ئەو ئافرەتانەی حەرامن پیاو لە خۆیان مارە بکات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-03:07:00 - کۆدی بابەت: 4381
ئەو ئافرەتانەی حەرامن پیاو لە خۆیان مارە بکات
حوکمە شەرعییەکان

ئەو ئافرەتانەی حەرامن

ئەو ئافرەتانەی کە حەرامن پیاو لە خۆیان مارە بکا بە فەرموودەی خوای گەورە چواردە ئافرەتن:

خزمایەتی

حەوتیان لەوانە بە هۆی خزمایەتی نەژاد حەرامن، ئەو حەوتانە ئەمانەن:

یەکەم: دایکی خۆیەتی، هەرچەند بەرەو سەرەوەش بێ، وەکو دایکی دایک و دایکی باوک.
دووەم: کیژی خۆیەتی، هەرچەند بەرەو خواریش بێ، وەکو کیژی کوڕ و کیژی کچ... هتد.
سێیەم: خوشکی خۆیەتی، جا لە دایک و باوک بێ، یان تەنها لە باوکی بێ یان تەنها لە دایکی بێ.
چوارەم: ئەو پوورەیە کە خوشکی دایکیەتی. یان خوشکی داپیریەتی، جا لە دایک و باوکی ‌بێ، یان لە دایکی یان لە باوکی بێ.
پێنجەم: ئەو پوورەیە کە خوشکی باوکی خۆیەتی، یان خوشکی باپیرەیەتی، جا لە باوک و دایکی بێ، یان لە دایکی بێ، یان لە باوکی بێ.
شەشەم: کیژی برای خۆی، بەو شێوەیەی گوتمان.
حەوتەم: کیژی خوشکی خۆی بەو شێوەی گوتمان. خوای گەورە فەرموویەتی: (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ أُمَّهَاتُكُمْ وَبَنَاتُكُمْ وَأَخَوَاتُكُمْ وَعَمَّاتُكُمْ وَخَالَاتُكُمْ وَبَنَاتُ الْأَخِ وَبَنَاتُ الْأُخْتِ).

شیرخواردن

دوو ئافرەتی تریش حەرامن بە هۆی شیرخواردن: 

یەکەمیان: دایکی شیرییە، واتە: ئەو ئافرەتەی شیری داویێ.
دووەمیان: خوشکی شیرییە، واتە: ئەو ئافرەتەی لە دایکی ئەو شیری خواردووە، یان ئەو لە دایکی تۆ شیری خواردووە، یان هەردووکتان لە ئافرەتێک شیرتان خواردبێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَأُمَّهَاتُكُمُ اللَّاتِي أَرْضَعْنَكُمْ وَأَخَوَاتُكُم مِّنَ الرَّضَاعَةِ) واتە: دایکی شیری و خوشکی شیری لێتان حەرامن.

خزمی دووەمی

چوار ئافرەتی تریش حەرامن بە هۆی زاوا و خەزورایەتی، ئەوانە:

یەکەمیان: دایکی ژنی خۆیەتی، هەرچەند بەرەو سەرەوەش بێ، وەک دایکی دایکی ژنەکەی، یان دایک و باوکی ژنەکەی، جا بزانە: بە تەنها مارەبڕین دایک و داپیرەی ژنەکەی لێ حەرام ئەبن، واتە: هەر چەند جیماعیشی لەگەڵ ژنەکەی نەکردبێ.

دووەمیان: کیژی ژنی خۆیەتی، هەرچەند بەرەو خواریش بێ، وەک کیژی کیژی ژنەکەی، یان کیژی کوڕی ژنەکەی، وە جیاوازی نییە ئەو کیژ و کوڕانەی ژنەکە لە مێردێکی تری پێش خۆی، یان دوای خۆی بن بەو مەرجە کیژەکەی لێ حەرام ئەبێ ئەگەر جیماعی لەگەڵ دایکی کیژەکە کردبێ، واتە: بە تەنها مارەبڕین کیژەکە حەرام نابێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَأُمَّهَاتُ نِسَائِكُمْ وَرَبَائِبُكُمُ اللَّاتِي فِي حُجُورِكُمْ مِنْ نِسَائِكُمُ اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بهن) دایکەکانی ژنەکانتان لێ حەرامن، هەروەها کیژەکانی ژنەکانیشتان لێ حەرامن، ئەو جۆرە ژنانەی جیماعتان لەگەڵ کردون.

سێیەمیان: ژنی باوکی خۆیەتی، هەرچەند بەرەو سەرەوەش بێ، وەکو ژنی باوکی باوکی، یان ژنی باوکی دایکی، خوای گەروە فەرموویەتی: (وَلَا تَنكِحُوا مَا نَكَحَ آبَاؤُكُم) ئەو ئافرەتانە مارە مەکەن کە باوکتان مارەیان کردون.

جا بزانە: باوک و باپیرە جیماعیان لەگەڵ ژنەکانیان کردبێ، یان نا، هەر حەرامن.

چوارەمیان: ژنی کوڕی خۆیەتی، هەرچەند بەرەو خوارەوەش بێ، وەکو ژنی کوڕی کوڕ، یان ژنی کوڕی کیژ، جا هەرچەند کوڕەکە جیماعیشی لەگەڵ ژنەکەی نەکردبێ، هەر حەرامە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَحَلَائِلُ أَبْنَائِكُمُ الَّذِينَ مِنْ أَصْلَابِكُمْ) ژنی ئەو کوڕانەی لە پشتی خۆتانن لێتان حەرامن.

ئەوانەی باسمان کردن بە یەکجاری حەرامن و تەماشاکردنیان دروستە و دەستنوێژیشیان لێ ناشکێ.

جا بزانە: هەر کەسێک بە هەڵە جیماعی لەگەڵ ئافرەتێک كرد، واتە: وای تێگەیشتبوو ژنی خۆیەتی و نەیزانی بێگانەیە، ئەو ئافرەتەش لە باوک و لە کوڕی پیاوەکە حەرام ئەبێ بە یەکجاری، دایک و کیژی ئافرەتەکەش لە پیاوەکە حەرام ئەبن بە یەکجاری، بەڵام نابنە مەحرەم، واتە: تەماشاکردنیان حەرامە و دەستنوێژیشیان لێ ئەشکێ.

ئافرەتێکی تریش حەرامە بە هۆی کۆکردنەوە لەگەڵ یەکێک دیکەدا، ئەمەش خوشکی ژنی خۆیەتی، واتە: تا ژنەکەی لە ژێر مارەییدا بێ، نابێ خوشکەکەی مارە بکا، خوای گەورە فەرموویەتی: ( وَأَنْ تَجْمَعُوا بَيْنَ الْأُخْتَيْنِ إِلَّا مَا قَدْ سَلَفَ) حەرامە دوو خوشک لە ژێر یەک مارەییدا کۆ بکەنەوە.

هەروەها حەرامە کۆبکرێتەوە لە ژێر مارەیی پیاوێکدا: ئافرەتێک و خوشکی دایکی ئافرەتەکە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: لا یجمع بین المرأة وعمتها ولا بین المرأة وخالتها) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دروست نییە لەژێر مارەیی پیاوێکدا ئافرەت و پووری ئافرەتەکە کۆبکرێنەوە، جا خوشکی باوکی بێ، یان خوشکی دایکی بێ.

(ئاگاداری): هەر کاتێک ژنەکەی مرد یان تەڵاقی دا، دروستە خوشکی ژنەکەی، یان پووری ژنەکەی لە خۆی مارە بکا، کەواتە: خوشکی ژن و پووری ژن تەماشاکردنیان حەرامە و دەستنوێژیان لێ ئەشکێ.

حەرامە بە هۆی شیرخواردن ئەو جۆرە ئافرەتانەی لە خزمایەتی حەرام بوون (عن عائشة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: یحرم من الرضاعة ما یحرم من الولادة) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر ئافرەتێک بە هۆی خزمایەتی حەرامە، بە هۆی شیریش حەرامە.

 

دروستە مێرد مارەبڕینەکە هەڵبووەشێنێتەوە بە پێنج جۆرە کەم و کوڕی لە ژنەکەیدا: بەهۆی شێتی و بە هۆی گڕوویی و بەهۆی بەڵەکی و بەهۆی گیرانی شوێنی جیماع بە زێدەگۆشت و بە هۆی گیرانی بە ئێسقان.


سەرچاوەکان



317 بینین