دارک وێب

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-02-04:27:00 - کۆدی بابەت: 6143
دارک وێب

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی دارک وێب

وێبی تاریک یاخود دارک وێب (بە ئینگلیزی: Dark web) بریتییە لەو بەشەی تۆڕی جاڵجاڵۆکەی جیهانی کە لە دارک نێت و نێتۆرکە چیندارەکاندا هەیە، دارک وێب ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت بۆ کارکردن بەڵام بۆ چوونە ناوی پێویستی بە نەرمەواڵە و ڕێگەپێدانی (authorization) تایبەت هەیە کە هەموو کەسێک بە ئاسانی ناتوانێت بڕواتە ناوی، لە دارک وێبدا کۆمپیوتەرەکان پەیوەندی تایبەت و شاراوە هەیە لە نێوانیاندا کە هەر کارێک ئەنجامیدەدەن بە نهێنی دەمێنێتەوە، دارک نێت بەشێکی بچووک لە دیپ وێب پێکدەهێنێت، ئەویش ئەو بەشەی ئینتەرنێتە کە لە بزوێنەرەکانی گەڕاندا تۆمار نەکراون.

دارک نێتەکان کە بەشێکی دارک وێبن پێکدێن لە نێتۆرکی بچووکی پەیوەندی تاک بۆ تاک (peer-to-peer)، هەروەها نێتۆرکی گەورەشی تێدایە وەک تۆڕ، فری نێت، ئای 2 پی و هەروەها ڕیفڵ، کە ئەم نێتۆرکانە لەلایەن رێکخراو یان تاکە کەسێکەوە بەڕێوەدەبرێن، بەکارهێنەرانی دارک وێب زیاتر دەستەواژەی وێبی پاک یاخود کلێر نێت بۆ وێبی ئاسایی بەکاردەهێنن چوونکە هەموو کەس دەتوانێت بڕواتە ناوی و بەکاریبهێنێت.

دەستەواژەی دارک وێب

دەستەواژەی دارک وێب زۆر جار لەگەڵ دیپ وێبدا تێکەڵ دەکرێت، کە بریتییە لەو بەشانەی ئینتەرنێت کە لە بزوێنەری گەڕانەکاندا نادۆزرێنەوە، دەستەواژەی دارک وێب یەکەمجار لە ساڵی 2009ـدا دەرکەوت بەڵام تا ئێستا نەزانراوە کە یەکەمجار کەی خودی دارک وێب دروستبوو، زۆربەی بەکارهێنەران ئینتەرنێت وێبی ئاسایی بەکاردەهێنن کە لەڕێگەی وێبگەڕی گوگڵەوە دەتوانرێت داغڵی هەموو وێب سایتەکان ببیت، بەڵام دارک وێب بەشێکی بچووکی دیپ وێب پێکدەهێنێت کە تەنها لەڕێگەی چەند نەرمەواڵەیەکی تایبەتەوە دەتونرێت پێکهاتەکانی ناوی ببینرێت و بەکاربهێنرێت.

دارک وێب کە ناسراوە بە وێبسایتەکانی دارک نێت تەنها لەڕێگەی چەند نێتۆرکێکی تایبەتەوە بەکاردەهێنرێت وەک نێتۆرکی تۆر (The Onion Routing) کە بەتایبەتی بۆ دارک وێب دروستکراوە، وێبگەڕی تۆڕ زۆر بەکاردەهێنرێت لەلایەن بەکارهێنەرانی دارک وێبەوە کە بە دۆمەینی (.onion) دەناسرێتەوە.

ناوەڕۆکی دارک وێب

لە مانگی 12ـی ساڵی 2014ـدا توێژینەوەیەک ئەنجامدرا لەلایەن گارێث ئۆوێن لە زانکۆی پرۆتسمث، تێیدا دەرکەوت کە زۆرترین بابەتی بڵاوکراوە لە تۆڕدا بریتیبووە لە پۆڕنۆگرافی منداڵان، پاشان لەدوای ئەو بازاڕی ڕەش، هەروەها لە نێتۆرکەکەدا چەندین وێب سایتی سیخوڕی و فۆڕمی گفتوگۆی سیاسی تێدابووە لەگەڵ چەندین وێب سایتی بیتکۆین و ئیمەیڵ، لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی وێب سایتەکانی تۆر (.onion) خەمڵێنراوە بە 76،300 وێبسایت.

ئەم خشتەیەی خوارەوە ڕێژەی پۆلێنەکانی وێبسایتەکانی تۆر (tor)ـە لە ساڵی 2015:

پۆلێن ڕێژە٪
قومارکردن 0.4
چەک     1.4
گفتوگۆ (چات)  2.2
توندوتیژی  2.2
کتێب   2.5
پێڕستی وێب   2.5
بڵۆگ   2.75
پۆڕن   2.75
بڵاوکردنەوە (Hosting) 3.5
هاککردن 4.25
گەڕان   4.25
نەناسراوی (Anonymity)  4.5
فۆڕم 4.75
ساختەکاری  5.2
سیخوڕی و ئاشکراکردن  5.2
زانیاری (ویکی - Wiki)  5.2
ئیمەیڵ 5.7
بیتکۆین 6.2
هەڵخەڵەتاندن (Fraud) 9
کڕین و فرۆشتن 9
ماددەی هۆشبەر 15.4

بۆت نێت

دارک وێب چەندین بۆت نێتی تێدایە، بۆت نێت بریتییە لە کۆمەڵە کۆمپیوتەرێکی ڕۆبۆتی کە بەشێوەیەک پڕۆگرامکراون بۆ ئەوەی هێرشی نەهێشتنی خزمەتگوزاری (Dos) بکەنە سەر وێب سایت و سێرڤەرەکان.

بازاڕەکانی دارک وێب

لە دارک وێبدا چەندین بازاڕ هەیە بۆ کڕین و فرۆشتنی کەرەستەی نایاسایی و ماددە هۆشبەرەکان و چەکەکان، کە بۆ کڕین و فرۆشتن بیتکۆین بەکاردەهێنرێت، ئەم جۆرە بازاڕانە زیاتر بەناوبانگبوون کاتێک ڕێگای ئاوریشم لە دارک نێتدا کرایەوە لە ساڵی 2011، کە بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و چەکەکان بوو، ئەم جۆرە بازاڕان هیچ پارێزگارییەک بۆ کڕیارەکانی دابین ناکەن دەکرێت لە هەر کاتێکدابێت دابخرێن، هەرچەندە ئەم بازاڕانە دادەخرێن بەڵام لەجێیاندا هی تر دروستدەکرێت، لە ساڵی 2020 لانی کەم 38 بازاڕی دارک وێب هەبووە، ئەم بازاڕانە هەمان شێوەی بازاڕەکانی وەک ئی بەی و ئەمەزۆن وان کە کڕیارەکان دەتوانن ڕای خۆیان بنووسن لەسەر ئەو شتانەی کە دەیکڕن و کەسانی دیکە دەتوانن بیبینن.

خزمەتگوزاری و گرووپەکانی هاککردن

زۆربەی هاککەران خزمەتگوارییەکانیان دەفرۆشن کە هەندێکجار بەتەنها کاردەکەن و هەندێکجار بەشێوەی گرووپ، نموونە بۆ ئەم گروپانە وەک (xDedic, hackforum, Trojanforge, Mazafaka, dark0de) ئەم گرووپانە هەڵدەستن بە هاککردن بەپێی ئەو داواکارییەی کە کڕیارەکان لێیان دەکەن.

پۆڕنۆگرافی نایاسایی

یەکێک لە بەناوبانگترین بابەتەکانی ناو دارک وێب بریتییە لە پۆڕنۆگرافی نایاسایی، کە ناسراوە بە پۆڕنۆگرافی منداڵان، ٪80 گەڕانەکانی دارک وێب بۆ پۆڕنۆگرافی نایاسایی کراوە هەرچەند دۆزینەوەیان زۆر زەحمەتە، وێبسایتێک کە ناوی شاری لۆلیتا (Lolita City) بوو داخرا کە زیاتر لە 100 گێگابایت میدیای پۆڕنۆگرافی منداڵانی تێدابوو و هەروەها نزیکەی 15،000 ئەندامی تێدابوو.

تیرۆریزم

چەندین ڕێکخراوی تیرۆرستی لە ساڵەکانی 1990ـەوە ئینتەرنێتیان بەکاردەهێنا، بەڵام لەدوای هاتنی دارک وێبەوە، ڕێخراوە تیرۆرستییەکان زیاتر گرنگیان پێدا، ئەوەش بەبۆنەی شاراوەیی و نەبوونی یاساوەبوو تێیدا، لە ئێستادا چەندین گرووپی تیرۆرستی تێدایە کە پلاتفۆڕمەکانی چاتکردن بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی فێرکاری کە چۆن کەسێکی تیرۆرست ناسنامەکانیان بشارنەوە و دەرنەکەون.

دارک وێب بووەتە فۆڕمێک بۆ تیرۆستان بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و هەروەها پاڵپشتی دارایی، بەبۆنەی پەیدابوونی بیتکۆینەوە زۆر ئاسانە بۆ تیرۆرستان کە پاڵپشتی دارایی بکرێن بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی، چوونکە لەڕێگەی بەکارهێنانی بیتکۆینەوە ناسنامەی کەسەکان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، لەساڵی 2018 کەسێک بەناوی (ئەحمەد صرصور) تاوانبار کرا بەوەی کە هەوڵیداوە تەقەمەنی بکڕێت و نیشانەشکێن بە کرێ بگرێت بۆ یارمەتیدانی تیرۆرستانی سووریا.


سەرچاوەکان



2058 بینین