ناوهڕۆك
زیادبوونی کێش دوای منداڵبوون
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ٪٦٥ خانمان دوای منداڵبوون قەڵەو دەبن و ئەگەر چەند ڕێگایەک نەگرنەبەر بۆ دابەزاندنی کێشیان ئەوا ئەم قەڵەوییەیان دەبێتە قەڵەوییەکی درێژخایەن.
ئەگەر دوای منداڵبوون کێشت دانەبەزێنیت ڕووبەڕوی چی دەبیتەوە؟
- نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزی فشاری خوێن و شەکرە
- ئەگەری نەخۆشی ڕۆماتیزم زیاد دەکات
- هەروەها ئەگەری توشبوون بە خەمۆکی لەم خانماندا زیاد دەکات
چ کاتێک گونجاوە بۆ دابەزاندنی کێش دوای منداڵبوون؟
دایکان دەبێت دوای منداڵبوون دوو مانگ چاوەڕێ بکەن و دواتر دەست بکەن بە دابەزاندنی کێشیان، تاکوو شیرپێدانی منداڵەکە جێگیر ببێت، دوای ئەوە دەست بکات بە کێش دابەزاندن و لەوانەیە بەردەوام بێت تاکوو ساڵێک زیاتر و پێویست ناکات پەلە بکات لە دابەزاندنی کێشیدا بەنزیکەیی ٪٥٠ کێشی زۆری جەستە ٦ هەفتە دوای منداڵبوون نامێنێت و لەناودەچێت، و ئەویتریشی دەبێت بە چەند ڕێگایەک دابەزێنیت.
چەند ڕێگایەک بۆ دابەزاندنی کێش دوای منداڵبوون
هەمەجۆری خۆراک
دەبێت سوود وەربگریت لە بەکارهێنانی پێنج گروپی خۆراک (میوەکان و سەوزەکان، چەرەسات، پڕۆتین و ماددە شیرەمەنیەکان) ئەو خۆراکانەی کە ئەم ماددانەیان تێدایە یارمەتی دابەزاندنی کێشی لەش دەدەن.
ئەو خواردنانە هەڵبژێرە کە وزەی زۆری تێدایە
لەوانەیە دوو خواردنت بۆ دابنێن کە لە ڕووی کالۆرییەوە یەک شت بن بەڵام بەدڵنییایەوە لەڕووی وزەبەخشەوە جیاوازن و تۆ ئەوەیان هەڵبژێرە کە زۆرترین بڕی وزەبەخشی تێدایە.
خۆراکی تەندروست بخۆ
ڕۆژانە پێنج ژەم خۆراک بخۆ بەڵام خۆراکی سووک و تەندروست وەک میوەکان و ماددە پڕۆتینیەکان.
حەزی خۆت کۆنتڕۆڵ بکە بۆ خواردن
هەر کاتێک کە ماددەی خۆراکی پڕ کالۆری دەبینت وەک و شوکولاتەکان و ساردەمەنیەکان هەوڵبدە نەیانخۆیت و خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت لەبری ئەوانە هەوڵبدە شوکولاتە و قاوەی بێ شەکر و تاڵ بخۆیت و هەروەها میوە و سەوزەکان بخۆیت.
بەباشی خواردنەکەت بخۆ
لەکاتی خۆراک خواردندا ئاگاداربە و پەلە مەکە و هەموو بیروهۆشت با لای خواردنەکە بێت و شتی کە سەرقاڵت نەکات زۆر بە سووکی و وردی خواردنەکە بجوە و هێواش نان بخۆ.
خواردنی خێرا مەخۆ
دوورکەوە لە خواردنی بازاڕ و خواردنە خێراکان کە هۆکارێکی سەرەکی قەڵەوین.
جەستەت بە شێداری بهێڵەرەوە
خانمی بەڕێز چونکە لەم ماوەیەشدا شیر دەدەیە جەستەی خۆت بەشێداری بهێڵەوە و ئاوی زۆر بخۆرەوە ڕۆژانە چونکە یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی شیر و کالۆری دەسوتێنێت.
دوورکەوەرەوە لە خواردنی شەکر و چەوری
خواردنەوە گازییەکان کە بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە و هەروەها خۆراکە شیرین و چەورەکان مەخۆ.
خواردنی ماڵەوە بخۆ
تا دەتوانیت دوورکەوە لە خواردنی دەرەوە و ئەو خواردنانە بخۆ کە لە ماڵەوە خۆت دروستی دەکەیت.
شێوازی ژیانت با پڕ جوڵە بێت
ژیانێکی پڕ جوڵە و بێ تەمەڵی زۆر یارمەتیدەرە بۆ کێش دابەزاندن، هەڵبەتە مەبەست تەنها وەرزش کردن نییە هەوڵبدە زۆر دانەنیشیت و پاڵنەکەویت و زوو زوو بجوڵێیت، تا دەتوانیت بجوڵێ و کارەکانت مەدە بەسەر کەسانی تردا، بۆ نموونە کاتێک تەلەفۆن دەکەیت هەوڵبدە بە هاتووچۆکردنەوە تەلەفۆنەکەت بکەیت و چوونە دەرەوەت هەبێت و پیادەڕەوی و زۆر سوود لە ئۆتۆمبێل وەرمەگرە مەگەر بۆ شوێنی زۆر دوور نەبێت.
بە هۆشیارییەوە وەرزش بکە
هەفتەی پێنج ڕۆژ و هەر ڕۆژەی ٣٠ تا ٤٥ خولەک وەرزش بکە، هەڵبەتە وەرزشی سوک و ئاسان چونکە تازە منداڵت بووە و دەبێت وریا بیت.
شیردان
شیردانی سروشتی دایک یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش و تاکوو دوو ساڵی شیر بدە بە منداڵەکەت با جەستەیەکی ڕێک و جوانت هەبێت.
خەوتن و پەستانی دەروونی
دوای منداڵبوون زۆر جار منداڵەکەت ناهێڵێت بخەویت و کەم خەوی هۆکارێکە بۆ قەڵەوبوون و هەروەها بەهۆی کەم خەوییەوە پەستانی دەروونیت لەسەر دەبێت کە ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ قەڵەوی و هەوڵبدە کە خەوت ڕێکبکەیتەوە.