واتای زاراوەی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵناسیدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-26-23:47:00 - کۆدی بابەت: 4878
واتای زاراوەی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵناسیدا
زاراوە هەمەڕەنگەکان

زاراوەی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵناسیدا

ئۆپۆزیسیۆن بریتییە لە تاقم یاخود  پارتێک کە بە یەکیەتی و یەکگرتوویەوە دەست دەدەن بە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەت بۆ گەیشتن بە دۆز و ئامانجی دیاریکراویان، بە تایبەت گەیشتن بە حکوومەت لە ڕاستیدا دەکرێ پارتی ئۆپۆزیسیۆن وەکو حکوومەت یاخۆد دەوڵەتی جێگیر بە دەنگ دەران بناسێنرێ. یەکێک لە ڕەهەندەکانی حکوومەتە دیموکراتەکان، ڕەخساندنی هەل و دەرفەتە بۆ دژایەتی لەگەڵ کەسانێک کە دەسەڵاتیان لە دەستایە.

حکوومەتە دیموکراتییەکان نە تەنیا ئیزن دەدەن کە خەڵکی لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان لە دەستدایە دژایەتی کەن و بیانگرنە بەر ڕەخنە. بەڵکو ئەو هەلەشیان بۆ دەڕەخسێنن کە لە دەنگدان و هەڵبژاردنی داهاتوودا خەڵکی تر بۆ دەنگ نەدان بەم دەسەڵاتدارانە بدەن.

دەوری ئۆپۆزیسیۆن بە ڕاشکاوی لە وڵاتێکدا دیارە کە دوو پارت لە گۆڕەپانی ڕامیاریدا دەسەڵاتیان بە دەستەوە بێ، بە چەشنێ کە هەموو جار یەکێکیان دەسەڵاتی حکوومەت دەگرێتە دەست و ئەویتریان وەکو (لایەنی دژ بە دەوڵەت) دەور دەگێڕێ. هەروەها ئەم لایەنە لە ڕاستیدا وەکوو حکومەتێکی جێگیرە کە گەر بەخت یار بێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سواری ئەسپی موراد دەبێ و دەسەڵاتی دەوڵەتی دەکەوێتە دەست، لە پەرلەماندا ئەندامانی لایەنی دژ بە دەوڵەت بەرنامە و گەڵاڵەکانی دەوڵەت دەگرنە بەر ڕەخنە و پلار و گوشار دەخەنە سەر دەوڵەت کە کار و بار و گەڵاڵەکانی کامڵ تر بکات. دیسپلینی پارتەکانی ئێستا بە جۆرێکە کاتێ ڕێبەرانی پارتی ئۆپۆزیسیۆن بیانەوێ کە دژ بە حکوومەت دەنگ بدەن. پێڕەوان و ئەندامانی ئەو پارتەش ئەمەک ناسانە پێڕەویان لێ دەکەن، بەڵام چونکە ئەندامانی پارتی دەسەڵاتداریش بە هەمان چەشن پێڕەوی لە پارتی خۆیان دەکەن و لە پەرلەمانیشدا ژمارەیان زیاترە لە لایەنی دژ بە دەوڵەتە، دەنگی ناکۆکی لایەنی دژ بە دەوڵەت تەنیا وەکو دەربڕینی ناڕەزاییەکی ڕەسمی خۆی دەنوێنی و کارێکی بۆ ناڕواتە پێش، هەوڵی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەیە کە خەڵکی بۆ ناڕازایەتی لە دەوڵەت دەنگ بدا و سیاسەتەکانی خۆی بە پێشکەوتوو و گونجاو پیشان بدات تا بەڵکو لە دەنگدانی داهاتوودا بگەڕێتەوە  بۆ سەر تەختی دەسەڵات.

لە وڵاتانێکدا کە چەند پارتی سەرەکی هەیە و حکومەت لە چەند پارتی هەڤبەند پێکهاتووە، یاخود لە پارتێک پێکهاتووە کە لەلایەن پارتەکانی ترەوە پشتگیری لێ دەکرێ، واتای ئۆپۆزیسیۆن بە تەواوی ئەم واتایەی سەرووی نییە، ئەو پارتانەی کە لە دەرەوەی زۆرینەدان دەکرێ بڵێین لە ڕەهەندی دژ بە دەوڵەتدان، بەڵام چوونکە زۆرجار لە نێوان خۆیان دا ناکۆکیان هەیە ناتوانین وەکو گروپی ئۆپۆزیسیۆن ناویان لێ ببەین.


سەرچاوەکان



340 بینین