ناوهڕۆك
نمونه‌ی مالتزك
له نمونهكهیدا له پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ریدا، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه تیایدا نێره‌ر ڕۆلێك ده‌بینێ له دانان و داڕشتنی ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ی له (كۆد) و ئینجا ناردنی وه‌رگر، كردنه‌وه‌ی كۆده‌كه له لایه‌ن وه‌رگره‌وه، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌ك كه ده‌توانین له میانی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه سه‌رنجیان بده‌ینێ:
نێره‌ر
ئه‌و كه‌سه‌یه كه ناوه‌ڕۆكی بیرۆكه‌كه‌ی به كۆد ده‌كات، واته داڕشتنی بیرۆكه‌كه‌ی به وشه و ڕسته و ناردنی بۆ وه‌رگر تا هه‌ستێك له‌سه‌ر بیرۆكه‌كه‌ی لا دروست بكات، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه‌ش به پێی ئه‌و توانا لێكچوو، یان جیاوازه‌ی نێوان بیرۆكه‌یی نێردراو له لایه‌ن نێرهرهرهوه و پێكهاتنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه لای وه‌رگر دروست ده‌بێت به‌ڵام پێویسته به جۆرێك له نێره‌ر بڕوانین كه:
- وێنه‌یه‌كی هزری سه‌باره‌ت به‌و ژینگه‌یه‌ی لێده‌ژیت له‌سه‌ر ژیانی ڕامیاری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه، چونكه تیایدا ده‌ژیت، بۆیه له هزریدا بۆچوونێكی ته‌واو له‌سه‌ر ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیدا لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت، ناشكرێ وا هه‌ستبكه‌ین كه ڕۆژنامه‌نووس (اعلامی) شتێكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر بارودۆخی ڕامیاری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی له‌و وڵاته‌ی كه تیایدا ده‌ژیت نه‌زانێت.
- بونیادی كه‌سێتی نێره‌ر له ڕووی بۆچوون و ئاراسته ده‌روونییه‌كانی و ئاره‌زوو و دابونه‌ریت و باوه‌ڕ و چه‌ند لایهنێكیئاكاری كه‌سێتییه‌وه.
- ئه‌ندامی دامه‌زراوێكی ڕاگه‌یاندنه، واته نێره‌ر به یه‌كێك له ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندن داده‌نرێت، جا چ ڕۆژنامه‌نووس بێت، یان پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌یه‌ك بێت، یاخود نوسیار (محرر) ئیدیتۆری ئێزگه، یان ته‌له‌فزیۆن بێت، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی كارایتر هه‌ن كه له دامه‌زراوه‌كه كار ده‌كه‌ن و له‌وانه‌یه له‌ڕووی ئاڕاسته و بۆچوونیاندا جیاوازییان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت.
- ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگایه پێویسته هه‌لومه‌رجی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا و دابونه‌ریته باوه‌كانی ڕه‌چاو بكات و به‌پێی توانا كێشه و ئارێشه به‌ربڵاوه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی بخاته‌ڕوو و تیشكیان بخاته سه‌ر.
ئه‌مه سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی نێره‌ره‌وه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نێره‌ر پابه‌نده به‌وه‌ی كه بیرۆكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی به كۆد بكات، واته گۆرینی بیرۆكه‌كه‌ی بۆ هێمای نوسراو (ڕۆژنامه و گۆڤار) و گۆڕینیشی بۆ هێمای نوسراو و پاشانیش بۆ بیستراو له (ئێزگه و ته‌له‌فزیۆن)دا، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر لێزانی و كارامه‌یی له بواری ڕاگه‌یاندندا وه‌ستاوه كه ڕۆژنامه‌نووس له‌ساڵانی خوێندنی له یه‌كێ له كۆلێژه، یان په‌یمانگاكانی ڕاگه‌یاندن فێری بووه، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووس كه ڕه‌چاوی ئه‌و چوارچێوانه بكات كه له نووسین و داڕشتنی هه‌واڵ، یا ڕاپۆرتدا به‌كاریان دێنێت، یاخود مه‌رجه‌كانی نوسینی ستوون، یا وتاری ڕۆژنامه‌نووسی هتد، ڕه‌چاو بكات، هه‌روه‌ها تووشی چه‌ندین فشار و پاڵه‌په‌ستۆی جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و ئامرازه‌ی كه به‌كاریدێنێت، بۆیه بۆ نمونه ده‌بێ واز له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و ڕاپۆرتانه بهێنێت كه به‌كارهاتوون، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له نوسینی وتاری دوور و درێژ كه خوێنه‌ر تووشی بێزاری ده‌كات و وه‌لانانی نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌ی سارد و سڕ و وه‌ڕسكه‌ر، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه له پێناو وه ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌ر (وه‌رگره‌كان) و پاراستنی درێژه‌دان به به‌كارهێنانی ئه‌و ئامڕازه ڕاگه‌یاندنه‌ی كه كاری تێدا ده‌كات، نابێ ئه‌وه‌ش له بیر بكه‌ین كه‌وا نێره‌ر وێنه‌یه‌كی دیاریكراوی له‌سه‌ر ئه‌و وه‌رگره‌ی كه په‌یامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێ له هزریدا جێگیر بووه، بۆ نمونه ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ی كه له ڕۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا كار ده‌كات وێنه‌یه‌ك له هزریدا سه‌باره‌ت به ئاره‌زوو و خواسته‌كانی منداڵ گه‌ڵاڵه بووه، منداڵیش هه‌ر به سروشتی خۆی حه‌ز له‌و نه‌خش و نیگاره ڕه‌نگا و ڕه‌نگانه ده‌كات كه به ده‌ست كێشراون، جگه له‌وێنه‌ی ئاژه‌ڵ و شێوه‌ی نامۆ و غه‌ریب و چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی هتد..
په‌یام
په‌یام له ڕۆژنامه یان گۆڤاردا بریتییه له: هه‌واڵ و ڕاپۆرت و چاوپێكه‌وتن و لێكۆڵینه‌وه (ریپۆرتاژ) و ستوون و سه‌روتار و وتاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاپرسی، به‌ڵام له ئیزگه‌دا بریتییه له: هه‌واڵ، ڕاپۆرت، چاوپێكه‌وتن، گۆرانی و مۆسیقا و به‌رنامه، له ته‌له‌فزیۆنیشدا بریتییه له فیلم و فلیمی كارتۆنی و به‌رنامه و مۆسیقا و هه‌واڵ و ڕاپۆرت و چاوپێكه‌وتن و گۆرانی هتد..
ئامڕاز
ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری زۆر و هه‌مه‌چه‌شنه‌ن، بۆ نموونه چاپكراو وه‌كو ڕۆژنامه و گۆڤار و ههندێكیتر كه له‌گه‌ڵ گوێدا وه‌كو (ئیزگه)، یان له‌گه‌ڵ گوێ و چاودا ده‌دوێن وه‌كو: (ته‌له‌فزیۆن)، هه‌ر یه‌كێكیش له‌م ئامڕازانه‌ی سه‌ره‌وه خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، بۆ نمونه ناكرێ له ڕۆژنامه و گۆڤار و ئیزگه‌دا فلیم پیشانبدرێ، هه‌روه‌ها بینه‌ر ناتوانێ ئه‌و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنیانه‌ی كه پێشكه‌شكراون دووباره بكاته‌وه، ته‌نها مه‌گه‌ر تۆمار كرابن، ئه‌مه بۆ به‌رنامه‌كانی ڕادیۆش هه‌روایه، كه‌چی خوێنه‌ر ده‌توانێ ڕۆژنامه و گۆڤارێك بپارێزێ و دواتر چه‌ندینجار بابه‌ته‌كانی ناوی بخوێنێته‌وه.
وه‌رگر
ئه‌و كه‌سه‌یه كه په‌یامه‌كه‌ی نێره‌ری ده‌گاتێ و بریتییه له خوێنه‌ری ڕۆژنامه و گۆڤار و گوێگری ئیزگه و بینه‌ری ته‌له‌فزیۆن، هه‌ر خۆیشی به‌م كارانه هه‌ڵده‌ستێ:
- هه‌ڵبژاردنی ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه
واته وه‌رگر ئازاد و سه‌ربه‌سته ل ههه‌ڵبژاردن و خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه ده‌یه‌وێ بیخوێنێته‌وه، یان گوێی لێبگرێت، یاخود بیبینێت، بۆ نمونه وه‌رگر سه‌ربه‌سته له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژنامه و گۆڤار‌و هه‌ر بابه‌تێك تیایاندا، هه‌روه‌ها سهربهستیشه له گوێگرتن له‌و ئیزگهیهی كه ده‌یه‌وێ گوێی لێبگرێ، یان ته‌ماشاكردنی ئه‌و كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌ی كه ئاره‌زووی بینینی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له ویست و ئاره‌زووی وه‌رگره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
- كه‌وتنه‌به‌ر كۆت و فشاری ئامڕاز
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه وه‌رگر ئازاده له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر ئامڕازێك بۆ به‌كارھێنانی، كه‌چی گه‌لێجار ناتوانێ به‌و بابه‌ته‌وه پابه‌ند بێ كه حه‌زی لێده‌كات و ده‌یه‌وێ بیزانێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی ئیزگه و ته‌له‌فزیۆن به‌رده‌وامه و وه‌رگر ناتوانێت له كاتی دیاریكراودا ته‌ماشای ئه‌و بڕگه‌یه بكات كه مه‌به‌ستێتی و ده‌یه‌وێ، چونكه له‌وانه‌یه بكه‌وێته ژێر فشاری ئامڕازهكهوه، بۆ نمونه ناتوانێت ته‌ماشای زینجیرهیهكی ته‌مسیلی بكات له كاتی به‌یانیاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا ناچاره بۆ سه‌ركاره‌كه‌ی بڕوات.
- وه‌رگر ده‌كه‌وێته به‌ر كاریگه‌رێتی ئامڕازهكه
شاره‌زایانی ڕاگه‌یاندن سه‌باره‌ت به‌م لایه‌نه ده‌ڵێن: ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری، ده‌توانێ كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر وه‌رگره‌كان هه‌بێت و سه‌رنجیان ڕابكێشێت و ئاراسته و ئاره‌زوویان بگۆڕێت به جۆرێك كه له‌گه‌ڵ خواست و ئاره‌زووی نێره‌ردا بگونجێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه وه‌رگریش ئه‌مانه‌ی خواره‌وه له‌خۆ ده‌گرێت
- وێنه‌یه‌كی هزری له‌سه‌ر ئه‌و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه هه‌یه كه تیایدا ده‌ژیت، چونكه ئه‌و باش له پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی سیاسی باوی وڵات و ڕاده‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی كه له وڵاته‌كه‌یدا فه‌راهه‌م كراوه، ده‌زانێ.
- بونیادی كه‌سێتی وه‌رگر
كه‌سێتی وه‌رگر تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ئاراسته و ئاره‌زوی ده‌روونی و دابونه‌ریت و باوه‌ڕ، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه له هه‌ڵبژاردنی ئاڕازهكانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری و په‌یامه‌كه‌ی كاریگه‌رێتی له‌سه‌ری هه‌بێت، بۆ نمونه كه‌سێكی لادێی حه‌ز له ته‌ماشاكردنی زنجیره تهمسیلییهك ده‌كات كه ڕووداوه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی لادێكان بێت، له كاتێكدا كه خه‌ڵكی شار حه‌ز له گوێگرتنی گۆرانی نوێ و هاوچه‌رخ ده‌كه‌ن.
- وه‌رگر ئه‌ندامێكه له جه‌ماوه‌ری به ئامانجكراو (المستهدف)
ئه‌و به یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره به‌رفراوانه‌ی كه ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری چاپكراو، بیستراو و بینراو به‌كارده‌هێنێت.
- ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگایه
واته وه‌رگر به یه‌كێك له ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگاكه‌ی داده‌نرێت و پارێزه‌ری دابونه‌ریته باوه‌كانه و ئه‌و ئامڕازانه‌ی ڕاگه‌یاندن به‌كارده‌هێنێت كه له‌گه‌ڵ كرمهڵگاكهی ده‌گونجێت.
ده‌نگدانه‌وه
ده‌نگدانه‌وه له وه‌رگره‌وه بۆ نێره‌ر ده‌گوازرێته‌وه وه‌كو وه‌ڵام و په‌رچه كردارێكی ئه‌و په‌یامه‌ی كه نێره‌ر بۆی ناردبوو.