پڕۆگرامی ناوەندی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-10-22:59:00 - کۆدی بابەت: 5833
پڕۆگرامی ناوەندی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆگرامی ناوەندی بریتییە لە پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەر کە هەڵدەستێت بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ پڕۆگرامەکانی تری کۆمپیوتەرەکە بێجگە لەو خزمەتگوزاریانەی کە سیستمی کارپێکەرەکە دابینی دەکات، هەروەها زۆرجار پێیدەوترێت چەسپی پڕۆگرام (software glue).

پڕۆگرامی ناوەندی ئاسانکاری بۆ پەرەپێدەری پڕۆگرامەکان (Programmer) دەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان یەکەکانی وەرگر و دەرکەر (input/output)ـدا، بەبۆنەی ئەم ئاسانکارییەوە پەرەپێدەرەکان دەتوانن زیاتر گرنگی بدەن بە شێوازی کارکردنی پڕۆگرامەکانیان، پڕۆگرامی ناوەندی لە ساڵەکانی 1980 دا زیاتر بەناوبانگ بوو کە چارەسەری کێشەی پەیوەندی پڕۆگرامەکانی دەکرد بۆ سیستمە کۆنەکان، بەڵام ئەم دەستەواژەیە لە ساڵی 1968 هەیە و بەکاردەهێنرێت.

لە پڕۆگرامە بڵاوکراوەکاندا

دەستەواژەی پڕۆگرامی ناوەندی زیاتر بۆ ئەو پڕۆگرامانە بەکاردێن کە هەڵدەستن بە دروستکردن و ڕێکخستنی پەیوەندی لە پڕۆگرامە بڵاوکراوەکاندا، پڕۆگرامە بڵاوکراوەکان (بە ئینگلیزی: distributed applications) بریتییە لەو سیستمانەی کە لە چەندین کۆمپیوتەر پێکدێن و لە ڕێگەی تۆڕێکەوە پێکەوە بەستراون، ڕێخراوی (IETF) لە ساڵی 2000 ڕایگەیاند کە پڕۆگرامی ناوەندی بریتییە لە "ئەو خزمەتگوزاریانەی کە دەکەونە سەروی چینی گواستنەوە (Transport layer) و خوارەوەی چینی ئەپڵیکەیشن (Application layer)"، پڕۆگرامە ناوەندییەکان وەک، وێب سێرڤەر، ئەپڵیکەیشن سێرڤەر و سیستمی رێکخستنی بەرهەمەکان (content management systems)، هەروەها ئەو کەرەستانەی کە یارمەتی گەشەپێدان و گەیاندنی پڕۆگرامەکان دەدات.

هەندێک لە سێرڤەری داتابەیسەکان بە پڕۆگرامی ناوەندی دادەنرێن وەک (Open Database Connectivity) لەگەڵ (Java Database Connectivity).

لە کۆمپیوتەری بڵاوکراوەدا (Distributed computing)، پڕۆگرامی ناوەندی دەکرێت بە دوو بەشەوە، کە یەکەمیان خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە مرۆڤەکان دەکات، وەک لە کاتی کردنەوەی وێب سایتەکان، بەڵام جۆرەکەی تری زیاتر لە سیستمە ئاڵۆز و داخراوەکاندا بەکاردێت، وەک تێلێکۆم و پیشەسازییە ئاسمانییەکان (aerospace industries).

چەند نموونەیەکی تر

  • دەستەواژەی پڕۆگرامی ناوەندی لە حاڵەتی تریشدا بەکاردێت، بۆ نموونە هەندێکجار بە پڕۆگرامی ناسێنەر (تعريف) دەوترێت پڕۆگرامی ناوەندی.
  • سیستمی کارپێکەری ئەندرۆید لە ناوکەکەیدا (بنەچەکەیدا) سیستمی لینۆکس (Linux) بەکاردەهێنێت، کە ئەمەش جۆرێکە لە پڕۆگرامی ناوەندی.
  • پڕۆگرامی ناوەندی هەندێک جار بەو پڕۆگرامانەش دەوترێت کە دوو ئەی پی ئای لەیەک جیا دەکەنەوە، (ئەی پی ئای، بە ئینگلیزی: API، بەو خزمەتگوزارییانە دەوترێت کە خزمەتگوزاری پێشکەشی بەکارهێنەران دەکەن).
  • بزوێنەری یارییەکانی وەک، گەیم بریۆ (Gamebryo) و رێندەروێر (RenderWare) هەندێکجار پێیان دەوترێت پڕۆگرامی ناوەندی، چونکە چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن بۆ ئاسانکردنی گەشەپێدانی یارییەکان.
  • سیستمی کارپێکەری (QNX)، کە لە ئۆتۆمبێل و فڕۆکەکاندا بەکاردێت پڕۆگرامی ناوەندی بەکاردەهێنێت.
  • دیاریکەری لەرەلەری ڕادیۆ (Radio-frequency identification)، کۆمەڵە کەرەستەیەکن کە بەکاردێن بۆ نەهێشتنی دەنگەدەنگ و داتای ناپێویست، کە بەهەمانشێوە پڕۆگرامی ناوەندین.


سەرچاوەکان



569 بینین