شیرخواردنی منداڵ لەلایەن کەسێکی ترەوە - رضاع

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-02:13:00 - کۆدی بابەت: 4475
شیرخواردنی منداڵ لەلایەن کەسێکی ترەوە - رضاع
حوکمە شەرعییەکان

باسی شیرخواردنی منداڵ (رضاع)

بزانە: مەبەست لەم شیرخواردنە شیری ئادەمیزادە، نەک شیری گیا و ئاژەڵ.

هەرکاتێک ئافرەتێک شیری خۆی دەرخواردی منداڵێک دا، ئەو منداڵە شیرەخۆرە ئەبێتە منداڵەشیری ئافرەتەکە، ئافرەتەکەیش ئەبێتە دایکەشیری منداڵەکە بە دوو مەرج:

یەکەم: ئەبێ تەمەنی منداڵەکە لە دوو ساڵان کەمتر بێ (عن أم سلمة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: لا یحرم من رضاع إلا ما فتق الأمعاء وکان قبل الفطام) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هیچ شیرخواردنێک حەرامی ناگەیەنێ جگە لەو شیرەی ئەگاتە ناو ڕیخۆڵەکان و بەهێزیان ئەکا، وە پێش تەواوبوونی دوو ساڵیش بێ.

دووەم: ئەبێ پێنج جار شیری بداتێ، بەڵام مەرج نییە بە تێری بێ، ئینجا بزانە: جیاوازی نییە منداڵەکە ئەو پێنج جارە لە مەمکی ژنەکە شیر بمژێ، یان لێی بدۆشرێ ئینجا بخرێتە ناو دەمی منداڵەکە.

ئەبی ئەو پێنج جارەیش لە یەک جیا جیا بن، کەواتە: ئەگەر منداڵەکە لە خۆشیان دەمی لە مەمکەکەی هەڵئەگرت و دووبارە ئەیگرتەوە، یان لەو مەمکە گواستیەوە بۆ مەمکەکەی تر، بۆ ئەوەی تێر ببێ، ئەوە هەر بە یەک جار ئەژمێردرێ.

(عن عائشة -رضي الله عنها-: کان فیما أنزل من القرآن (عشر رضعات معلومات یحرمن). ثم نسخن بخمس معلومات. فتوفی رسول الله ﷺ وهو فیما یتلی من القرآن) رواه مسلم، حەزرەتی (عائشة) -خوا لێی ڕازی بێ- فەرموویەتی: یەکەمجار ئایەتێک لە قورئاندابوو کە (دە جار شیرخواردن حەرامی ئەگەیەنن). دوایێ ئەوە ڕەش بۆوە بوو بە ئایەتێكی تر کە (پێنج جار شیرخواردن حەرامی ئەگەیەنن). ئینجا پێغەمبەر ﷺ وەفاتی کرد، ئەوە لەگەڵ قورئاندا ئەخوێندرایەوە. (مەبەستی ئەمەیە: بڕیاری پێنجەکە بەردەوامە و خوێندنەوەی لاچووە).

گۆڕانی پەیوەندییەكانی شیرەخۆرەكە

هەروەها مێردی ئافرەتە شیردەرەکە ئەبێتە باوکی منداڵە شیرخۆرەکە، کەوابوو: کوڕ و کیژی ئافرەتە شیردەرەکە و هی مێردەکەیشی ئەبنە خوشک و برای شیرخۆرەکە، هیچ جیاوازی گەورەتر و بچووکترەکان نییە.

هەروەها خوشک و برای ئافرەتەکە و هی مێردەکەیش ئەبنە پور و خاڵ و مامی شیرخۆرەکە، هەروەها دایک و باوکی ئافرەتەکە و هی مێردەکەیش ئەبنە داپیرە و باپیرەی شیرخۆرەکە، هەم ژنەکانی تری مێردەکەیش گشتی ئەبنە زڕ دایکی شیرخۆرەکە.

حەرامە لەسەر شیرخۆرەکە دایکە شیرییەکەی خۆی لە خۆی مارە بکا، وە ئەو ئافرەتانەیشی لێ حەرامن کە پەیوەندییان بە دایکە شیرییەکەوە، یان بە مێردەکەوە هەیە، جا بە هۆی خزمایەتی، یان بە هۆی شیر.

حەرامە لەسەر ئافرەتە شیردەرەکە شوو بە شیرخۆرەکە بکا، هەروەها حەرامە شوو بە کوڕەکانی شیرخۆرەکەش بکا، هەروەها حەرامە شوو بە مێردی شیرخۆرەکەیش بکا.

حەرامە مێردی ئافرەتە شیردەرەکەش شیرخۆرەکە و ژنی شیرخۆرەکە لە خۆی مارە بکا، چونکە ئەبنە کیژ و نەوە و ژنی کوڕی.

بەڵام ئەوانەی لە پلەی شیرخۆرەکەن، وەکو خوشك و برای شیرخۆرەکە، ئەوان حەرام نابن، جیاوازی نییە ئەو خوشک و برایانە لەخۆی ىچووکتر بن، یان گەورەتر بن، هەروەها ئەوانەی لە پلەی سەرەوەتر بن، وەک دایک و باوک و مام و خاڵ و پوری شیرخۆرەکە، ئەوانیش حەرام نابن.

هەر کاتێک ئافرەتێک شیری بداتە کوڕ و کچێک، کە لە کوڕەکە مارە کراوە، شیرەکەیش حەرامی ئەگەیاند، ئەو مارەبڕینە هەڵئەوەشێتەوە و بە یەکجاری لێک حەرام ئەبن، هەروەها ئەگەر دایکت شیری دایە ژنێکی تۆ - کە تەمەنی لە دوو ساڵ کەمتر بوو- ئەوە یەکسەر ئەبێتە خوشکت، یان ئەگەر ژنە گەورەکەت شیری دایە ئەو ژنە منداڵەیەت، بەمە مارەبڕینی هەردوکیان هەڵئەوەشێتەوە، چونکە بچووکەکە ئەبێتە کیژت، گەورەکەیش ئەبێتە دایکی ژنت.

شیرخوردنی منداڵ ئاشکرا ئەبێ بە شاهیدی دوو پیاو، یان بە شاهیدی پیاوێک و دوو ئافرەت، یان بە شاهیدی چوار ئافرەت، وە دروستە ئافرەتە شیردەرەکەیش یەکێک بێ لەو شاهیدانە بەو مەرجەی داوای کرێی شیرەکە نەکا.


سەرچاوەکان



285 بینین