چۆنیەتی دادکردن
نابێ (قازی) هیچ پرسیارێک لە داوالێکراو بکا تا داواکار کۆتایی بە داوایەکەی دێنێ، ئینجا بە داوالێکراوەکە دەڵێ: وەڵامی ئەم داواکارە بدەرەوە. جا ئەگەر داوالێکراو دانی بە مافی داواکاردا هێنا، ئەوە مافەکە ئاشکرا ئەبێ و ئەبێ بیداتەوە، پەشیمانبوونەوەش سوودی نییە (عن علی -کرم الله وجهه-: قال النبی ﷺ: إذا تقاضی إلیك رجلان فلا تقض للأول حتی تسمع کلام الآخر) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرموویە ئیمامی (علی): کاتێ دوو کەس دێنە لات بۆ دادکردن، بڕیار بۆ یەکەمیان مەدە تا وەڵامی دووەمیش ئەبیستی.
جا ئەگەر داوالێکراوەکە دانی بە مافی داواکارەکەدا نەدەهێنا، (قازی) بۆی هەیە بڵێتە داواکارەکە: ئایا شاهیدت هەیە؟ جا ئەگەر گوتی: شاهیدم هەیە بەڵام ئەمەوێ سوێندم بۆ بخوا، ئەوە دروستە، کەوابوو: نابێ (قازی) داوالێکراوەکە سوێند بدا تا داواکارەکە پێی دەڵێ: سوێندی بدە، ئینجا سوێندی ئەدا.
دروست نییە (قازی) هیچ بەڵگەیەک نە بە داواکار و نە بە داوالێکراو بڵێ، وە دروست نییە چۆنیەتی گفتوگۆشیان پێ بڵێ، بەڵکو ئەبێ بێ دەنگ بێ، جا ئەگەر لێیان تێ نەگەیشت، لێیان دووبارە ئەکاتەوە.