پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-01-17:28:00 - کۆدی بابەت: 5700
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

ناوه‌ڕۆك

پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان چییە؟

زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان یاخود توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان بریتین لەو بوارانەی کە بە شێوەیەکی ئەکادیمی هەریەکە لە سیاسەت و ئابووری و دیبلۆماسیەت و یاسا بەیەکەوە دەبەستنەوە لەسەر ئاستی جیهان لە نێوان وڵاتاندا، بەم پێیەش دەبێتە لقێک لە زانستی سیاسەت، یاخود بوارێکی ئەکادیمیی تێکەڵ بە یەک وەک توێژینەوە جیهانییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکۆڵێتەوە لە پەیوەندیی نێوان سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، وەک وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە حکومییەکان، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان، هەروەها کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان و جۆرە جیاوازەکانی ئەو سیستمە جیهانیانەی بەهۆی چالاکیی نێوان دەوڵەتانەوە دروستبوون، پسۆڕیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بریتییە لە بواری سیاسەتی ئەکادیمی و گشتی، بەم شێوەیەش سیاسەتە دەرەکییەکان شیدەکاتەوە و پێشنیار دەکات.

پسپۆڕیی پەیوەندییە نێوەدوڵەتییەکان

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوارێکی تێکەڵ بە یەکە، دەکۆڵێتەوە لە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکان، ئەم زانستە دەزانێت کە کارتێکەرە جیهانی و بارودۆخە ناوچەیی و جوگرافییەکان چۆن کاریگەری دەکەنە سەر شێوەی پەیوەندیی نێوان وڵاتان و لایەنە کاریگەرەکانی سەر شانۆی جیهانی، لە کاتی خوێندنیدا خوێندکاران بە هەموو توانا سەرەکیی و زانیارییە پێویستەکان ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی توانای تێگەیشتنیان لە بەشێک لە هەڵبژاردە و نشێوییەکانی ئەم مەیدانە ئاڵۆزە هەبێت، ئەو بوارانەی لە خوێندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەن دەگەنە نزیکەی 30 بوار، ئەمە دەکرێت لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە بگۆڕێت، بەڵام لێرەدا باسی گرنگترینیان دەکەین:

  • سیاسەتی نێودەوڵەتی: لە چەند بەشێک پێکهاتووە، دیارترینیان: پێشەکییەک دەربارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەروازەی زانستە سیاسییەکان، دەروازەی زانستی کۆمەڵناسی، دەروازەیەک لە مێژووی هاوچەرخ.
  • سیاسەتی بەراوردکاری: ئەمەش لە چەند بەشێک پێکدێت، گرنگترینیان: مێژووی سیستەمی نێودەوڵەتی، پێشەکییەک لە سیاسەتی بەراوردکاری، دیموکراسی و گەشەپێدان و سەروەریی یاسا.
  • سیاسەتە دەرەکییەکان: لە چەندین بەش پێکدێت، هەندێکیان فەرزە لەسەر خوێندکار و هەندێکیشیان ئیختیاری، لە دیارترینیان: جەنگی سارد، مێژووی جیهانی، ئەمریکا وەک هێزێکی جیهانی، پەیوەندییە دەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، مێژووی جیهان لە ساڵی 1914ز ـەوە هەتا ئێستا، سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپی، سیاسەتە دەرەکییەکانی ڕوسیا و چین سیاسەتە دەرەکییەکان لە مێژووی هاوچەرخدا، دیبملۆماسیەت لەسەر ئەرزی واقیع، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، ئابووریی جیهانی، جەنگ و ئاشتی لە سیاسەتی دەرەکیدا، پارادۆکسەکانی سیاسەتی دەرەکی. 
  • زانستەکانی سەرژمێری و داتاکان: ئەم بوارە کۆمەڵە بەشێک لەخۆدەگرێت کە یارمەتیدەری بەدەستهێنانی کۆمەڵە تواناییەکی گرنگی تێدایە، وەک: دەروازەیەک بە ڕووی شێوازەکانی سەرژمێری لە لای زانا کۆمەڵناسەکان، زانستی داتا و زانیارییە سیاسییەکان، دەروازەیەک بە ڕووی شێوازەکانی سەرژمێری و دروستکردنی ژینگەیەکی تاقیکاریی ناڕاستەقینە.

بوارەکانی کارکردنی پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بریتییە لە پسپۆڕییەکی فرە لق، هەروەها ڕێگە بە خوێندکارانی بوارەکە دەدات کە توانای تێگەشتنیان لە ئاڵۆزییەکانی بوارەکە هەبێت لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، هەروەها جێبەجێکردنی ئەم زانستە لە ژیانی ڕۆژانەیدا ئاسان دەکات، لەبەر ئەوەی کە هەڵبژاردەکانی ژیانی پیشەیی ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەو شتانەوە هەن کە لە بوارەکەدا دەخوێنرێن، وەک:

  • بەرپرس لە خزمەتگوزاری مەدەنی.
  • بەرپرس لە خزمەتگوزاری دبلۆماسی.
  • بەرپرس لە دامەزراوەکانی توێژینەوە کۆمەڵایەتی و حکومییەکان.
  • شیکەرەوەی هەواڵگریی ئەمنی.
  • کارمەندی یاریدەدەری نێودەوڵەتی لە بواری گەشەپێدان.
  • بەرپرسی سیاسی لە کارە سیاسییە ڕاستەقینەکاندا.
  • شیکەرەوە لە بواری مەترسییە سیاسییەکان.
  • ڕاوێژکاری حکومی یان نێودەوڵەتیی لە بابەتە گشتییەکاندا.
  • کارمەند یان بەرپرس لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا.


سەرچاوەکان



3768 بینین