ناوهڕۆك
بەکرێگرتنی منداڵدان چییە؟
بەکرێگرتنی منداڵدان جۆرە ڕێگایەکی یارمەتیدەرە بۆ حاڵەتی نەزۆکی، کە تێیدا ژنێک منداڵێک لە منداڵدانی خۆیدا هەڵدەگرێت و خۆراکی پێ دەدات تا کاتی لەدایکبوون کە هی دوو هاوسەری ترە و بەڵام ناتوانن ببنە خاوەنی منداڵ، لەم ڕێگایەدا بە سپێرمی باوک هێلکەدانی دایکەکە دەپیتێنرێت و دەخرێتە منداڵدانی ئەو ژنەی کە بڕیارە منداڵەکەیان بۆ گەورە بکات.
ئەگەر دایکە ڕاستییەکە هێلکەدانی گوونجاوی نەبێت ئەوا دەتوانێت سوود وەربگرێت لە هێلکەدانی ئەو ژنەی کە منداڵەکەیان بۆ هەڵدەگرێت ئەگەر ڕازیبێت، بەڵام ئەگەر دایک و باوکەکە نەیانەوێت کە منداڵەکەیان هیچ پەیوەندییەکی بۆماوەیی هەبێت بەو ژنەوە ئەوا دەتوانن سوود وەربگرن لە هێلکەدانی کەسێکی تر کە دەیفرۆشێت و ئەوە بەکاربهێنن.
ئایا بەکرێگرتنی منداڵدان یاساییە؟
بەکرێگرتنی منداڵدان لە هەندێک لە وڵاتانی دونیادا یاساییە، و لەبەرامبەریشدا لە هەندێک وڵات سزای قورس دانراوە بۆ ئەوانەی ئەم کارە دەکەن و یاسایی نییە، بۆ نموونە وەک (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیسپانیا، هۆڵەندا، هیندستان، تورکیا) لەم وڵاتانەدا نایاساییە.
لەوڵاتی (بەڕیتانیا و ئوستوڕالیا) بەکرێگرتنی منداڵدان بەشێوەی بازرگانیکردن پێوەی نایاساییە، بەڵام بەخشینی منداڵدانەکە یاساییە و کە تێیدا فرۆشتنی تێدا نەبێت ئەمیش دەبێت لەژێر چاودێری کەسانی پەیوەندیداردا بکرێت، بەڵام بەکرێگرتنی منداڵدان لە وڵاتانی (ئەمەریکا، ڕوسیا، ئۆکرانیا، ئێران) چ بەشێوەی بەخشین چ بەشێوەی بازرگانیکردن پێوەی یاساییە.
ئەو کەسانەی کە داوای بەکرێگرتنی منداڵدان دەکەن کێن؟
بەگشتی هاوسەرانێک بەدوای ئەم ڕێگادا دەڕۆن کە ناتوانن بەشێوەیەکی سروشتی منداڵیان ببێت و منداڵبوون بۆ دایکەکە زۆر ترسناک بێت.
ئەو حاڵەتە تایبەتانە چین کە خانمان ناتوانن بەشێوەیەی سروشتی ببنە خاوەنی منداڵ؟
- کێشەیەی بۆماوەی قورس لە منداڵداندا.
- بوونی کێشەی زۆر قورس کە لە دووگیانی پێشوودا هەیبووە وەک حاڵەتی (سکپڕی لەدەرەوەی منداڵدان، بەرزی فشاری خوێن لەماوەی دووگیانیدا).
- هەوکردنی قورس و چارەسەرنەکراوی منداڵدان.
- لابردن و درهێنانی منداڵدان (Hysterectomy)
- پێشینەی سەرنەکەوتووی دانانی منداڵی بلووری
- لەبارچوونی بەردەوام
- نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک نەخۆشی تر کە دووگیانی قورس دەکەن وەک (شەکرە، هەندێک نەخۆشی بۆماوەیی)
ئەو خانمەی کە منداڵدانیان بەکرێ دەدەن دەبێت چ مەرجێکیان تێدابێت؟
- نابێت خانمەکە تەمەنی لە ٢٥ ساڵ کەمتر بێت، تەمەنی گوونجاو بۆ ئەم کارە (٢٥ بۆ ٤٠) ساڵییە و هەروەها ئەم کارە تا پێش تەمەنی نائومێدیش ئاساییە و دەکرێت.
- هەندێک دایک و باوک حەزدەکەن کە دایە گەورە ئەم ئیشەیان بۆ بکات و لە منداڵدانی ئەودا بێت لەوکاتەدا ئەگەر دایە گەورە تەمەنی زۆر نەبێت و هێشتا نەگەشتبێتە تەمەنی نائومێدی واتە سوڕی مانگانەی مابێت دەتوانێت ئەمە بکات.
- دایکە هەڵگرەکە دەبێت پێشینەی منداڵبوونێکی هەبێت، واتە پێش ئەوەی کە منداڵی کەسێکی تر لە منداڵدانیدا هەڵبگرێت دەبێت خۆی دووگیان بووبێت و منداڵێکی گەورەکردبێت لە منداڵدانی و هێنابێتە دونیاوە،
- دایکی هەڵگر نابێت هیچ پێشینەیەکی نەخۆشی هەبێت بەتایبەت نەخۆشییەکانی تایبەت بە دووگیانی و دەبێت زۆر وریابن کە پڕۆسەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدرێت و منداڵبوونێکی بێ کێشە بێت.
- پێش دانانی منداڵەکە لە منداڵدانی خانمەکەدا دەبێت بەلایەنی کەمەوە ٦ مانگ ئەو خانمە و دوو هاوسەرەکە پەیوەندیان هەبێت و یەک بناسن.
- دایکە هەڵگرەکە لە ڕووی دەروونییەوە دەبێت تەواو ئامادە بێت و بتوانێت بەرگەی ئازار و ناخۆشیەکانی تەواوی ماوەی دووگیانیەکە بگرێت و کێشەی نەبێت.
- دەبێت بە هیچ شێوەیەک دەستکاری هێلکەدانی دایکە هەڵگرەکە نەکرێت ئەمە جگە لە حاڵەتێکدا کە خۆیان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبن بەڵام بە زۆری دایک و باوکەکە نایانەوێت منداڵەکەیان هیچ پەیوەندیەکی بۆماوەیی هەبێت بە دایکە هەڵگرەکەوە هەر بۆیە لە هێلکەی دایکە ڕاستییەکە سوود وەردەگرن.
چوار جۆری بەکرێگرتنی منداڵدان هەیە
بەکرێگرتنی خۆماڵی
لەم جۆرەیاندا هێلکەی دایکە هەڵگرەکە بە سوود وەرگرتن لە سپێرمی باوکە ڕاستییەکە لە تاقیگەیەکدا بە ڕێگای (ICS و IVF و IUI) دەپیتێنرێت و دایکەکە دووگیان دەبێت منداڵێک لەدایک دەبێت کە لە ڕوانگەی بۆماوەییەوه هاوشێوەی دایکە هەڵگرەکە و باوکە ڕاستییەکەیە، چونکە سپێرمی باوکەکە هێلکەی دایکە هەڵگرەکەی پیتاندووە.
بەکرێگرتنی ناخۆماڵی
لەم ڕێگایەدا سپێرمی باوک و هێلکەی دایکەکەلە تاقیگەدا دەپیتنرێن بە ڕێگای (IVF و ICSI) و بەهۆکاری ئەوەی کە دایکەکە ناتوانێت منداڵەکە لە منداڵدانیدا هەڵبگرێت و گەورەی بکات بۆیە ئەم هێلکە پیتێنراوە دەکەنە ناو منداڵدانی دایکە هەڵگرەکەوە.
بەکرێگرتنی منداڵدان بە یارمەتی سپێرمی دەرەکی
ئەم ڕێگایە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە باوکەکە نەتوانێت سپێرمی تەواو بەرهەم بهێنێت بۆ دروستکردنی منداڵ، لەم ڕێگایەدا هێلکەی دایکە ڕاستییەکە لەلایەن سپێرمێکی دەرەکییەوە دەپیتێنرێت و دەگوازرێتەوە بۆ ناو منداڵدانی دایکە هەڵگرەکە، ئەم منداڵە لەڕووی بۆماوەییەوە هاوشێوەی دایکە ڕاستییەکە و ئەو پیاوەیە کە سپێرمەکەیان لێ وەرگرتووە.
بەکرێگرتنی منداڵدان بە یارمەتی کۆرپەلەیەکی دەرەکی
کاتێک باوکەکە نەتوانێت سپێرمی تەواو بەرهەم بهێنێت و دایکەکەش هێلکەی لاوازبێت واتە کێشە لە هەردووکیان بێت، ئەوا سوود وەردەگرن لە سپێرم و هێلکەی کەسانێکی تر و دەیگوازنەوە بۆ ناو منداڵدانی دایکە هەڵگرەکە، ئەم کۆرپەیە لە ڕووی بوماوەییەوە هیچ هاوشێوەی دایک و باوکە ڕاستیەکەی خۆی نییە و هاوشێوەی ئەو ژن و پیاوەیە کە سپێرم و هێلکەیان بەکارهاتووە.
بەکرێگرتنی منداڵ بەشێوەیەکی هاوڕێیانە
- لێرەدا دایکەکە کەسەکە دەناسێت و یاخود هاوڕێیەتی و ئەم کارەی بۆ دەکات بێ هیچ بەرامبەر و بڕە پاڕەیەک.
- بەکرێگرتنی منداڵدان بەشێوەیەکی بازرگانی
- لەم ڕێگەیەدا ئەو خانمەی منداڵەکە لە منداڵدانیدا هەڵدەگرێت لە بەرامبەردا بڕە پارەیەک وەردەگرێت.
ڕێکارە یاساییەکان چین بۆ بەکرگرتنی منداڵدان
ڕاوێژپێکردنی بۆماوەیی
یەکێک لە ڕێگاکان ڕاوێژکردنی بۆماوەییە بۆ ئەو دایکەی دەبێتە هەڵگری منداڵەکە و هەردوو هاوسەرەکەش.
ڕاوێژپێکردنی یاسایی
ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە هەموو شتەکان بەرچاو و ڕوون بن بۆ دوو هاوسەر و دایکە هەڵگرەکە.
بەدواداچوونی شوێنی تایبەت
دوای ئەوەی کە ڕێگاکانی پێشوو بەدواداچوونی بۆکرا و قەبوڵکرا، بارودۆخی دوو هاوسەر و دایکە هەڵگرەکە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بڕیاری کۆتایی دەدرێت.
ئەنجامدانی قۆناغەکان
دوای ئەوەی کە ڕێککەوتن منداڵەکە لە هێلکە پیتێنراوەکە لە منداڵدانی دایکە هەڵگرەکەدا دادەنێن بەڕێگای (IVF و IUI).
چاودێرییەکانی کاتی دووگیانی
دایکە هەڵگرەکە لەسەریەتی بەدرێژایی ئەو نۆ مانگە ئاگاداری منداڵەکە بێت و هیچ کێشەیەکی بۆ نەیەتە پێشەوە.
لەدایکبوونی منداڵەکە
دوای منداڵبوونی دایکە هەڵگرەکە منداڵەکە دەدرێت بە دایک و باوکە ڕاستییەکەی.
ئایا لە ڕوانگەی دینی ئیسلامەوە بەکرێگرتنی منداڵدان ڕێگەپێدراوە؟
زانایانی ئەزهەر جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ئیسلام ئەمە حەرام دەکات، لەبەر ئایەتی (وبالوالدین احسانا) لێرەدا (والیدین) دایک و باوکن، هەروەها خودای گەورە فەرموویەتی (فَلْيَنظُرِ الإنسان مِمَّ خُلِقَ خُلِقَ مِن مَّاءٍ دَافِقٍ يَخْرُجُ مِن بَيْنِ الصلبِ والترائب) والصلب یعنی صلب الرجل والترائب تعني ترائب المرأة، بەم پێیەش بێت باوکی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە خاوەنی ئاوەکەیە کە بریتییە لە سپێرم و دایکیش خاوەنی هێلکەکە و منداڵدانە، لەبەرئەوەی کە کۆرپەلەکە خواردن لە منداڵدانی دایکەکە وەردەگرێت و خوێن لەوەوە وەردەگرێت، بەم شێوەیەش منداڵەکە دەبێتە منداڵی خوێنی و خۆراکیی خاوەن منداڵدانەکە.