سزای شەرابخۆر لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-13-06:05:00 - کۆدی بابەت: 4471
سزای شەرابخۆر لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

سزای شەرابخۆر

ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت

مەبەست بەو شەرابەی کە حەرامە سزای هەیە ئەوەیە کە پێی سەرخۆش ببێ (عن عمر -رضي الله عنه- قال: نزل تحریم الخمر وهي من خمسة: من العنب، والتمر، والعسل، والحنطة، والشعیر. والخمر ما خامر العقل) رواه الشیخان، ئیمامی (عمر) فەرمووی کاتێ شەراب حەرام کرا، لەو پێنج شتانە دروست ئەکرا لە ترێ و خورما و هەنگوین و گەنم و جۆ، وە شەرابی حەرام ئەوەیە سەرخۆش بکا.

جیاوازی لە نێوان کەم و زۆر نییە (عن جابر -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: ما أسکر کثیرة فقلیله حرام) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی هەر شەرابێک زۆرەکەی سەخۆش بکا، کەمەکەیشی هەر حەرامە، هەر چەند سەرخۆشیش نەکا دروست نییە هیچ جۆرە شەرابێک دروست نییە بە قسەی هیچ کەسێک بۆ دەرمان بەکار بهێندرێ (عن طارق الجعفی -رضي الله عنه-: أنه سأل النبی ﷺ عن الخمر یصنعها للدواء؟ فقال: إنها لیست بدواء ولکنها داء) رواه مسلم، (تاریقی جوعفی) پرسیاری لە پێغەمبەر ﷺ کرد ڕێگای بدا شەراب بۆ دەرمان بەکاربهێنێ پێغەمبەریش ﷺ ڕێگای نەدا و فەرمووی شەراب دەرمان نییە بەڵکو دەردە.

هەر موسوڵمانێک ئەو شەرابە بخواتەوە کە لە ترێ دروست کراوە یان هەر شەرابێکی تر بخواتەوە کە سەرخۆشی بکا، جا لە هەر شتێکی تر دروست کرابێ ئەبێ سزا بدرێ و چل شوڕکەداری لێبدرێ بەڵام بۆ کاربەدەست دروستە سزای شەرابخۆر بگەینێتە هەشتا دار بەناوی تەمبێکردن، واتە چلێک سزایە و چلی تر تەمبێکردنە (عن علي -رضي الله عنه- فی شارب الخمر: جلد النبی ﷺ أربعین، وجلد أبوبکر أربعین، وجلد عمر ثمانین، وکل سنة وهذا أحب إلي) رواه مسلم، ئیمامی علی فەرمووی پێغەمبەر ﷺ چل داری لە شەرابخۆر داوە، ئیمامی أبوبکریش چل داری لێداوە، ئیمامی عمر هەشتا داری لێداوە، هەردووکی هەر ڕێگای پێغەمبەرن ﷺ، من هەشتایەکەم پێ خۆشترە (باشترە).

شەرابخۆر سزای ئەکەوێتە سەر بەم مەرجانە

  1. دوو پیاو شاهیدی بدەن بڵێن شەرابی خواردووەتەوە.
  2.  خۆی بڵێ من شەرابم خواردۆتەوە.


نابێ مرۆڤ دارکاری بکرێ بەهۆی رشانەوە کە شەرابی لێبێتە دەرەوە، یان بە هۆی ئەوەی بۆنی شەرابی لێبێ منداڵ و شێت و کافر و ئەو کەسەی بە زۆرلێکردن شەرابیان دەرخوارد داوە و ئەو کەسەی نەیزانیوە شەرابە، ئەوانە هیچیان سزایان لەسەر نییە.

ئەو کەسەی دارکاری ئەکرێ جا لەبەر زیناکردن، یان بوختانکردن، یان شەرابخواردنەوە، دروست نییە شوڕکەدارەکانی لە دەم و چاو و شوێنە کوشندەکان بدرێن (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إذا ضرب أحدکم فلیتق الوجه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی هەر کاتێ یەکێک داری سزای لە یەکێک دا، با ئاگاداری بێ لە دەم و چاوی نەدا.


سەرچاوەکان



375 بینین