بەشی ئەندازیاری ئاودێری و بەنداو 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-07-23-15:17:00 - کۆدی بابەت: 6008
بەشی ئەندازیاری ئاودێری و بەنداو 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

ئەندازیاریی ئاودێری (بە عەرەبی: هندسة السدود والموارد المائية، بە ئینگلیزی: Dams and Water Resources Engineering)، بەشێکی سەرەکی ئەندازیاریی شارستانییە، دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت ئەوانیش ئاودێری کە بریتییە لە فەراهەمکردنی تەکنیك و شێوازی گونجاو بۆ بەڕێوەبردن و دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ هەمووان، بواری بەنداو بریتییە لە دروستکردن و دیزاینکردنی بەنداو و هەموو پڕۆژو ئاوییەکان و هەروەها دروستکردنی ئاوەڕۆو و گلدانەوەی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەکان. 

ڕۆڵ و پێگەی ئەندازیاری ئاودێری و بەنداو

زۆربەی کارەکانی ئەندازیاری ئەم بەشە پەیوەستن بە ئاودێری و دابینکردنی ئاوەوە، بەرپرسە لە دابینکردنی ئاو بە بڕی پێویست لە ڕێگای پلاندانان و دیزاینکردنەوە.
هەروەها پاکردنەوەی ئاوی پیسبوو بە چەند پرۆسە و تەکنیکێکی زانستی و چارەسەرکردن و باشترکردنی کوالێتی ئاوی بەکارهاتوو بۆ هاوڵاتیان. 
ئامادەکردنی دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژە ئاوییەکانی وەکو ئاودێری، دامەزراوە و دەزگا هایدرۆلیکییەکان، بەنداو، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، تۆڕی دابەشکردنی ئاوی ماڵان، خەمڵاندنی بڕی ئاوی باران و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئاوی باران، چۆنیەتی سودوەرگرتن و بەکارهێنانی ئاوی ڕووی زەوی و ئاوی ژێر زەوی، هەروەها بەڕێوەبردنی ئامێرەکانی ئاودێری، پارێزگاری کردن لە پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.

جۆرەکانی بەنداو

بەنداو بە یەکێك لە گرنگترین و مەزنترین دروستکراوە شارستانییەکان دادەنرێت کە لە لایەن ئەندازیاری ئاودێری و بەنداوەوە دیزاینی بۆدەکرێت و بنیات دەنرێت. دەتوانرێت لە زۆر بواردا سوودی هەبێت چەشنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بۆ ئاودێری زەوییە کشتوکاڵییەکان زۆر بەسوود و بایەخدارە. 

دیزاین کردن و بنیاتنانی بەنداویش وەکو هەر پرۆژەیەکی ئەندازیاریی لە سەرەتادا پەیوەستە بە ئەندازیاریی جیۆلۆجی ناوچەکە و سرووشتی خۆڵ و خاك و بەرز و نزمی ئەو ناوچەیەی کە پڕۆژەکەی تێدا بنیات دەنرێت.

گرنگترین جۆرەکانی بەنداو بەپێی کات و مێژوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە گرنگترین و بەربڵاوترین جۆرەکانی بریتیین لەم جۆرانەی خوارەوە: 

بەنداوی کەوانەیی Arch Dams

ئەم جۆرەی بەنداو لە سادەترین جۆرەکانە بەراورد بە جۆرەکانی تر و کەمترین تێچووی تێدەچێت لە ڕووی دیزاین و کەرەستەی بەکارهاتوو بۆ دروستکردنی.
ئەم جۆرە بەنداوە لەناوچە تەسك و بەردینەکان بنیات دەنرێت، بەشێوەیەك دروست دەکرێت کە بەنداوەکە وەکو هێڵێکی چەماوە دەردەکەوێت لە بەشی پشتەوەی بڕێکی زۆر لە ئاوی ڕووبارەکە كۆدەکاتەوە.
گرنگترین نموونە لە جیهاندا لە سەری، بەنداوی ئاتازارە لە ئیسپانیا El Atazar Dam، هەروەها بەنداوی دوکان لە شاری سلێمانی وەکوو ئەم جۆرە بنیاتنراوە. 

بەنداوی بەردین Buttress Dams 

ئەم جۆرەی بەنداو شێوەیەکی کەمێك پانی هەیە، هەمیشە چەند بنەمایەکی دیزاین هەیە لە جۆرەکانی تر جوودای دەکەنەوە وەکوو بوونی کۆمەڵە ڕاگرێك کە بەکاردێن بۆ گواستنەوەی هێزی دیوارەکان بۆ ناوچەکانی تری وەکوو زەویی و بنچینەی بیناکە.
گرنگترین بەنداوەکانی جیهان لە سەری بەنداو بارتلێتە لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە ئەمریکا Bartlett Dam.
هەروەها بەنداوی دەربەندیخان وەکو ئەم جۆرە بنیاتنراوە.

بەنداوی بنکە فراوان (هەڕەمی) Embankment Dam

بەنداوێکی زۆر گەورە و زەبەلاحە لە بەردەڵان و خۆڵ پێکدێت، ئەوەی ئەم بەنداوە جیادەکاتەوە لە جۆرەکانی تر چڕی مادەکەی ناوێتی، گرنگترین بەنداوەکانی جیهان کە لە سەری بنیاتنراوە بەنداوی نیو وادێڵە New Waddell Dam، هەروەها بەنداوی دهۆك لەم جۆرە بنیاتنراوە. 

بەنداوی پەیوەست بە هێزی کێشکردنی زەوی Gravity Dams

ئەم جۆرە لە بەنداوە هەرە مەزن و گرنگەکانە، تێچوی زۆر زۆرە بە بەراورد بە جۆرەکانی تر بە هۆی بڕی زۆری کەرەستەی بەکارهاتوو لە دروستکردنییدا وەکوو چیمەنتۆ، گرنگترین بەنداوەکانی جیهان لە سەری بنیاتنراوە بەنداوی گراند گۆلی لە واشنتۆنی وڵاتی ئەمریکا Grand Coulee. 

سیفات و مەرجی بوون بە ئەندازیاری ئاودێری و بەنداو 

- لێهاتوویی لە بوارە زانستییەکانی وەکوو بیركاری و فیزیا و کیمیا.
- گرنگیدان بە بابەتی هایدرۆلیك (هایدرۆلیك، شله‌زانی، ئاو هێززانی).
-  گرنگیدان بە بابەتی هایدرۆلۆجی (زانستی ئاو، سیفات و تایبەتمەندیی ئاو).
- لێهاتوو بێت لە زمانی ئینگلیزیدا.
- توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت.
- بەتوانا بێت لە خەمڵاندن و هەڵسەنگاندن.
- بە توانا بێت لە زانستی کۆمپیوتەر.
- وردکار بێت و توانای شیکارکردنی هەبێت.

وانە سەرەکییەکانی بەشی ئەندازیاریی ئاودێری و بەنداو

کوردی ئینگلیزی
بیرکاری Mathematics
ميكانيك Engineering Mechanic 
بنەماکانی ئەندازیاریی ئاودێری  Introduction of Water Resources Engineering 
جیۆلۆجی Engineering Geology 
میکانیکی ماددە Mechanic Matrial 
فلود  Fluid Mechanics
ڕووپێوی  Surveying 
ئەندازیاریی ژینگەیی Environmental Engineering 
پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر  Computer Programming 
ئەندازیاریی ئامار Engineering Statistics
هایدرۆلیك  Engineering Hydrologics
كۆنکریت Design of Concrete Structures 
ئەندازیاریی بەنداو  Dam Engineering 
شیکارکردنی ئەندازیاریی Engineering Analysis 
ميکانيزمی خۆڵ و خاك  Soil Mechanics 
بنچینەی ئەندازیاریی Foundation Engineering 
ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆکان   Water Supply and Sewerage
سيستەمی سەرچاوە ئاوییەکان  Water Resources System

ئەم وانانە سەرەکیین لەم بەشە و لەگەڵ چەندان وانەی لاوەکی تر پێویستە لە هەموو زانکۆیەکدا بخوێنرێت.

خوێندن لەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە، بۆ ماوەی چوار ساڵە. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



2124 بینین