ناوهڕۆك
جەنگی ناوخۆی عێراق
دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.
ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.
بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش
شەڕی کەرکووک
شەوی ٢٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ نزیکەی ٤٥٠ چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر باشوور و ڕۆژئاوای شاری کەرکووک. هێرشی داعش لە شەوێکی تەمومژاویدا دەستی پێکرد و بەهۆی خراپی کەشوهەواوە چەکدارەکان توانییان گوندەکانی مەلا عەبدوڵڵا، مەریەم بەگ، تەل وەرد و مەکتەب خالید داگیر بکەن. هەروەها دەستیان بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی خەببازدا گرت و ٢٤ کرێکاری ئەوێیان وەک بارمتە لەلای خۆیان هێشتەوە.
لەو شەوەدا دەستبەجێ ٢٥ پێشمەرگە شەهید کران کە سەرتیپێک و سالارێکی تێدابوو. سالار شێرکۆ شوانی، فەرماندەی تیپی یەکەمی پێشمەرگە لە کەرکووک کاتێک چەکدارانی داعش دەوروبەری دەگرن و دەستڕێژی گولـلەی لێ دەکەن شەهید دەکرێت. ١٦ پێشمەرگەش دیل دەکرێن و دواتر لە چەند قۆناغێکدا شەهید دەکرێن.
لە ڕۆژی داهاتوو، هێزەکانی پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر گوندەکان و توانییان ٨ گوند بەدەست بهێننەوە، لەو ڕۆژەشدا سالار حسێن مەنسووڕ لەکاتی هەڵمەتی گێڕانەوەی گوندی مەلا عەبدوڵڵا شەهید کرا.
ڕێکەوت | ٢٠١٥/١/٢٩ - ٢٠١٥/٢/١ (دوو ڕۆژ) |
ناوچە | کەرکووک، هەرێمی کوردستان |
شێوە | جەنگی ڕووبەڕوو |
پێشمەرگە: زیاتر لە چوار هەزار چەکدار | داعش: ٤٥٠+ چەکدار |
شەهید: ٥٠ کەس | کوژراو: ٧٠ بۆ ١٥٠ |
بریندار: ٤٠ کەس |