ئەنفلۆنزای بەراز H1N1

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-17-15:53:00 - کۆدی بابەت: 5929
ئەنفلۆنزای بەراز H1N1

ناوه‌ڕۆك

ئەنفلۆنزای بەراز

ئەنفلۆنزای بەراز کە ناسراویشە بە H1N1 نەوەیەکی تا ڕاددەیەک نوێیە لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، کە دەبنە هۆی کۆمەڵێک نیشانەی هاوشێوەی نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئاسایی، دروستبوونی ئەم ڤایرۆسە لە بەرازەوە بوو بەڵام بە دەرەجە یەک لە نێوان مرۆڤەکاندا دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٩ لە مرۆڤدا دۆزرایەوە و بە درم ناسێنرا، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە درمەکە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٠ کۆتایی هاتووە، لەو کاتەشەوە ڤایرۆسی H1N1 بە ئەنفلۆنزای ئاسایی ناسێنراوە، هەروەها بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە لە وەرزی ئەنفلۆنزادا وەکوو نەوەکانی تری ئەنفلۆنزا. 

نیشانەکانی توشبوون بە ئەنفلۆنزای بەراز 

نیشانەکانی ئەنفلۆنزانی بەراز تا ڕاددەیەکی زۆر هاوشێوەی نیشانەی ئەنفلۆنزای ئاساییە، کە ئەمەش جیاکردنەوەی ئەم ئەنفلۆنزایە لە ئەنفلۆنزای ئاسایی قورس دەکات، کە نیشانەکان بریتین لە:

  • لەرز و سەرما. 
  • تا
  • کۆکە.
  • هەوکردنی قوڕگ.
  • داکەوتنی ئاوی لووت و داخرانی لووت.
  • ئازار لە جەستەدا. 
  • گێژبوون.
  • سکچوون.
  • سەرسوڕهاتن و هێڵنجدان. 

هۆکارەکانی توشبوون بە ئەنفلۆنزای بەراز

چەند هۆکارێکی کەم هەیە بۆ توشبوونی مرۆڤ بە ئەنفلۆنزای بەراز H1N1، کە هۆکارەکەش بەرکەوتنە بە بەراز یان کەسانی توشبوو بە ڤایرۆسەکە، واتا:

  • بەرکەوتن بە بەرازە توشبووەکان: ئەم جۆرەیان لە بەربڵاوترین هۆکارەکانە بۆ توشبووون بە ڤایرۆسەکە، واتا هەر بەرکەوتنێک لەگەڵ بەرازە توشبووەکان ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات. 
  • بەرکەوتن بە مرۆڤی توشبوو: ئەمەیان ڕێگا کەمترەکەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای بەرازە، بەڵام مەترسییەکی گەورەیە بەتایبەت بۆ ئەوانەی لە بەرکەوتنی بەردەوامی کەسانی توشبوودان، لەو حاڵەتانەی کەسی توشبوو کەسێکی تر توشدەکات، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ پێویستییە لەگەڵ کەسی توشبوو، زۆرجار ئەمە لە ناو کۆمەڵێکی داخراوی خەڵکدا ڕوودەدات.

دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای بەراز H1N1

دەستنیشانکردنی توشبوون بە ئەنفلۆنزای بەراز زۆرجار لە ڕێگەی چاودێریکردنی نیشانەکانەوە دەبێت، هەروەها تاقیکردنەوەیەکی خێرا هەیە کە پێی دەوترێت دەستنیشانکردنی خێرای ئەنفلۆنزا، کە دەکرێت یارمەتیدەربێت لە ناسینەوەی ئەنفلۆنزای بەراز، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تاقیکردنەوانە ڕێژەی کارکردنی جیاوازە و ڕەنگە ئەنجامێکی نەرێنی بدات وێڕای بوونی ڤایرۆسەکە، بەڵام تاقیکردنەوەی زۆر وردتر لە تاقیگە تایبەتمەندەکاندا بوونی هەیە، بەڵام ئەم ئەنفلۆنزایەش وەکوو ئەنفلۆنزای وەرزی، زۆرجار نیشانەکانی سووک و کەسین، زۆربەی خەڵکیش تاقیکردنەوەی ئەنفلۆنزای بەراز ئەنجام نادەن، چونکە چارەسەرەکە هەر ئەوە دەبێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە، لە ئەگەری ئەوەی نیشانەکان سادە و سووک بن ئەوە زۆر زەحمەتە کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەنفلۆنزای بەرازەوە بدۆزرێتەوە، تەنانەت گەر ڤایرۆسەکە بوونیشی هەبێت.

چارەسەری ئەنفلۆنزای بەراز

هەندێک لە دژە ڤایرۆسەکان هەمان ئەو دەرمانانەن کە بەکاردێن بۆ چارەسەری ئەنفلۆنزای وەرزی، کە بەهەمان شێوە دژی ئەنفلۆنزای بەرازیش کار دەکات، وا دیارە دەرمانەکانی ئۆسێڵتامیڤیر و زانامیڤیر و پیرامیڤیر بە باشترین شێوە کار دەکەن، وێڕای ئەوەی هەندێک جۆری ئەنفلۆنزای بەراز وەڵامیان نابێت بۆ ئۆسێڵتامیڤیر، هەروەها ئەم دەرمانانە دەکرێت یارمەتیدەری نەخۆش بێت لە چاکبوونەوەی خێراتر، هەروەها هەستێکی باشتری پێدەدات، بە باشترین شێوەش کار دەکات ئەگەر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر لە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەنفلۆنزا بدرێت، بەڵام دەکرێت یارمەتیدەربێت ئەگەر دوای ئەو ماوەیەش بدرێت بە نەخۆش، دژە زیندەییەکان ناتوانن کار بکەنە سەر ئەنفلۆنزا چونکە ئەنفلۆنزا ڤایرۆسە نەک بەکتریا، هەروەها دەکرێت ئەو ئازارشکێنانەی کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە و هەندێک دەرمانی سەرما و ئەنفلۆنزا یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی ئازار و ناڕەحەتی و تا، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەبین ناکرێت ئەسپرین بدرێت بە منداڵانی خوار تەمەن ٣ ساڵ بەهۆی مەترسی توشبوونی نەخۆشی ڕێی، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری سەرما بەکاردێن ئەسپرین لەخۆناگرن بەر لە پێدانیان بە منداڵان.

خۆپارێزی لە ئەنفلۆنزای بەراز H1N1

کوتاوێک پەرەی پێدرا بۆ پاراستنی مرۆڤ لە نەوەی H1N1ی ئەنفلۆنزای بەراز، ئەم کوتاوە پاش درمی ساڵەکانی ٢٠٠٩ و٢٠١٠ پەرەی پێدرا و ئەنفلۆنزای بەراز لە نەخۆشییەکی درمەوە گۆڕا بۆ جۆرێکی وەرزیی ئەنفلۆنزا، هەروەها گۆڕانکاری کرا لە کوتاوی ئەنفلۆنزای وەرزی و جێگەی گیرایەوە بە کوتاوێکی گشتگیرتر، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٠ ساڵ زیاترە تەنها پێویستیان بە ژەمێکی کوتاوەکەیە، هەروەها ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی ئامۆژگاری دەکات بە پێدانی دوو ژەم لە کوتاوەکە بۆ منداڵانی خوار ١٠ ساڵ، جیاوازی نێوان ژەمەکانیش ٤ هەفتە بێت، بەڵام ئەو کەسانەی کە هەستیاری هێلکەیان هەیە یان ئەو منداڵانەی تەنگەنەفەسی توندیان هەیە مەترسی ڕوودانی پەرچەکرداری نەرێنیان هەیە بۆ کوتاوەکە، بۆیە پێویستە گفتوگۆ دەربارەی کوتاوەکە بکرێت لەگەڵ تایبەتمەندانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، هەروەها ڕێکخستنی تایبەت هەیە بۆ ئەو یارمەتیدانی جەستەی ئەو کەسانەی ئەگەری ڕوودانی پەرچەکرداریان هەیە لە قبوڵکردنی کوتاوەکە. 

وێڕای وەرگرتنی کوتاوی ئەنفلۆنزا، چەند کارێکی تریش دەبێت ئەنجام بدرێن، لە پێناو هێشتنەوەی کەسەکە لە تەندروستییەکی باش و پاراستنی لە ئەنفلۆنزای بەراز، لەو کارانەش:

  • شۆردنی دەستەکان چەند جارێک لە ڕۆژێکدا بە ئاو و سابوون، یان بەکارهێنانی پاکژکەرەوەی دەست کە کهول لەخۆ بگرێت. 
  • دڵنیابوونەوە لە دەستنەدان لە چاوەکان و لووت و دەم. 
  • دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی کەسانی توشبووی ڤایرۆسەکە.


سەرچاوەکان



763 بینین