ناوهڕۆك
ناساندن
ئەندازیاریی کیمیا بەشێکە لە بەشەکانی ئەندازیاریی كە لەسەر بنچینەی زانستەکانی کیمیا، فیزیا، بیرکاری و زیندەزانی بنیاتنراوە، ئامانجی ئەم بەشە بەکارهێنان و دیزاینکردن و بەرەوپێشبردنی بابەتە پیشەسازیی و کیمیاییە جیاوازەکانە، وەکو کارلێکە کیمیاییەکان، پیشەسازییەكانی پاڵاوتن و گواستنەوهی گەرمی و داینامیكی گەرمی و تاقیگەی كارلێكی ئەتۆمی. پەیوەستە بە مادده پیترۆکیمیاییەکان و پیشەسازی و دروستکردنی دەرمان.
ڕۆڵ و گرنگيی ئەندازیاری کیمیا
ئەندازیاری کیمیا سەرپەرشتی بوارە پیشەسازییەکان دەکات، گرنگترینیان پیشەسازییە کیمیاوییەکان، پیشەسازییە نەوتییەکان و پیترۆکیمیاییەکان.
ئەندازیاری کیمیا تاقیکردنەوە زانستی و بنەما سەرەکییەکانی زانست جێبەجێ دەکات، ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە دیزاینکردن و بەرەوپێشبردنی پیشەسازییە هەمەجۆرەکان، بەڕێوەبردنی کارگەکان بە مەبەستی گۆڕینی ماددە کیمیاییەکان بۆ بەرهەم و ماددەی خاوی سوودبەخش.
هەروەها ئەندازیاری کیمیا دەتوانێت ماددە خاوەکان بگۆڕن بۆ بەرهەمی سوودبەخش و بەپێز کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت لە پێشەسازی دەرمان یاخود دروستکردنی پلاستیك، کە لە هەمان کاتدا ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دەستەبەرکردنی ڕێگای نوێ و ئاسان بۆ لەناوبردنی پاشماوە و خاشاك بەبێ زیان گەیاندن بە ژینگە.
سیفات و مەرجی ئەندازیاری کیمیای سەرکەوتوو
توانا پڕاکتیکیەکان/ کردارەکییەکان
- توانای مامەڵەکردنی هەبێت لەگەڵ پێکهاتە کیمیاییە جیاوازەکان و ئامێرە ورد و ئاڵۆزەکان.
- توانایی هەبێت لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە کیمیاییەکان.
- لێهاتوو بێت لە کاروباری ئۆفیس.
- لێهاتوو بێت لە مامەڵە کردن لەگەڵ کەسانی تردا.
- پەیوەست بێت بە کاتەوە و توانای بەڕێوەبردنی هەبێت.
- لێهاتوویی هەبێت لە زمانی ئینگلیزیدا.
- لێهاتوویی هەبێت لەبەکارهێنانی کۆمپیوتەر.
- توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت.
- توانای شیکارکردن و لێکۆڵینەوەی هەبێت.
- وردکار و گرنگیدان بە بچوکترین وردەکارییەکان.
وانە سەرەکییەکانی بەشی ئەندازیاریی کیمیا
کوردی | ئینگلیزی |
---|---|
داتاشراوەکان و تەواوکاری | Calculus |
فیزیای گشتی | General Physics |
کیمیای گشتی | General chemistry |
کیمیای شیکاریی کردارەکی | Expermental Analysis Chemistry |
کیمیای ئەندامی | Organic Chemistry |
کیمیای شیکاریی | Analaystical Chemistry |
بنەماکانی ئەندازیاریی کیمیاوی | Chemical Engineering principles |
شێوازەکانی بیرکاری لە ئەندازیاریی کیمیاوی | Mathematical Method in Chemical Engineering |
ئەندازیایی کارەبا | Electrical Engineering |
میکانیك | Fluid Mechanicas |
کیمیای فیزیای | Physical Chemistry |
گواستنەوەی گەرمی لە پرۆسەکان | Process Heat Transfer |
ئەندازیاریی کارلێکە کیمیاییەکان | Chemical Reactions Engineering |
دیزاینکردنی پرۆسەکان | Process Design |
تاقیگەی ئەندازیاریی کیمیا | Chemical Engineering Laboratory |
ئەندازیاریی ژینگەیی | Environmental Engineering |
سێرمۆداینەمیك | Thermodynamics |
دیزاینکردنی کارگە کیمیاییەکان | Chemical plant Design |
ئامار | Statistics |
پیشەسازییە کیمیاییە لۆکاڵییەکان | Local Chemical Industries |
کرداری گواستنەوەی ماددە و گەرمی | Heat and Mass Transfer Operations |
- ئەمانەو چەندین وانەی لاوەکی تریش هەن کە پێویستە ئەندازیاری کیمیاوی بیخوێنن.
- خوێندن لەم بەشە چوار ساڵە و بە زمانی ئینگلیزییە.
- بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە زانستەکانی کیمیا و فیزیا و بیرکاری.
بوارەکانی کارکردن ئەندازیاریی کیمیا
- دروستکردن و داهێنان لەو ئامێرانەی کە پێویستی ژیانن.
- بەرهەمهێنانی پێکهاتەی کیمیایی.
- کارکردن لە پیشەسازی دروستکردنی کاغەز و دەرمان و پلاستیك و خۆراك، هەروەها پیشەسازییە نەوتییەکان و پیترۆکیمیاییەکان.
- بەرەو پێشبردنی و داهێنانی ڕێگای نوێ بۆ دروستکردنی بابەتی هەمەجۆر لە ماددەی خاو.
- بەرهەمهێنان و کارکردن بە کوالێتیی و بڕێکی باش و تێچوویەکی کەم.
- ئەندازیاری کیمیا دەتوانێت لە هەر بوارێکی پەیوەست بە کیمیا کاربکات لەوانە:
- کارکردن وەکو مامۆستا
- نوسینەوەی توێژینەوە
- کارکردن لە بواری یاسا
- کارکردن و بەڕێوەبردنی کارگە و کۆمپانیاکان
لایەنە ئەرێنییەکانی خوێندنی ئەندازیاریی کیمیا
-لەدوای بەدەستهێنانی ئەزموونێکی باش، داهات و مووچەیەکی بەرز بەدەستدەهێنێت.
-چونکە بوارێکی پەیوەستە بە پیشەسازییەوە بۆیە داواکاری زۆری لەسەرە.
-بە هۆی پەیوەندی زۆری ئەم بەشە بە فیزیاوە بوارەکانی کارکردن تێیدا زیاتر فراوانە.
لایەنە نەرێنییەکانی خوێندنی ئەندازیاریی کیمیا
-بەکارهێنانی ئەم بەشە بۆ دروست کردنی چەك و تەقەمەنی بەتایبەتی لە کاتی جەنگەکاندا.
-ڕکابەریییەکی زۆری هەیە بەتایبەت لەگەل ئەندازیاری ژینگەیی.
-هەندێك لە کۆمپانیاکان پەنا دەبەنە بەر دەرچووانی بەشە زانستییەکانی کیمیا لە جیاتی ئەندازیاریی کیمیایی بەهۆی تێچوو و نرخی کەمەوە.
گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت
- زانکۆی کۆیە
- زانکۆی سۆران