ناوهڕۆك
کرداری دەربڕین
دەربڕین کردەی بەرهەمهێنانی دەنگ گەلێکی دیاریکراون واتاکەی دەگوازرێتەوە بۆ کەسی گوێگر، تێکچوونی دەربڕین یان قسەکردن ئاماژەیە بۆ هەر حاڵەتێک کە کاریگەری بکاتە سەر توانای کەسەکە بۆ بەرهەمهێنانی دەنگ بۆ دروستکردنی وشەکان، قسەکردن ڕێگەیەکی سەرەکییە بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و هەستەکان لە نێوان خەڵکیدا، کە ئەم کردەیەش واتا کردەی دەربڕین پێویستی بە پێکەوەیی وردی چەند بەشێکی جیاوازی لەش هەیە، لەو بەشانەش سەر و قوڕگ و سنگ و سک.
ئەپراکسیای دەربڕین چییە؟
حاڵەتێکی دەمارییە کە بە تەواوەتی نەزانراوە، کەسانی توشبوو توشی قورسی دەبن لە دەربڕین یان توانای دەربڕینیان نامێنێت، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ماسولکەکانیان هیچ کێشەیەکی نییە و ئاساییە، کە مەبەست لێی ئەپراکسیای کردەییە، کە چەندین شێوەی هەیە و دەکرێت جوڵەیی بێت واتا بێتوانایی کەسەکە بۆ ئەنجامدانی چەند جوڵەیەکی دیاریکراو لە پەلەکاندا، هەروەها دەکرێت پەیوەندی بە بیرکردنەوەوە هەبێت واتا کەسەکە ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕێکخراو و لۆجیکی بیر بکاتەوە کە ئەوەش پێی ئەوترێ تێکچوونی فکری، هەروەها جۆرێکیان پەیوەندی بە دەربڕینەوە هەیە کە چەندین هۆکار و نیشانەی هەیە.
شێوەکانی ئەپراکسیای دەربڕین
ئەپراسکیای دەربڕینیی دوو شێوەی هەیە کە یەکەمیان بریتییە لەو جۆرەی لە منداڵاندا ڕوودەدات، بەڵام جۆری دووەم دەکرێت لەهەر تەمەنێکدا ڕووبدات و پێشی دەوترێت ئەپرکسیای بەدەستهێنراو، جۆری یەکەم واتا ئەپراکسیای دەربڕینی منداڵان تێکچوونێکی جوڵەییە لە دەربڕیندا کە لەگەڵ لەدایکبووندا بوونی هەیە، کە دواتر کاریگەری دەخاتە سەر توانای منداڵەکە بۆ دروستکردنی دەنگ و وشە، جێی ئاماژەیە منداڵانی توشبووی ئەم نەخۆشییە توانای تێگەیشتنیان ئاساییە، بەڵام کێشەکە لە توانای دەربڕینی ئەو شتانەی بە مێشکیاندا دێت لە بیرۆکە و وشەکان، بەڵام سەبارەت بە جۆری دووەم یان ئەپراکسیای دەربڕینیی بەدەستهینراو ئەوە بریتییە لە لەدەستدانی توانای قسەکردن لای کەسێک کە پێشتر قسەکردنی ئاسایی بووە.
هۆکارەکانی ئەپراکسیای دەربڕینیی
دەربارەی ئەپراکسیای دەربڕینیی منداڵان هۆکارەکە لەلای لیکۆڵەرەوەکان تاکوو ئێستاش نەزانراوە، کە وای دەبینن کە بۆماوەیی بێت یان پەیوەندی بە پەرەسەندنی گشتی زمان و قسەکردنەوە هەبێت یان کێشەیەک پەیوەندی بە ئاماژەکانی مێشک بۆ ماسولکەکانی بەرپرس لە قسەکردنەوە هەبێت، هەندێک جاریش بەشێکە لە تیکچوونێکی گەورەتر و ئاڵۆزتر، وەکوو:
- ئۆتیزم.
- فێ.
- ئیفلیجی مێشک.
- گالاکتۆزیمیا (زۆری گالاکتۆز لە خوێندا).
- تێکچوونی دەماری و ماسولکەیی.
بەڵام دەربارەی هۆکارە زۆر بڵاوەکانی ئەپراکسیای بەدەستهێنراو، گرنگترینیان بریتین لە:
- جەڵتەی مێشک.
- بەرکەوتنێکی توند بە سەر.
- لوو یان بەرکەوتنێک لە نەشتەرگەرییدا.
- نەخۆشییە دەمارییەکان.
نیشانەکانی ئەپراکسیای دەربڕینیی
ئەم حاڵەتە لە کەسانی پێگەیشتوودا ڕەنگە هەستی شەرمەزاریان لا دروست بکات بەهۆی بێتوانایی لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەورووبەر بە شێوەیەکی ئاسایی، بەڵام لای منداڵانی توشبوو ڕەنگە توشی قورسی ببن لە خوێندنەوە و نوسین، هەروەها ڕەنگە توشی کێشە ببن لە کۆنترۆڵکردنی ماسولکە بچووک و گەورەکانیان، هەروەها ڕەنگە توشی کێشەی فێربوونی تریش ببن، لە گرنگترین نیشانەکانیش:
- کێشەی خۆراک پێدان لە تەمەنی شیرەخۆری.
- کەم بڵێیی لەچاو منداڵانی تر.
- فێرنەبوونی قسەکردن بە هەمان خێرایی منداڵانی ئاسایی هاوتەمەنیان.
- تێگەیشتن لێیان زۆر قورسە، تەنانەت لەلایەن خێزانەکانیشیانەوە.
- فشار و قورسی لە جوڵاندنی لێوەکان و زمانیان لەکاتی هەوڵدان بۆ دەنگ دەرکردن.
- زۆر لەسەر ڕۆیشتنی بەشە هەڵەکەی قسەکانیان.
- کەمکردن یان زیادکردنی دەنگ بۆ سەر قسەکانیان (بۆ نموونە تتتتراکتۆر لە جێی تراکتۆر)
- هەبوونی تاک وشەی زۆر سنوردار.
- قسەکردن بە خێراییەکی زۆر کەمتر لە منداڵانی هاوتەمەنیان.