شیکاری زاراوەی بژاردەکانی دەسەڵات
سێ ڕایت میڵز لە ١٩٥٦دا بەرهەمێکی بڵاو کردەوە بە ناوی بژاردەکانی دەسەڵات کە تێیدا هانی داوە پیشان بدا ئەمریکا چۆن لە ژێر چەتری دەسەڵاتی چینێکی بچووک لە ڕامیاران و بازرگانان و خاوەن پیشەسازییە مەزمەکاندایە.
ئەم بەرهەمەی میلز درێژەی باسی بژاردەکانی ڕامیاری پارێتۆوە. بە بڕوای میلز لە کۆمەڵگایەکی گەورەی وەکو ئەمریکادا ئەندامانی چینێکی بچووک کە هەموو پلە و پایە گرینگە کۆمەڵایەتییەکانیان داگیر کردووە، بە هۆی ئاخێزگەی کۆمەڵایەتی هاوبەش، پەیوەندی تاکە کەسی و بنەماڵەییەوە پێکەوە پەیوەندییان هەیە. بە ڕای میلز بژاردەکانی دەسەڵات پیلان نییە، بەڵکو لە گرووپە دەسەڵاتدارەکانی نێو کۆمەڵگا پێک هاتووە، کە سەرەکیترین پلە و پایەیان لە بەشی بەڕێوەبەراتی حکوومەت، هێزە چەکدارەکان، کۆمپانیا گەورەکان و ناوەندە ماڵییەکان لە ئەستۆیە. ئەندامانی ئەم گروپانە ڕەنگە جێگایان پێکەوە بگۆڕنەوە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری ئەم بازنەیە بڕۆن، بەڵام قەد لە بازنە ناڕۆنە دەرەوە. هیچ لەم ئێلیتانە بەسەر ئەوی تردا زاڵ نین، بەڵکو بە هاریکاری یەک و بە هۆی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، خەڵکی لە ژێر چەتری دەسەڵاتی خۆیان ڕادەگرن، بە گوێرەی ئەم بۆچوونە. کۆنگرەی ئەمریکا و کۆمەڵە گروپێکی گوشار، دەورێکی زۆریان لەسەر بڕیاردانەکان نییە، لەم کاتانەدا بڕیایی کۆتایی لەلایەن ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا گەورەکان و بانکدارەکان لە لایەکەوە و بەرپرسە ڕەسمییە سەربازییەکان لە لایەکی ترەوە دەدرێ، گەر سەرۆک کۆمار بتوانێ ڕای ئەم کەسانە بۆ پەسەندکردنی گەڵآڵەی خۆی بگۆڕێ ئەو گەڵاڵە جێ بە جێ دەبێ.
لە ڕاستیدا میلز دەسەڵاتی بە واتای بەشداری لە بڕیاردانە ڕامیارییەکاندا هێناوە، کە چی واتای بژاردەکانی دەسەڵآت لەگەڵ واتای چینی دەسەڵاتدار کە لە نووسراوەکانی پارێتۆ و مۆسکادا دیارن، جیا دەکاتەوە، بە پێی لێکدانەوەی میڵز کۆمەڵگای ئەمریکی لە سێ بەش پێکهایووە واتە: بژاردەکانی چینی یەکەم. بژاردەکانی چینی دووەم، جەماوەری نا سیاسی کە دەتوانن پێکەوە کۆوە بن و ئاپۆڕە ببەستن، هەرچەندە بەرهەمەکەی میڵز بە زمانی رووسی وەرگێردرا و لەلایەن مارکسیستەکانەوە سەرنجی زۆری پێ درا، بەڵام میلز خۆی مارکسیست نەبوو و دەرئەنجامێکیش کە پێی گەیشت نامارکسی بوو، واتە ئاکامێکی ئێلیتی دەست کەوت، ئەوەس بریتی بوو لەوەی کە (دەوڵەمەندەکان بە تەنیا لە لای سەرووی زنجیرەی دەسەڵاتی ڕامیاریدا بوون).