دراوی کریپتۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر محەمەد تاهیر - به‌روار: 2023-02-16-01:48:00 - کۆدی بابەت: 11024
دراوی کریپتۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دراوی کریپتۆ، یاخود دراوی کریپتۆ (بە ئینگلیزی: cryptocurrency، بە عەرەبی: عملة مشفرة) دراوێکی ئەلیکترۆنی یان خەیاڵییە کە بە ڕێگای کریپتۆگرافی پارێزراوە، ئەمەش وا دەکات ساختەکردن یان دووانە خەرجکردنی ئەم دراوە نزیکبێت لە مەحاڵەوە، زۆرێک لە دراوە کریپتۆییەکان تۆڕێکی لامەرکەزین کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای بڵۆکچەین دامەزراون.

دراوی کریپتۆ چییە؟

دراوی کریپتۆ دراوێکە کە بە شێوەی فیزیکی بوونی نییە (وەک پارەی کاغەز) بەڵکوو دیجیتاڵییە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دراوە کریپتۆییەکان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە دەرناچن و بەڕێوەنابرێن، ئەمەش لەڕووی تیۆرییەوە دەیانپارێزێت لە دەستێوەردانی حکومی یان سیاسی.

دراوی کریپتۆ سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بۆیە بۆ ئەنجامدان و پشتڕاستکردنەوەی مامەڵەکان پشت بە بانکەکان نابەستێت، بەڵکوو لەسەر سیستمی تاک بۆ تاک (peer-to-peer) کاردەکات کە هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت پارە بنێرێت و وەربگرێت، پارەدان لە دراوە کریپتۆییەکاندا تەنها بەشێوەی داتا و زانیاری ئەلیکترۆنییە و هەموو ئەو زانیارییانە لە دەتابەیسدا هەڵدەگیرێت، هەروەها مامەڵە دراوییەکان بە شێوەی ئۆنلاین لە دەفتەرێک (ledger)ـی حسابی گشتیدا هەڵدەگیرێت کە هەموو کەسێک دەتوانێت بیبینێت، شایانی باسە دراوە کریپتۆییەکان لە جزدانی کریپتۆگرافیدا هەڵدەگیرێن.

دەستەواژەی دراوی کریپتۆ ناوەکەی وەرگرتووە چونکە کریپتۆگرافی (بەنهێنیکردن) بەکاردەهێنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی مامەڵەکان، ئەمەش واتە کۆدکردنی زۆر پێشکەوتوو بەکارهاتووە لە هەڵگرتن و گواستنەوەی زانیارییەکانی دراوی کریپتۆ لە نێوان جزدانەکان و بۆ دەفتەرە سەرەکییە گشتیەکان، ئامانج لە بەکارهێنانی کریپتۆگرافی بۆ دابینکردنی ئاسایش و پارێزراوییە.

پێناسەی فەرمی

دروای کریپتۆ لەلایەن سیستمێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە پێیدەوترێت بڵۆکچەین، بۆیە بە پێی قسەکانی (یان لانسکی)، دراوی کریپتۆ سیستمێکە کە پێویستە شەش مەرجی تێدابێت:

  • سیستمەکە پێویستی بە دەسەڵاتێکی ناوەندی نییە بۆ بەڕیوەبردن، بەڵکوو دۆخەکەی لە ڕێگەی کۆدەنگی دابەشکراوەوە دیاریدەکرێت
  • سیستمەکە زانیاری گشتی لەبارەی یەکەکانی دراوی کریپتۆکە و خاوەندارێتییانەوە هەڵدەگرێت
  • سیستمەکە دیاریەکات دەکات کە ئایا دەتوانرێت یەکەی نوێ لە دراوە کریپتۆییەکە دروست بکرێت یان نا، ئەگەر بتوانرێت ئەوا سیستمەکە سەرچاوەکەی و چۆنیەتی دیاریکردنی خاوەندارێتی ئەم یەکە نوێیانە دیاری دەکات
  • خاوەندارێتی یەکەکانی دراوی کریپتۆ دەبێت تەنها بە شێوەی کریپتۆگرافی بسەلمێنرێت
  • تەنها سیستمەکە ڕێگەدەدات بە ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕ لەنێوان بەکارهێنەرانی دراوەکە
  • ئەگەر دوو ڕێنمایی جیاواز بۆ گۆڕینی خاوەندارێتی هەمان یەکە کریپتۆگرافییەکان لە یەک کاتدا ئەنجامبدرێت، سیستمەکە تەنها یەکێکیان ئەنجام دەدات.

مێژوو

لە ساڵی ١٩٨٣دا، دەیڤید چاوم، کە کریپتۆگرافەریێکی ئەمریکییە بیرۆکەی جۆرە پارەیەکی ئەلیکترۆنی کریپتۆگرافی دانا کە پێی دەوت ئی کاش (ecash)، پاشان لە ساڵی ١٩٩٥ ئەم بیرۆکەیەی جێبەجێ کرد بە ناوی دی جی کاش (Digicash)، کە سەرەتاترین جۆری دراوی کریپتۆ بوو، دی جی کاش پێویستی بە نەرمەواڵەیەک هەبوو بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن پارەکانیان لە بانکەوە وەربگرن و بینێرن بۆ ئەو کەسەی یان شوێنەی مەبەستیانە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نەتوانرێت ئەم دراوە لەلایەن کەسی سێهەمەوە چاودێری بکرێت.

دراوی کریپتۆ چۆن کاردکات؟

دراوە کریپتۆییەکان لەسەر دەفتەرێکی گشتی دابەشکراو کاردەکەن کە پێی دەوترێت بڵۆکچەین، بڵۆکچەین تۆمارێکە هەموو مامەڵەکان لەخۆدەگرێت کە لەلایەن هەڵگرانی ئەو دراوەوە ئەنجامدەدرێن.

یەکەکانی دراوی کریپتۆ لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە دروست دەکرێن کە پێی دەوترێت دەرهێنان (mining)، کە بریتییە لە بەکارهێنانی توانای ئامێرە کۆمپیوتەرییەکان بۆ ئەنجامدان و چارەسەرکردنی هاوکێشەی ئاڵۆزی بیرکاری کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستکردن و بەدەستهێانی؛ هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن دراوە کریپتۆییەکان لە دەڵاڵەکان بکڕن، پاشان لە ڕێگەی بەکارهێنانی جزدانی کریپتۆگرافی هەڵیانبگرن و بەکاریبهێنن.

ئەو کەسانەی کە خاوەنی دراوی کریپتۆن، خاوەنی هیچ شتێکی بەرجەستە نین، بەڵکوو خاوەنی کلیلێکن کە ڕێگەیان پێدەدات تۆمارێک یان یەکەیەکی پێوانەیی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازنەوە بەبێ بوونی لایەنی سێهەم.

هەرچەندە بیتکۆین لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بوونی هەیە، بەڵام تا ئێستا دراوی کریپتۆ و بەکارهێنەکانی تەکنەلۆجیای بڵۆکچەین لە ڕووی داراییەوە لە بەرەوەپێشچوونایە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بەکارهێنانی زیاتری هەبێت.

چەند نموونەیەکی دراوی کریپتۆ

دراوە کریپتۆییەکانی بێجگە لە دراوی بیتکۆین پێکەوە ناسراون بە ئاڵتکۆین (altcoins) بە مەبەستی جیاکردناوەیان لە دراوە سەرەکییەکە کە بیتکۆینە.

بیتکۆین

بابەت: بیتکۆین

بیتکۆین (بە ئینگلیزی: Bitcoin) لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە، یەکەم دراوی کریپتۆییە، تا ئێستاش بەناوبانگترینە و زۆرترین بازرگانی پێوەدەکرێت، دراوەکە لەلایەن ساتۆشی ناکامۆتۆوە پەرەی پێدراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ناکامۆتۆ دیار نییە و دەکرێت کەسێک یان گرووپێک بێت.

ئیثیریەم

بابەت: ئیثیریەم

دراوی ئیثیریەم (بە ئینگلیزی: Ethereum) لە ساڵی 2015ەوە پەرەیپێدراوە، خاوەنی پلاتفۆڕمێکی تایبەت بەخۆیەتی کە پێیدەوترێت ئیثەر (ETH)، دووەم بەناوبانگترین دراوی کریپتۆیە لەدوای دروای بیتکۆین.

لایتکۆین

لایتکۆین (بە ئینگلیزی: Litecoin)، ئەم دراوە هەمانشێوەی بیتکۆینە بەڵام زووتر هەوڵیداوە بۆ بەرەوپێشچوون و داهێنانی زیاتر،یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بریتییە لە پارەدان و ئەنجامدانی مامەڵەکان بە شێوەیەکی خێراتر.

ڕیپڵ

ڕیپڵ (بە ئینگلیزی: Ripple) سیستمێکی دەفتەری حسابی کراوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، ڕیپڵ بەکاردەهێنرێت بۆ بەدواداچوونی جۆرە جیاوازەکانی مامەڵە، نەک تەنها دراوی کریپتۆ.

لایەنە باش و خراپەکانی دراوی کریپتۆ

دراوی کریپتۆ سەرەتا بە مەبەستی شۆڕشێکی نوێ لە ژێرخانی داراییدا ناسێندرا. بەڵام وەک هەموو شۆڕشێک، دەرئەنجامی باش و خراپی هەیە.

لایەنە باشەکانی دراوی کریپتۆ

  • دراوە کریپتۆییەکان نوێنەرایەتی پارادایمێکی نوێ و لامەرکەزی دەکەن بۆ پارە، لەم سیستمەدا ناوەندی وەک بانک و دامەزراوە دراوییەکان پێویست نین بۆ جێبەجێکردنی مامەڵە و ئاڵوگۆڕی نێوان دوو لایەن.
  • دراوە کریپتۆییەکان ئامانجیان ئاسانکردنی گواستنەوەی پارەیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو لایەندا بەبێ ئەوەی پێویست بە لایەنی سێیەمی متمانەپێکراو هەبێت وەک بانک یان کۆمپانیایەکی کارتی.
  • لەبەر ئەوەی دراوە کریپتۆییەکان نێوەندگیری لایەنی سێیەم بەکارناهێنن، گواستنەوەی دراوی کریپتۆ لە نێوان دوو لایەنی مامەڵەکاردا  زۆر خێراترە بە بەراورد بە گواستنەوەی پارەی ستاندارد.
  • لە ڕێگەی مامەڵەکردن بە دراوی کریپتۆ دەتوانرێت قازانجێکی زۆر بەدەستبهێنرێت، بازاڕەکانی دراوی کریپتۆ لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەهایان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە گەیشتووەتە نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ بەهای بیتکۆین بە زیاتر لە ٥٥٠ ملیار دۆلار مەزەندەکراوە لە بازاڕەکانی کریپتۆدا.

لایەنە خراپەکانی دراوی کریپتۆ

  • هەرچەندە دراوە کریپتۆییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مامەڵەکانیان بێناون، بەڵام لە ڕاستیدا دراوە ناوی ساختەن نەک بێناو، ئەم مامەڵانە شوێنپێیەکی دیجیتاڵی بەجێدەهێڵن کە دەزگاکانی لێکۆڵینەوە وەک نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) دەتوانن شیکاری بکەن، ئەمەش ئەگەری ئەوە دروستدەکات کە حکومەتەکان یان دەسەڵاتە فیدراڵیەکان دەتوانن بەدواداچوون بۆ مامەڵە داراییەکانی هاوڵاتیانی ئاسایی بکەن.
  • دراوی کریپتۆ بووەتە ئامرازێکی بەناوبانگی تاوانباران کە بەکاریدەهێنن بۆ چالاکییە ناشرینەکانی وەک سپیکردنەوەی پارە و کڕینی و فرۆشتنی نایاسایی.
  • لە ڕووی تیۆریەوە دراوە کریپتۆییەکان مەبەست لێی لامەرکەزییتە، کە سامانەکانیان لە نێوان زۆرێک لە بەکاەرهێنەرەکانی بلۆکچینەکە دابەشبووە، بەڵام لە ڕاستدا خاوەندارێتی دراوەکان زۆر چڕە. بۆ نموونە توێژینەوەیەکی MIT دەریخستووە کە تەنها 11 هەزار وەبەرهێنەر نزیکەی 45%ی بەهای بیتکۆینیان لەبەردەستدایە.
  • یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دراوە کریپتۆییەکان ئەوەیە کە هەر کەسێک دەتوانێت بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەرێک کە هێڵی ئینتەرنێتی هەبێت دەریانبهێنێت. بەڵام دەرهێنانی دراوە کریپتۆ بەناوبانگەکان پێویستی بە وزەیەکی ئیجگار زۆر هەیە.
  • هەرچەندە دراوە کریپتۆییەکان پارێزراون، بەڵام مانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت هاک بکرێت، هاککەرەکان توانیویانە زیانی گەورە بە کۆمپانی تازە دامەزراوەکانی کریپتۆ بگەیەنن، بە نموونە هاکەرەکان بە بڕی ٥٣٤ ملیۆن دۆلار زیان بە کۆینچێک و بڕی ١٩٥ ملیۆن دۆلار بە بیتگرەیل بگەیەنن، ئەمەش بووە دوو لە گەورەترین ڕووداوی هاککردنی دراوی کریپتۆ لە ساڵی ٢٠١٨دا.

 


سەرچاوەکان



380 بینین