دروست کردنی موگناتیس بە کارەبا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-13-05:26:00 - کۆدی بابەت: 4465
دروست کردنی موگناتیس بە کارەبا
فیزیا

دروست کردنی موگناتیس بە کارەبا

فیزیازانی دانیمارکی هانس کریستیان ئۆرستد ساڵی ١٨٢٠ز پەیوەندی نێوان کارەبا و موگناتیسی دۆزییەوە، ئەمەش  لە کاتێکدا وانەیەکی لە تاقیگەدا دەوتەوە قیبلەنماکەی کە  نزیک تەلێک دانابوو کە تەزووی کارەبایی پیاتێپەڕ دەبوو سەیریکرد دەرزییە موگناتیسیەکەی قیبلەنماکە ڕووناکاتە باکوور لە کاتێکدا نزیک بە تەلەکە دابنرێت ئەمە بە لای ئۆرستدەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو کە بینی دەرزییەکە ئاڕاستەی باکوور و باشووری خۆی وەرنەگرتووە، ئۆرستد گەلێک تاقیکردنەوەی تری ئەنجام دا لەسەر قیبلەنما و تەلی کارەبا کە تەزووت کارەبای پێدا تێپەڕ دەبێت.

ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئۆرستد

  • ئەگەر هیچ تەزوویەک بە تەلەکەدا تێپەڕ نەکرێت ئەوا ئاڕاستەی دەرزییەکانی قیبلەنماکان بە هەمان ئاڕاستە دەبن.
  • کاتێک تەزوو بەو ئاڕاستەی پێچەوانەی میلی کاتژمێر بڕوات ئەوا دەرزییەکان بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر لادەدەن.
  • ئەگەر تەزووەکە پێچەوانە بکرێتەوە وەک میلی کاتژمێر بڕوات ئەوا دەرزیەکان بە پێچەوانەی ئاڕاستەی میلی کاتژمێر لادەدەن.

زانا ئۆرستد لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانییەوە بۆی دەرکەوت کە ئەگەر تەزووی کارەبا بە گەیەنەرێکدا تێپەڕ ببێت ئەوا بوارێکی موگناتیسی بە دەوری ئەو گەیەنەرەدا دروست دەبێت و ئاڕاستەی بوارەکەش دەوەستێتە سەر ئاڕاستەی تەزووەکە، کاتێک زانای فەڕەنسی (ئەمپێر) باسەکەی ئۆرستدی بیست هەندێک تاقیکردنەوەی زۆر تری لەسەر کارەبا و موگناتیسی ئەنجام دا ئیشەکانی ئەم دوو زانەیە یەکەم توێژینەوەبوو لە بوارێکی کارۆمۆگناتیسیدا، کارۆموگناتیسی بریتییە لە کارلەیەککردنی کارەبا و موگناتیس.

بەکارهێنانی کارۆموگناتیسی 

ئەو بوارە موگناتیسیەی دروست دەبێت لە ئەنجامی تێپەڕکردنی تەزووی کارەبا بە تەلێکدا دەتوانێت ئاڕاستەی دەرزییەکی موگناتیسی بگۆڕێت، بەڵام ئەم بوارە توندییەکەی زۆر نییە تا بتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت، دەتوانرێت توندی ئەو بوارە موگناتیسیە بەهێز بکرێت بەهۆی تێپەڕکردنی تەزووی کارەبا بە ناو کۆیلی لوولەییدا یان بە ناو موگناتیسی کارەباییدا، بەبەکارهێنانی ئەم دووانە دەتوانرێت سوود لە کارۆموگناتیسی وەربگرێت.

کۆیلە لوولەییەکان

ئەو بوارە موگناتیسیەی بە هۆی یەک پێچەوە دروست دەبێت زۆر لاوازە بەڵام لە ئەنجامی بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە پێچەکان بۆ دروستکردنی کۆیلێک ئەوا هەموو بوارە موگناتیسیەکانی پێچەکان یەک دەگرن و بوارێکی موگناتیسی بەهێز دروست دەکات.

کۆیلی لوولەیی تەلێکە پێچراوە لە شێوەی سپرینگدا بواری موگناتیسی دروست دەکات کاتێک کە تەزووی کارەبای پێدا تێپەڕدەبێت لە ڕاستیدا ئەو بوارە موگناتیسیەی کۆیلێک دروستی دەکات لە شێوەی ئەو بوارە موگناتیسیەدایە کە توڵە موگناتیسێک دروستی دەکات. توندی بواری موگناتیسی پەیدابوو زیاد دەبێت بە زیاد بوونی ژمارەی پێچەکانی کۆیلەکە ئەگەر درێژییەکەی نەگۆرێت وە ئەو بوارەش زیاتر بەهێز دەبێت تا توندی ئەو تەزووەی بە کۆیلەکەدا تێپەڕ دەبێت یان زیاتر بکرێت.

موگناتیسی کارەبا

موگناتیسی کارەبا  پێکهاتووە لە کۆلێکی هەڵپێچراو بە دەوری ناوکێکی ئاسندا، ئەو بوارە موگناتیسیەی دروست دەبێت وادەکات دۆمێنەکانی ناووکەکە بە یەک ئاڕاستە ڕێک بخات بۆیە بواری موگناتیسی موگناتیسێکی کارەبایی دەکاتە کۆی بواری موگناتیسی کۆیلەکە و بواری موگناتیسی ناووکە ئاسنیە بە موگناتیس کراوەکەی. لە ئەنجامدا لەوانەیە بواری موگناتیسی موگناتیسێکی کارەبایی بە سەدان جار بەهێزتربێت لە بواری موگناتیسی کۆیلێکی بە تەنها دەتوانرێت توندی بواری موگناتیسی موگناتیسی کارەبا بەهێز بکرێت بە زیادکردنی ژمارەی پێچەکانی کۆیلەکە ئەگەر درێژییەکەی نەگۆرێت و بە زیادکردنی توندی ئەو تەزوویەی بە کۆیلەکەدا تێپەڕ دەکرێت هەندێک موگناتیسی کارەبا ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانێت ئۆتۆمبێلێک بەرز بکاتەوە وە یان شەمەندەفەر بەسەر هەوادا بخات بە هۆی ئەو موگناتیسە بەهێزانەی لە عەرەبانەکانیدا دادەنرێت، کە هێزی دوورکەوتنەوە دروست دەکات لەگەڵ ئەو موگناتیسە کارەباییە بەهێزانەی کە لە سەر ڕێگا ئاسنینەکە چەسپ دەکرێن.

ئیش پێکردن و وەستاندنی موگناتیسی کارەبا

موگناتیس کارەبا گەلێک سوودی هەیە، چونکە دەتوانرێت ئیشی پێبکرێت یان بوەستێنرێت بە پێی پێویست. موگناتیسی کارەبا دەتوانێت ئەو تەنانە کێش بکات کە ئاسنی تێدایە تەنها لەو کاتەی کە تەزووی کارەبا بە کۆیلەکەی دا تێپەڕبکرێت، بەڵام کارناکات ئەگەر تەزوو بە کۆیلەکەدا تێپەڕ نەبێت.

بەجێهێنانەکانی کارۆموگناتیسی

کارۆموگناتیسی سوود بەخشە لە ژیانی ڕۆژانەماندا، موگناتیسی کارەبا بۆ بەرزکردنەوەی تەنە قورسەکانی ئاسن بەکاردەهێنرێت. نموونەی دیکە لەسەری ئەوەیە مۆتۆری کارەبایی، زەنگی دەرگاکان.

زەنگی کارەبا

زۆربەی زەنگە کارەباییەکانی دەرگا، کۆیلی لوولەیی تیا بەکارهاتووە لەگەڵ توڵێکی ئاسن لە ناویدا و سەرەکانی بە دەرەوەیە، بە هۆی سویچەوە دەست بەسەر ئەو تەزوە کارەباییەدا دەگیرێت کە بە کۆیلەکەدا تێپەڕ دەبێت، بەدەست پیانانی سویچەکە سووڕەکە دادەخرێت و تەزوو بە کۆیلەکەدا تێپەڕ دەبێت بە دەست لابردن سووڕەکە دەپچڕێت و تەزووەکە نامێنێت.

هێزی موگناتیسی و تەزووی کارەبا

تەزووی کارەبا وا دەکات دەرزی قیبلەنما بجوڵێت، کە موگناتیسێکی بچووکە، چونکە ئەو تەزووە کارەباییەی بە تەلێکدا تێپەڕ دەبێت بوارێکی موگناتیسی بە دەوریدا دروست دەکات ئەویش هێزێک دەخاتە سەر دەرزییە موگناتیسییەکە، وە ئەگەر تەزوو ببێتە هۆی جووڵانی موگناتیس، وە موگناتیس دەتوانێت گەیەنەرێت بجووڵێنێت،  ئەم سیفەتە بۆ مۆتۆرە کارەباییەکان بەسوودە.

مۆتۆری کارەبا

مۆتۆری کارەبا ئامێرێکە وزەی کارەبا دەگۆرێت بۆ وزەی میکانیکی لە هەموو مۆتۆڕێکی کارەبادا کویلێکی خولاوەی تێدایە، ئەم کۆیلە خولخۆرە لە نێوان دوو جەمسەری موگناتیسێکی هەمیشەیی وە یان کارەباییدا دادەنرێت،  لە مۆتۆری کارەبادا کە بە تەزووی نەگۆڕ کاردەکات، کاتێک سووڕی مۆتۆڕەکە دادەخرێت و تەزوو بە کۆیلەکەدا تێپەڕدەبێت بواری موگناتیسی موگناتیسەکە بەهێزێک کاردەکاتە سەر تەلی کۆیلەکە و دەیخۆلێنێتەوە  ئاڕاستەی تەزووەکە لە هەر نیو خولدا بە هۆی تەزوو گۆڕێکەوە پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ئەوەی کۆیلەکە بەردەوام بێت لە خولانەوەدا بە یەک ئاڕاستە.

گەلڤانۆمیتەر

گەلڤانۆمیتەر توندی تەزووی کارەبا دەپێوێت، دەزگای گەلڤانۆمیتەر هەندێک جار لە نێوان ئەو دەزگایانەدا هەیە کە کارەباچییەکان بەکاری دەهێنن وەک ڤۆڵتمیتەر و ئەمیتەر، گەلڤانۆمیتەر نیشاندەرێکی تیایە کە بە موگناتیسێکی کارەباییەوە بەستراوە دەتوانێت لە نێوان دوو جەمسەری موگناتیسێکی هەمیشەییدا بخوولێتەوە کاتێک کە تەزووی کارەبایی پێدا تێپەڕ دەبێت دوو جەمسەری موگناتیسە هەمیشەییەکە پاڵ بە دوو جەمسەری موگناتیسە کارەباییەکەوە دەنێت لە ئەنجامدا نیشاندەرەکە لەسەر شوێنێکی پلەکراو دەجوڵێت کە توندی تەزووی کارەباکە و ئاڕآستەکەی نیشان دەدات لەگەڵ ئاڕاستەکەی.


سەرچاوەکان



1876 بینین