ئابووری خزمەتگوزاری - (service economy)
زۆربەی خەڵکی کاتێ پێیان دەڵێن واتای کرێکار پێناسە بکەن، پێناسەی کەسێک دەکەن کە دەستی دەستکێشی لە دەستە و کڵاوی کاری لەسەرە و ئاستی خوێندنی زۆر نزمە، لە ڕاستیدا ئێستا زۆربەی کرێکارانی وڵاتە پیشەسازی و مۆدێرنەکان، کرێکاری نووسینگەیین، گۆڕانی شێوازی کاری دژوار لە کان و کارخانەکانی کۆمەڵگا پیشەسازییەکان بە کاری نووسینگەیی، ئاکامی پڕۆسەی بە پیشەسازی بوونی خێرای کۆمەڵگەکانە، هەندێ لە کۆمەڵناسان، ئەم پڕۆسەیە بە پڕۆسەی پیشە لابەری ناو لێ دەبەن.
بە بۆنەی بە مەکینەکردنی بەهەمهێنانەوە، پیشەی زۆر لەناوچوون، ئەو کارانەی کە بەدەست دەکران، بە هۆی گەشەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە، هەندێ ئیش و کاری نوێ داهاتن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکیان لەگەڵ پڕۆسەی بەرهەمهێنان نەبوو، بەڵام ئەم کارانە بۆ کاری باشتر و قازانجی زۆرتر داهێنرابوون وەکو فرۆشتن و پڕوپاگەندە و کارگێڕی و ژمێریاری و بریکاری (بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان كۆمپانیا و دەوڵەت، بەشدارانی کۆمپانیا و کرێکاران و کارمەندەکان)، بەم جۆرە شێوازی کاری دەستی بۆ کاری نووسینگەیی گۆڕانی بەسەردا هات، واتە ئابووری کارخانەیی بوو بە ئابووری خزمەتگوزاری، واتای ئابووری خزمەتگوزاری ئەوەیە کە زۆربەی کرێکاران ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی بەرهەمهینانی کاڵادا بەشدار نین، بەڵکو لەگەڵ خەڵکی و بۆچوونە نوێکان پەیوەندییان هەیە، ئامارەکان وا پیشان دەدەن کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ژمارەی کارە خزمەتگوزارییەکان زۆرترین گەشەیان کردووە. بەڵآم ئەمڕۆ کارە نووسینگەییەکان بەها و بایەخی ڕابردوویان نییە. لە ڕابردوودا کارە نووسینگەییەکان بایەخێکی زۆریان بوو چینی ناوەندیان مسۆگەر کردبوو، هەرچەن ئێستاش ئەم بایەخە لە بیری گشتی کۆمەڵگادا هەیە، بەڵآم ئەم کارانە ئاوێتەیەکن لە مووچەی زۆر و مووچەی کەم، بایەخی کۆمەڵایەتی زۆر و کەم و شارەزایی و شارەزایی کەم، نزیک بە نیوەی ئەم کارانە بریتین لە کاری فرۆشتن یاخود هەندێ کاری نووسینگەیی کەم بایەخ کە مووچەیان تەنانەت کەمترە کە کرێکارانی مۆنتاجی کارخانە، نیوەی تر تایبەت بە کاری پسپۆڕی و بەڕێوەبەرایەتییە، بەڵام ئەم کارانە جۆراوجۆرن و زۆربەیان پێویستان بە شارەزاییەکی زۆر نییە و بەختی پێشکەوتن و گەشەیان تێدا زۆر کەمە.