گێچەڵی ئەلیکترۆنی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-19-22:08:00 - کۆدی بابەت: 9084
گێچەڵی ئەلیکترۆنی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنی یان گێچەڵی ئەلیکترۆنی (بە عەرەبی: الأبتزاز الکتروني، بە ئینگلیزی: Electronic blackmail) بریتییە لە سەرانە و پارە وەرگرتن و فشارکردن لە کەسێکی دیاریکراو لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوه، لەگەڵ ناچارکردنیان بۆ ئەنجامدانی کار و کردەوەی نادروست، لە ئەگەری نەکردن یان ئەنجام نەدانی کاری داواکراو لەلایەن قوربانییەکەوە، هەڕەشەی ئاشکراکردنی نهێنی و ئابڕووبردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی و وێنەی تایبەتی قوربانییەکە لەلایەن گێچەڵپێکەرەوە بڵاودەکرێتەوە.
گێچەڵی ئەلیکترۆنی لە کێشە باو و نوێیەکانی سەردەمە، لەدوای بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیا و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم کێشەیە لە کۆمەڵگەکان زۆر بڵاوبووەوە.

جۆرەکانی گێچەڵی ئەلیکترۆنی

گێچەڵی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی ماددی

لە بەربڵاوترین جۆرەکانی گێچەڵی ئەلیکترۆنییە، لە ڕێگەی هاککردنی ئامێری کەسی قوربانییەکە داتا و زانیاریی و وێنەی تایبەتی دەدزرێت، دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە و زانیارییانە لە دژی قوربانییەکە دەکات، بۆیە ئەو کەسەی کە کارەکەی کردووە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی زانیارییەکان زۆرجار داوای بڕێک پارەی زۆر لە قوربانییەکە دەکات. ئەم جۆرەی گێچەڵپێکردن زۆر باوە، دەکرێت ئەو کەسەی کارەکەی ئەنجامداوە چەند جارێک داوای پارە لە کەسی قوربانی بکاتەوە، ئەم جۆرە گێچەڵ پێکردنە ڕووبەڕووی زۆرێک لە کۆمپانیا جیهانی و کەسە ناودارەکان دەبێتەوە.

گێچەڵ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی

ئامانجی ئەم جۆرەی گێچەڵکردن بریتییە لە وەرگرتنی سوود یان قازانج لە کەسی قوربانییەکه، واتا کەسەکە لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەر کارێک بیەوێت لە قوربانییەکە داوای دەکات، وەک جێبەجێکردنی داواکاریی یان داواکردنی خزمەتگوزاری یان بەدەستهێنانی پلە و پۆست لە ڕێگەی هەڕەشە کردن و گێچەڵکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانەوە.

گێچەڵی ئەلیکترۆنی سێکسی

لەم جۆرەدا تاکە ئامانجی کەسی گێچەڵپێکەر بەکارهێنانی قوربانییەکەیە بۆ مەبەستی سێکسی، زۆربەی قوربانیانی ئەم جۆرە هەرزەکاران و کچانی لاون کە بەهۆی ناهۆشیاری و ترسەوە دەبنە قوربانی ئەم گێچەڵ پێکردنە و ئامادەی هەر کارێکن کە بیکەن تەنها بۆ ئەوەی زانیاریی و وێنەکانیان بڵاونەکرێتەوە.

هۆکاری بڵاوبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی

ناهۆشاریی و ناڕۆشنبیریی تاکەکان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیەی کۆمەڵگەن. بەردەستبوونی ئامێرە تەکنەلۆجییەکان و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەموو تاکێک لە تەمەنە جیاوازەکان و بەبێ هیچ سنوورێک کڕۆکی سەرەکی ئەم کێشەیەن. هاوکات بەهۆی بەربڵاوی چەند چەمکێکی نموونەی لەکەدارکردنی شەڕەف و ناوبانگی نێو کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کچان و ژنان قوربانی یەکەمی گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنیین، هەندێک لە ترسی ئابڕووچوون ئامادەن هەموو شتێک بکەن و زۆرکات بێدەنگ دەبن، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکە ڕەفتاری دروست ئەنجام نادەن.
بەربڵاوی تەکنەلۆجیا، بۆشایی هەست و سۆزەکان، کێشە و لێک ترازانی نێو خێزان، توندوتیژیی خێزانی، نەخۆشی و ئاڵۆزییەکانی باری دەروونی، نەبوونی ڕێکاری دروست و چاودێری لایەنی پەیوەندیدار، لە ئێستادا هەموو ئەمانە یارمەتیدەری بڵاوبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنیین.

لەکاتی ڕووبەرووبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی پێویستە چی بکرێت؟

هەر کەسێک ئەکەر تووشی گێچەڵی ئەلیکترۆنی بووەوە پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات:
ـ یەکەم هەنگاو لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی بریتییە لە شپرزەنەبوون و ئارامگرتن، پێویستە بەهۆی ترسەوە کۆنتڕۆڵی خۆت لەدەست نەدەیت، بە دروستی ڕەفتار بکەیت.
ـ بەهیچ جۆرێک وەڵامی نادروستی کەسی گێچەڵپێکەر مەدەرەوە نامەکانی پشتگوێ بکە، بەهیچ جۆرێک ترسی خۆتی بۆ دەرمەبڕە و وەڵامی ڕاستەوخۆی مەدەرەوە، چونکە چەند هەست بە لاوازی تۆ بکات داواکاری زیاتر دەبێت.
ـ ڕاستەوخۆ پەنا بۆ کەسێکی باوەڕپێکراو بەرە، تاکێکی نێو خێزان بێت یان هاوڕێیەکی نزیکی باوەڕپێکراو بێت، تاکوو هاوکاریت بکات و ڕێنوێنیت بکات.
ـ بەهیچ جۆرێک هیچ نامەیەکی کەسەکە مەسڕەوە، ناو و وێنەی کەسەکە لەلای خۆت تۆمار بکە، هەر زانیارییەک هەر چەند بچووک بێت یان سادەترین نامە دەکرێت وەکوو بەڵگەیەکی گرنگ سوودی هەبێت، نامە یان هەڕەشەی توندوتیژی و یان هەر هەڕەشەیەک کە دژی تۆ بێت لە ڕێگەی یاساوە سوودی زۆری هەیە.
ـ وشەی نهێنی هەموو ئەکاونت و ئێمێڵەکانت بگۆڕە و هەوڵبدە ڕێگری بکەیت لەوەی کەسی گێچەڵپێکەر چاودێری ئەکاونتەکانت بکات.

ـ پێویستە بە دانایی و زیرەکییەوە ڕەفتار بکەیت، بەهیچ جۆرێک داواکارییەکانی کەسی گێچەڵپێکەر جێبەجێ مەکە.
ـ مەهێڵە ترس و تۆقین ڕێگر بێت و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵت بکات، بەهیچ جۆرێک ناچاری داواکارییەکانی کەسی گێچەڵپێکەر مەبە چونکە ئەگەر جارێک داواکارییەکانیت پەسەند کرد، ئەو بەکارتدەهێنێت و داواکارییەکانی چەندبارە دەکاتەوە و بە ئاسانی کۆڵ نادات.
ـ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و پەیوەندی کردن بە پۆلیسەوە. 
ـ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕێگەی ئاسایشی نیشتمانییەوە لە بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، هێڵێکی گەرمی دابینکردووە بۆ هەر تاوانێکی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ژمارەی 131 و 533 دەکرێت پەیوەندی پێوە بکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش هێڵی گەرمی تایبەت بە کێشەکانی ژنان بوونی هەیە کە ژمارەکەی 119ـەیە دەکرێت سوودیان هەبێت، یان دەتوانیت ڕاستەوخۆ سکاڵا لە نزیکترین بنکەی پۆلیسی ناوچەکەی خۆت لەسەر کەسەکە تۆمار بکەیت و نامەکانی وەکوو بەڵگەی سەرەکی لە دژی بەکاربهێنیت.

ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە گێچەڵی ئەلیکترۆنی

ـ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەنێو خێزان و خوێندنگا و فێرگەکان، بە ئامانجگرتنی منداڵان و لاوان و هەرزەکاران و هاوکاریکردن و هۆشیارکردنەوەیان، چونکە زۆربەی قوربانیانی گێچەڵە ئەلیکترۆنییەکان کەسانی تەمەن هەرزەکارانن.
ـ لەکاتێکدا ئەگەر کەسێک دووچاری کێشەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی بوو و پەنای بۆ تۆ هێنا، پێویست بە لۆمەکردن و توڕەبوون و ڕەفتاری نادروست ناکات، چونکە کێشەکان ئەوەنەی تر قووڵ دەبنەوە و کات بە فیڕۆ دەدەن، بۆیە پێویستە ڕاستەوخۆ ڕێکاری یاسایی توند بگیرێتە بەر و بە یاسایی کێشەکان چارەسەر بکرێت و سکاڵا لەسەر کەسی تاوانبار تۆمار بکرێت.
ـ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند دژی کەسی گێچەڵپێکەر و دەرخستن و ناساندنیان لە نێون خەڵکی.
ـ وەرنەگرتنی داوای هاوڕێتی و وەڵام نەدانەوەی کەسانی نەناسراو لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ـ سنووردارکردنی هاوبەشیکردنی زانیارییە تایبەتی و کەسێتییەکان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ـ نەکردنەوەی سایت و ماڵپەڕی ناڕوون و نەناسراو، بە تایبەتی ئەو جۆرانەی کە داوای پڕکردنەوەی زانیاریی کەسی دەکەن، چونکە ڕێگایەکی باوە بۆ هاککردن و لەلایەن هاککەرانەوە زۆر بەکاردەهێنرێت.
ـ هاوبەشی پێنەکردنی هیچ ڤیدیۆ یان وێنەی زۆر تایبەتی لە نێو هەندێک جۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت لەگەڵ کەسی نزیکیشدا چونکە لە کاتی هاککردندا ئەگەری بڵاوبوونەوەی زۆرە.
ـ هەندێک پەیج و سایتی ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کار، پەیجی کڕین و فرۆشتنی شتومەک، پەیجەکانی کارکردن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، پەیجەکانی چارەسەری دەروونی و پزیشکی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، سایتی ناڕوون و پەیجی نوێ و نەناسراو، هەموو ئەمانە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ هاککردن و دزینی زانیاریی کەسی، بۆیە ئەگەر لە هەر پەیجێک یان سایتێک دڵنیا نەبوویت بە هیچ جۆرێک سیڤی یان زانیارییەکانت مەنێرە.
ـ دانان و بەکارهێنانی وشەی نهێنی بەهێز لەسەر ئەکاونتی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەدووربە لە بەکارهێنانی وشەی نهێنی ئاسان و باو نموونەی ناوی خۆت و ڕێکەوتی لەدایکبوون.
ـ لە کاتی فرۆشتنی مۆبایلدا، تەنها سڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆ و زانیارییەکانت بەس نییە، بەڵکوو پێویستە مۆبایلەکەت فۆڕمات بکرێت تاکوو هەموو زانیارییەکان بە تەواوی نەمێنن، دەکرێت لە ڕێگەی سایتی (Drfone) دڵنیابیتەوە کە هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەک لە مۆبایلەکەتدا نەماون.

سزای گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنی لە عێراق

لە یاسای سزادانی عێراقی گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنی و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان یاسایەکی تایبەتیان نییە، بەڵام هەر بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای لەسەرە. بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ـی ساڵی 1969 لە دەستووری عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەو یاسایە بریتییە لەوەی کە هەرکەسێک گێچەڵ یان هەڕەشە لە کەسانی تر بکات، یان  بەزۆر پارە و سامان یاخود هەرشتێک بەبێ ویستی کەسەکان وەربگیرێت سزای زیندانی هەیە و ماوەکەی دەگاتە حەوت ساڵ، ئەگەر تاوانەکە بە زۆرەملێ بێت و بە توندوتیژی بکرێت سزای زیندانییەکەی بۆ دە ساڵ درێژ دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



559 بینین