد و وێڵی دوای لەوەڕگا بوون، دەمەو پایزان لە هاوینگەکان (باکوور)ـەوە بە پەز و مەڕ و ماڵاتەوە دادەکشانە پێدەشتە گەرمەکان و ناوچە گەرمەسێرەکان و دەمەو بەهاریش لەگەڵ هەوا خۆشبوون بارگە و بنەیان تێک دەنا و بەرەو کوێستان و زۆزانەکان هەڵدەکشان لە بناری چیا سەرکەشەکان و لەقەد پاڵی زنجیرە شاخە بەرزەکاندا، دەیان لەوەڕگە و زۆرم و هەبوون کە بە درێژایی هاوین پڕ گیا و پووش پەڵاش و لەوەڕ بوون، هەر بۆ نموونە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هۆزی کیکانی لە زستاندا لە دەشتاییەکانی دەوروبەری موسڵدا ڕەشماڵی دەخست و وەرزی سەرما و سۆڵەی بەسەر دەبرد، بەهارانیش ڕووی دەکردە هەرێمی زۆزانی بەفر، شآنبەشانی سەدان خێل و تیرەی کۆچەری تردا هاوینی لە لەوڕگاکاندا دەگوزەراند، بە هەمان شێوە، خێڵی ڕەوەند (ڕەوادی) کۆچەریش کە لقێکی هۆزی مەزنی هەزبانییە، زستانانی لە دەشتی هەولێر و کەناری زێدا بەسەر دەبرد، هاوینیش لە هاوینگەکانی چیاکانی کێلە شین و دەورووبەریدا دەمایەوە.
لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە، میللەتی کورد وەک گشت میللەتانی تری جیهانی ئیسلامییەوە بەسەر لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە، بەسەر چەند خێڵ و عەشرەت دابەش دەبوو، بەڵام تەنها ناو و هەواڵی ژمارەیەکی کەمیان لە سەرچآوە مێژووییەکاندا هاتووە، هەریەکێک لەو هۆز و خێڵ و عەشیرەتانە لە ڕووی جل پۆشین و دابونەریتی کۆمەڵایەتیی و ئاخافتنەوە کەم تا زۆر لەوانی تر جیاواز بووە>
هۆزە ناسراوەكانی كوردستان
هۆزە ناسراو و دێرینەکانی کوردستان بریتین لە:
لە شارەزوور و گەرمیان: جەلالی (گەڵاڵی)، بەرزەکانی، شآزنجانی، گۆران (الجورقان)، باپیری لاوێنی.
لە خوارووی کوردستان: گاوانی (الجاوانیة) بە تیرە و خێڵەکانیانەوە: بەشیری، نەرگسیەت (النرجسیة)، زوهەیری، هەواری.
لە هەولێر و دەوروبەری: هەزبانی کە چەند خێڵ و تیرەی هەبوو تەنها دوانیان ئاشکران، ئەوانیش مارانی و رەوادی (رەوەندی)ـن.
لە هەرێمی جەزیرە: زەرزاری، گەردی (کەرتاوی)، سۆرانی، حەکەمی لە وڵاتی داسەن و ئاکری هەکاری، دامەنی، مەهرانی، روهزادی، یەعقوبی، حەمیدی، مازنجانی، کیکانی، دونبڵی، گۆران.
لە کوردستانی باکوور: بوختی (بۆتانی)، بەژنەوی، زۆرمی، چۆپی، ڕۆژەكی، قەیموری، کوردەکی، شێروانی، مەحموودی، پازۆکی.
لە هەرێمی لوڕستان و خوارووی هەرێمی چیا: خێڵەکانی هۆزی لوڕ، ڕۆژبەیانی، لەک، فەیلی، بەختیاری، مامسانی، ساکی، مامۆیی...