سوڕی مانگانەوە
ئایا وادەزانیت هەموو شتێک دەزانیت دەربارەی سوڕی مانگانە؟
خانمان بەدرێژای ژیانیان نزیکەی ٤٥٠ جار دەکەونە سوڕی مانگانەوە، ئەمە واتە هەر خانمێک زانیاری تایبەتی هەیە دەربارەی، بە هەموو ئەو زانیاریانەشەوە هەندێک کات سوڕی مانگانەکەت لەکاتێکدا دێت کە هەرگیز باوەڕت نەدەکرد و کاتی خۆی نییە، لێرەدا باسی ٤ خاڵ دەکەین کە زۆرێکتان زانیاریتان نییە لەسەری.
لەماوەی سوڕی مانگانەدا دەکرێت دووگیان ببیت
لەوانەیە ئیتر کاتی هاتبێت کە واز لەو باوەڕە هەڵە بهێنین کە دەڵێت لەکاتی سوڕی مانگانەدا دووگیان نابیت، سوڕی مانگانە ناتپارێزێت لە دووگیانی، و چەند هۆکارێکیش هەیە بۆ ئەمە.
١- هەندێک لە ژنان لەوانەیە لەماوەی دانانی هێلکەدا خوێنبەربوونیان هەبێت و بەهەڵە لێیان تێک بچێت و وابزانن کە سوڕی مانگانەیە، ماوەی هێلکە دانان باشترین هەلە بۆ دووگیان بوون، کەواتە ئەگەر لەم کاتەدا جوتبوون هەبێت شەنسی دووگیان بوونت زۆرە.
٢- لەوانەیە پێش کۆتایی هاتنی سوڕی مانگانە یان چەند ڕۆژێک دوای کۆتایهاتنی سوڕی مانگانە، هێلکە دابنێیت، وە سپێرمی پیاو دەتوانێت تا سێ ڕۆژ لە جەستەی تۆدا بە زیندوویی بمێنێتەوە، جوتبوون لەماوەی سوڕی مانگانەدا دەکرێت ببێتە هۆی پیتاندن و ببێتە منداڵ.
کەواتە ئەگەر ناتەوێت منداڵت ببێت، لە مانگەکەدا هەرکاتێک جوتبوونت کرد بەدڵنییایەوە ئاگادار بە و ڕێگری بکە.
خوێنبەربوون کاتی بەکارهێنانی حەپ، سوڕی مانگانە نییە
بەدڵنییایەوە کاتی بەکارهێنانی کۆتا هەفتەی حەپی دژە سکپڕی تووشی خوێنبەربوون دەبیت، حەپەکانی سکپڕی کە لە کۆتا هەفتەدا بەکاری دەهێنیت هیچ جۆرە ماددەیەکی دەرمانیان تێدا نییە و پێیان دەوترێت هاوشێوەی دەرمان یان حەپی شەکر.
بەڵام ئەم جۆرە خوێنبەربوونە هی وەستان و نەمانی حەپەکەیە و کەمێک جیاوازی هەیە لەگەڵ سوڕی مانگانەدا.
بە گشتی لەماوەی سوڕی مانگانەدا، هێلکەدانان ڕوودەدات، ئەگەر هێلکە بەڕەڵابووەکانی ناو هێلکەدانەکان نەبنە سک، ڕێژەی هۆڕمۆنت دێتە خوارەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناوپۆشی منداڵدان بە شێوەی خوێن بێتە خوارەوە.
حەپی دژە سکپڕی ڕێگری دەکەن لە هێلکە دانان، زۆرینەی حەپەکان بەم شێوەیەن کە سێ هەفتەی سەرەتا هۆڕمۆن دەدەن بە لەشی تۆ و هەفتەی چوارەم هیچ جۆرە هۆڕمۆنێکی تێدا نییە، خوێنبەربوونەکە کە وەک سوڕی مانگانەیە لە هەفتەی چوارەمدا ڕوودەدات لە ڕاستیدا ئەمە وەڵامدانەوەی جەستەی تۆیە بۆ کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئەو حەپانەیە کە لە هەفتەی کۆتایدا بەکاری دەهێنیت.
سوڕی مانگانەت بە درێژایی ژیان دەگۆڕێت
ڕێک کاتێک کە دەزانیت چ کاتێک دەکەویتە سووڕی مانگانەوە لەوانەیە هەموو شتێک بگۆڕێت، ئەم حاڵەتەش بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنییە کە بەدرێژای ژیان ڕوودەدات بۆت، کاتێک بۆ یەکەمجار دەکەویتە سوڕی مانگانەوە سوڕی مانگانەکەت درێژترە واتە ماوەی سوڕی یەکەم تا سوڕی دووەم زۆرە، سوڕی مانگانەی ئاسایی کچانی گەنج لەوانەیە لە ٢١ بۆ ٤٥ ڕۆژدا بێت و بەدرێژای کات کورتتر و دەبێتە جێگای پێشبینی کە بە شێوەیەکی مامناوەندی لە ٢١ بۆ ٣٥ ڕۆژدایە.
نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە هێشتا مەتەڵێکە!
یەک تا دوو هەفتەی دەمێنێت کە بکەویتە سوڕی مانگانەوە، وردە وردە نیشانەکانی پەیدا دەبن نیشانەی وەک (لاوازی، نەمانی ئیشتیهای خواردن، گۆڕانکاری لە دەرووندا) ئەم نیشانە لە هەموو کەسێکدا یەکسان نین بەڵام بەشێکە لە ژیانی زۆرینەی خانمان.
هێشاش بەتەواوی پزیشکان هۆکاری ئەم نیشانانەی پێش سوڕی مانگانە نازانن، دەکرێت ئەمە گۆڕانکاری هۆڕمۆنی بێت لە تەواوی ماوەی سوڕەکەدا یان گۆڕانکاری کیمیایی لە مێشکدا و هەندێک بابەتی تری عاتیفی کە لەوانەیە هەتبێت، وەک هەبوونی کێشەی خەمۆکی کە هەفتەیەک پێش سوڕی مانگانە زۆر توندتر دەبێت، هەروەها دوای ئەوەش کە کەوتیتە سوڕی مانگانە لەوانەیە ئەم حاڵەتی خەمۆکیەت بۆ بێتەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئازارەکانی سوڕی مانگانە وەک (ئازاری سک و پشت، سەرئێشە و دڵتێکچوون) دەتوانن کاریگەری بخەنە سەر بیرکردنەوەکانت، و تەرکیزکردن بۆ کارەکان زیاتر دەکات و هەڵبەتە دەتوانیت کارەکانت ئەنجام بدەیت بەڵام دەبێت هەوڵێک و زەحمەتێکی زیاتر بکێشیت.
باشترین ڕێگا بۆ ڕێگری کردن لە نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە گۆڕانی شێوازی ژیانتە، هەوڵبدە هەموو ڕۆژێک ٣٠ خولەک وەرزش بکەیت، شەوانە هەشت کاتژمێر بخەویت و جگەرە نەکێشیت، ژەمی خواردنیش زۆر گرنگە، میوەو سەوزەوات و دانەوێڵە لەبیر مەکە و بڕی شەکر و خوێ و ئەو مادانەی کافاینیان تێدایە کەمی بکەرەوە