ناوهڕۆك
لە هاویندا چۆن ڕۆژەکانمان بەسەر ببەین؟
هەرچەند هاوین بە واتای پشوو هاتووە و زۆرینە دەوام و کاریان نییە تێیدا، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە تەنها بخەویت و بخۆیت و هیچ شتێک نەکەیت، بەڵکوو دەبێت بەدوای ئەو شتانەدا بڕۆیت کە ڕۆژانی سەرقاڵی و کار ئارەزووت لێیبووە و بەڵام هەلت بۆ نەڕەخساوە و ئێستا هاوین دەرفەتێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەو کارانەی کە ئارەزووت لێیبوو بیکەیت.
گەشت کردن
گەشت کردن نەک تەنها گرنکە بۆ دڵ و دەروونت بەڵکوو گرنگە تاکوو شتی زیاتر فێرببیت و زانیاری باشت دەست بکەوێت لەسەر هەر شتێک، گەشت کردن بۆ ناوچە فێنکەکان کە یارمەتیدەرە تاکوو لە گەرمای بێزارکەری هاوین ڕزگارت ببێت یاخود ڕۆشتن بۆ ماڵی خزم و کەسوکار و بەسەر کردنەوەیان و گەشت کردن بۆ باخچەی ئاژەڵان و مۆزەخانە و بینینی شوێنە دێرینەکان، مەرج نییە گەشتی گەورە بکەیت و تێچووی زۆری بوێت، بە گەشت کردن بۆ گوندێکی نزیک شارەکەت چێژ لە سروشتەکەی وەردەگریت و دڵ و دەروونت ئارام دەبێتەوە.
بەشداریکردن لە خولەکانی هاویندا
بێگوومان هەموو کەسێک بەهرەیەکی هەیە و حەز و خولیایەکی تایبەتی بۆ شتێک هەیە، بۆ نموونە کەسانی هونەردۆست ئیتر لە هەر بوارێک کە حەزیان لێبێت دەتوانن بڕۆنە خولەکانی (پەیکەرسازی، وێنەکێشان، مۆسیقا، نوسین) یاخود خولی دروومان بۆ خانمان و هەروەها خولەکانی ئەو وانانەی کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوو لە قوتابخانە بیخوێنێت و هەروەها خولی فێربوونی زمانەکان.
وەرزشکردن
پشووی هاوین هەلێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشیان زیادە و بەهۆی سەرقاڵییەوە نەیانتوانیووە بڕۆن کێشیان داببەزێنن و وەرزش بکەن، هەروەها ئەو کەسانەشی کە لەشولاریان ڕێکە گرنگە بە هەمان شێوە کە وەرزش بکەن و ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن.
سەیرکردنی فیلم و دراما
سەیرکردنی فیلم و دراما جگە لەوەی کە دەتوانیت کاتەکانی هاوینی پێ بەڕێبکەیت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ فێربوونی زمانێکی جیاواز و فێربوونی دابونەریتی وڵاتانی دیکە، هەڵبەتە فیلم تەنها سەیرکردن و کات کوشتن نییە بەڵکوو دەبێت بزانیت بۆ تەمەنی خۆت و حەزی خۆت چ جۆرە فیلمێک هەڵدەبژێریت و دووربکەویتەوە لە فیلمی بیهێز و ئەو فیلمانە هەڵبژێرە کە لەگەڵ کەسایەتی خۆتدا دەگونجێت و دەتوانیت سوود و چێژی لێببینیت.
خوێندنەوەی پەرتووک
باشترین هاوڕێت لە تەنهاییدا پەرتووکە، لەبری ئەوەی کە کاتی خۆت بە فیڕۆ بدەیت لە کاری بێکەڵکدا ئەوا پەرتووک بخوێنەرەوە، دەتوانیت هەموو جۆرە بابەتێکت دەست بکەوێت وەک بابەتەکانی (ڕۆمان، ئەدەبی، فەلسەفی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، زانستی، هونەری... هتد) بزانە حەزت لە چ بابەتێکە ئەوا ئەوەیان بخوێنەوە و لەو بوارەی کە حەزت لێیەتی خۆت پڕ زانیاری بکە، ئێستا پەرتووک خوێندنەوە زۆر ئاسان بووە و دەتوانیت بە ئاسانی بەشێوەی فایلی (PDF) دەستت بکەوێت و بیخوێنیتەوە.
قسەکردن لەگەڵ خێزانەکەتدا
تەنها ئەوانەی لە سەرەوە باسکران مەرج نییە بۆ تێپەڕاندنی هاوینەکەت و قسەکردن لەگەڵ خێزانەکەت و دانیشتن لەگەڵیان زۆر پێویستە، منداڵەکان و دایک و باوکان پێویستە هەمیشە پەیوەندیەکی باشیان هەبێت و لە یەکەوە نزیک بن، دایک و باوک دەتوانن لە زۆر کاری ژیانتدا یارمەتیدەرت بن بەو مەرجەی کە پەیوەندیەکی باشت هەبێت لەگەڵیاندا، هەروەها پەیوەندیت لەگەڵ خوشک و براکانتدا بە هەمان شێوە گرنگە، دەبێت وەک هاوڕێ بن و پێکەوە یاری بکەن و لە کێشەکاندا یارمەتیدەری یەک بن.
ڕۆشتن بۆ باخی میوە
ئەگەر باختان هەیە ئەوا هاوین هەلێکی زۆر باشە کە بتوانیت زیاتر خزمەتی باخ بکەیت و زیاتر سەردانی بکەیت، هاوین بە وەرزی میوەکان ناسراوە چەندەها جۆری جیاواز میوەی بەتام هەیە و لە باخ و باخاتەکاندا زۆرە، لێکردنەوەی میوەکان و پاککردنەوەی باخ و گەڕان بەناو باخەکەدا هەستێکی تایبەت و دڵخۆشییەکی زۆرت پێ دەبەخشێت.
ناشتنی گوڵ و گیا
ناشتنی گوڵ و گیای جۆراوجۆر لە ماڵەکەتدا و خزمەتکردنیان، جگە لەوەی هەستێکی تایبەتت پێ دەبەخشێت بە هەمان شێوە جوانییەکی زۆر دەبەخشێت، بە ماڵەکەت و ڕازاوەی دەکات، تەنانەت ناشتنی گوڵێکی زۆر بچوکیش گۆڕانکاریەکی تەواو دەکات لە ماڵەکەتدا و هەروەها لە دڵ و دەرونیشتدا.
سوود وەرگرتن لە کەلوپەلی کۆن
بەهۆی سەرقاڵییەوە لە کاتەکانی ترتدا لەوانەیە چەندەها شتت خستبێتە ژێرزەمین یاخود شوێنێکەوە کە پێویستت پێیان نەبووە، هاوین هەلێکی باشە بتوانیت بگەڕێیت لە ناویاندا و شتی تایبەت بدۆزیتەوە و بتوانیت سوودیان لێ وەربگریت و شتی نوێیان لێ دروست بکەیت یاخود لە شتی تردا بەکاری بهێنیتەوە.
خواردن و خواردنەوەی نوێ دروست بکە
دەتوانیت بگەڕێیت و ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە پێشتر هەلی ئەوەت نەبووە تاقیبکەیتەوە و دروستی بکەیت، لە هاویندا دەتوانیت هەر ڕۆژێک و خواردنێک و خواردنەوەیەکی نوێ دروست بکەیت و چێژی لێ ببینیت.
مەلەکردن
مەلەکردن جگە لەوەی جەستەت فێنک دەکاتەوە و لە گەرمای هاوین ڕزگارت دەکات، وەرزشێکی زۆر سودبەخشیشە بۆ تەندرووستی جەستەت.
ئایسکرێم دروست بکە
خواردنی ئایسکرێم لە هاویندا زۆر باوە و جەستەت فێنک دەکاتەوە، دەتوانیت لە ماڵەوە خۆت دروستی بکەیت و گۆڕانکاری تێدا بکەیت بە دڵی خۆت و تام و بۆنی جیاوازی بۆ بەکاربهێنیت و جیاواز بێت لەوەی کە دەیکڕیت.