پلەی کڵڤن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-24-16:00:00 - کۆدی بابەت: 10433
پلەی کڵڤن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پلەی گەرمی کڵڤن، کلڤن یان کێلڤن (بە عەرەبی: کلفن، بە ئینگلیزی: Kelvin) یەکێکە لە یەکە بنچینەییەکانی پێوانەکردن کە لە سیستمی نێودەوڵەتی یەکەکان SIU بۆ پێوانەی پلەی گەرمی دیاریکراوە و هێمای (K) بۆ دانراوە. یەکەی کڵڤن وەکوو یەکەکانی تری پێوانەی گەرمی خاڵی بەستن و کوڵاندنی ئاو فاکتەری سەرەکین لە دیاریکردنی مەودای پێوەرەکە، ١٠٠ پلە لەنێوان پلەکانی گەرمیدا هەیە، لە خاڵی بەستنی ئاودا پلەی کڵڤن یەکسانە بە ٢٧٣،١٦ کڵڤن، خاڵی کوڵاندنی ئاو لە پلەی کڵڤن یەکسانە بە ٣٧٣،١٦ کڵڤن، هیچ ژمارەیەکی نێگەتیڤ لە پێوانەی کڵڤن نییە و کەمترین ژمارە لە پێوانەی کڵڤن سفرە، هەروەها هیچ هێمایەک جگە لە پیتی K بۆ کڵڤن بەکارناهێنرێت. ناوی کڵڤن بۆ یەکەکە هەڵبژێردراوە چونکە بەناوی ئەو زانایەوە دانراوە کە دۆزییەوە.

مێژووی داهێنانی کڵڤن

بیرۆکەی پێوانەی کڵڤن دەگەڕێتەوە بۆ داهێنەری بەریتانی "بلفاست بۆرۆن" لەگەڵ زانا "ویلیام تۆمسۆن" کە بە "لۆرد کڵڤن" ناسراو بوو، "لۆرد کڵڤن" زانایەکی بیرکاری و فیزیاناسێکی ناوداری سەردەمی خۆی بووە، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە داهێنان و دۆزینەوەی یەکەی کڵڤن. لە ساڵی ١٨٠٠ دوای دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان قەبارەی گاز و پلەی گەرمی، زاناکان سەلماندیان کە قەبارەی گاز سفر دەبێت لە پلەی گەرمی سیلیزی ـ ٢٧٣،١٥.

لە ساڵی ١٨٤٨ "لۆرد کڵڤن" کاغەزێکی لەسەر گەرمی ڕەها یان ساردی ڕەها (سفری ڕەها) نووسی، کە تێیدا یەکەیەکی نوێی بەکارهێنا کە گریمانەی ئەوەی دانا سفر ئەو پلەی گەرمیەیە کە جووڵەی گەردیلەکان تێیدا دەوەستێت. ئەو سفری ڕەهای ژمارد و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە سفری ڕەها یەکسانە بە 273- پلەی سەدی. ئەم پێوەرە ڕەهایە ئەمڕۆ بە پێوەری کڵڤن ناسراوە، پێوانەی کڵڤن وەکوو بنەمایەک بۆ پێوانەی پلەی گەرمی ڕەها بەکارهێنرا.

یەکەی کڵڤن و گۆڕینی بۆ یەکەکانی تری پلەی گەرمی

گۆڕینی یەکەی کڵڤن بۆ یەکەی سیلیزی

پلەی کڵڤن= پلەی سیلیزی + 273.15

K = °C + 273.15

گۆڕینی یەکەی کڵڤن بۆ یەکەی فەهرەنهایت

پلەی کڵڤن = (پلەی فەهرەنهایت+ 459.67)/1.8

K = (°F + 459,67) / 1.8

بەکارهێنانەکانی یەکەی کڵڤن

یەکەی کڵڤن بە دەگمەن لە ژیانی گشتی ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام گرنگی و بایەخی خۆی هەیە لە بوارە زانستییە جیاوازەکان بە تایبەتی بوارەی زانستەکانی فیزیا و کیمیا، کڵڤن لە پێوانە زانستییەکاندا بەکاردەهێنرێت چونکە پێوانەی ڕادەی چالاکی گەردیلەیە لە ماددەدا، واتە لە سفر پلەی کڵڤن (سفری ڕەها) جووڵەی گەردیلەکان بە تەواوی دەوەستێت، واتا کڵڤن بە پێوەرێکی ڕەهای پلەی گەرمی دانراوە و لە سفرەوە دەست پێدەکانت و ژمارەی ژێر سفری نییە، بەو واتایەی ژمارەی نێگەتیڤی نییە، بۆیە بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرمی زۆر نزم و کەم بەکاردەهێنرێت چونکە ئەنجامەکەی زۆر ورد و تەواوە، بۆ نموونە بۆ پێوانەکردنی شلەی هیلیۆم و شلەی نایترۆجینی بەکاردەهێنرێت. یەکەی کڵڤن لە پۆلێن کردن و دیاریکردنی ڕەنگەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەها کڵڤن بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرمی کرۆماتیکی سەرچاوەکانی ڕووناکی. هاوكات لە پێوانەکانی بابەتەکانی پەیوەست گەردوونناسی پلەی کڵڤن بەکاردەهێنرێت.

سفری ڕەها چییە؟

زۆرجار یەکەی کڵڤن بە سفری ڕەها (kelvin 0) دەناسرێت، سفری ڕەها لە سروشتدا نزمترین پلەی گەرمییە و ئەو پلەیە کە تێیدا جووڵەی گەردیلەکان دەوەستێت. لەڕووی زانستییەوە بەهیچ شێوەیەکی کرداری ناتوانرێت بگەینە پلەی سفری ڕەها، بەڵکوو تەنها دەتوانرێت لێی نزیک بێتەوە، واتا لە تاقیکردنەوەکاندا ژمارەیەکی نزیک لە پلەی سفری ڕەها وەردەگیرێت و بەدەست دەهێنرێت.


سەرچاوەکان



517 بینین