ناوهڕۆك
نەخۆشی ڕۆماتیزم
خەندان بە ئامانجی پێدانی زانیاری دروست بە وەرگرانی، ھەماھەنگی لەگەڵ چەندین دكتۆری پسپۆر لە بوارە جیاوازەكاندا دەكات، لەم چوارچێوەیە، «دكتۆر سۆران محەمەد غەریب» پسپۆری نەخۆشیەكانی ڕۆماتیزم و ئێسك و جومگە تایبەت بە خەندان ئەم زانیاریانەی لەسەر نەخۆشی ڕۆماتیزم نووسیوە.
نەخۆشی رۆماتیزم بریتیە لە ھەوكردنی درێژخایەنی جومگە، بە شێوەیەكی سەرەكی تووشی جومگە بچوكەكانی دەست و قاچ دەبێت، ئەم نەخۆشیە تووشی ھەزاران خەڵك دەبێت لەسەرانسەری جیھاندا، كاردەكاتە سەر دیوەی ناوپۆشی جومگەكان و ئازار و ھەڵئاوسان لە جومگەكەدا دروست دەكات، دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ دەبێتە ھۆی تێكچونی شێوەی جومگەكە.
نیشانەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم
١- ئازاری جومگەكان لەكاتی جوڵاندندا.
٢- ڕەقبوونی جومگەكان.
٣- نەمانی جوڵەی جومگەی تووشبوو، بەشێوەی ئاسایی پێشوی خۆی.
٤- دروستبوونی ھەڵئاوسانێك لەژێر پێستەوە، بە تایبەتی لە قۆڵدا كە پێدەوترێت «گرێی ڕۆماتیزمی».
٥- خەمۆكی، تا، دابەزینی كێش.
نەخۆشی ڕۆماتیزم لەسەرەتادا تووشی جومگە بچوكەكانی دەست و قاچ دەبێت، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی نەخۆشیەكە و تێپەڕبوونی كات، كاردەكاتە سەر جومگەكانی (ئانیشك، شان، ئەژنۆ، سمت یان حەوز، جومگەی پاژنەی پێ).