ئۆتیزم 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-07-13:22:00 - کۆدی بابەت: 6207
ئۆتیزم 

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی ئۆتیزم

ئۆتیزم حاڵەتێکی ئاڵۆزی تەندروستییە کە پەیوەستە بە کێشەی پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوروبەر و ڕەفتارکردن، کە چەندین نیشانە لەخۆ دەگرێت، ئەم نەخۆشییە دەکرێت نەخۆشییەکی سادە بێت یان لەکارکەوتنێک بێت کە پێویستی بە چاودێری و گرنگی پێدانی بەردەوام بێت. 

توشبووانی ئۆتیزم کێشەی پەیوەندیکردنیان هەیە، کە خۆی دەبینێتەوە لە هەبوونی کێشە لە تێگەیشتنی بیردکرنەوە و هەستەکانی کەسی بەرامبەر، کە ئەمەش دەربڕینی خۆیان لا قورس دەکات، چ بە وشە بێت یان بیرکردنەوە یان دەربڕینی دەموچاو یان دەستلێدان. 

کەسانی توشبوو ڕەنگە کێشەیان هەبێت لە فێربوون، هەروەها ڕەنگە تواناکانیان بە رێکی گەشە نەکات، بۆ نموونە دەکرێت کێشەیان هەبێت لە پەیوەندی کردن، بەڵام توانایەکی نائاساییان هەیە لە هونەر و مۆسیقا و بیرکاری و بیرکەوتنەوە، بۆیە دەکرێت ئەنجامی زۆر باشیان هەبێت لە تاقیکردنەوە شیکارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئێستا لە هەموو کات زیاتر منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم تۆمار دەکرێن، بەڵام ژمارەکانی ئەم دواییە دەکرێت بەرزتریش ببنەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە شێوازی دەستنیشانکردنەکەدا ڕوویداوە، نەک بەهۆی ئەوەی منداڵێکی زۆرتر توشی حاڵەتەکە بوون.

نیشانەکانی ئۆتیزم 

نیشانەکانی ئۆتیزم زۆرجار بەر لەوەی منداڵەکە بگاتە تەمەنی ٣ ساڵ دەردەکەون، هەندێکیان هەر لەگەڵ لەدایکبووندا نیشانەکان پیشان دەدەن، نیشانە بڵاوەکانیش بریتین لە:

- لاوازی پەیوەندی چاو (چاو بۆ چاو). 

- هەبوونی حەز و خولیا لە تەنها چەند بابەتێکی زۆر بەرتەسکدا، یان خولیایەکی قوڵ لە بوارێکی دیاریکراودا. 

- ئەنجامدانی هەمان شت چەند جارێک، وەکوو دووبارەکردنەوەی وشە و ڕستەکان، سوڕاندنی دەسکێک، هاتنەپێشەوە و چوونە دواوە (وەکوو بێشکە).

- زۆر هەستیاربوون بە دەنگ و دەستلێدان و بۆنکردن و ئەو دیمەنانەی لای کەسانی تر ئاسایین.

- سەیرنەکردن و گوێ نەگرتن بۆ کەسانی تر.

- سەیرنەکردنی ئەو شتانەی کەسی بەرامبەر ئاماژەی بۆ دەکات.

- نایانەوێ هەڵبگیرێن یان بیاننوسێنیت بە خۆوە. 

- کێشە لە تێگەیشتن یان بەکارهێنانی قسە و ئاماژە و دەربڕینی دەموچاو و تۆنی دەنگ. 

- قسەکردن بە شێوەی گۆرانی و تەخت و دەنگی ڕۆبۆتی.

- کێشە لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ڕۆتینەکان.

- هەندێک منداڵی توشبووی ئۆتیزم ڕەنگە توشی فێ ببن، بەڵام ئەمە تا تەمەنی هەرزەکاری دەرناکەوێت.

هۆکارەکانی ئۆتیزم

- هۆکاری تەواوەتی ئۆتیزم دیارنییە، دەکرێت سەرچاوە بگرێت لە کێشەی چەند بەشێکی مێشک کە تێچوونە هەستییەکان وەردەگرێت و کردەی زمان چارەسەردەکات.

- ئۆتیزم لە نێردا چوار هێندەی مێ بڵاوە، دەکرێت لە هەموو ڕەگەز و نەژاد و کۆمەڵگایەکدا ڕووبدات، داهاتی خێزان و شێوەی ژیان و ئاستی پەروەردەیی کاریگەرە ناکەنە سەر ئەگەری توشبوون بە ئۆتیزم. 

- ئۆتیزم لە خێزانەکاندا بڵاوە، بۆیە دەکرێت کۆمەڵێک جین کاریگەرییان هەبێت لە زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە.

- منداڵێکی خاوەن دایک و باوکێکی گەورە ئەگەری توشبوونی زیاترە. 

- ئافرەتانی دووگیان کە ڕووبەڕووی دەرمان یان ماددەی کیمیایی دەبنەوە وەکوو کهول و دەرمانەکانی دژە فێ، ئەگەری ئەوەی منداڵەکانیان ئۆتیزمی هەبێت زیاترە، لە هۆکارەکانی تریش بریتین لە حاڵەتی زیندەیی دایکەکە وەکوو هەبوونی شەکرە یان قەڵەوی.

- هەروەها توێژینەوەکان باس لە پەیوەندی فەنیلکیتۆن یوریای چارەسەرنەکراو و سورێژەش دەکەن. 

تێبینی: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە وەرگرتنی کوتان ببێتە هۆی ئۆتیزم.

پشکنین و دەستنیشانکردنی ئۆتیزم

قورسە کە دەستنیشنکردنێکی تەواو و وردمان هەبێت بۆ ئۆتیزم، پزیشک پێویستە تیشک بخاتە سەر ڕەفتار و گەشە، بۆ منداڵان دەستنیشانکردنەکە بە گشتی دوو هەنگاو لەخۆ دەگرێت: 

- پشکنینی گەشەسەندنی منداڵەکە بە پزیشک دەڵێت کە ئایا منداڵەکە فێربوون و قسەکردن و ڕەفتارکردن و جوڵەی ئاساییە یان نا، پسپۆڕان پێشنیار دەکەن کە منداڵان ئەم پشکنینی دواکەوتنی گەشەیەیان بۆ ئەنجام بدرێت لەکاتی پشکنینی خولیی ئاسایی منداڵەکە لە تەمەنی ٩ مانگی و ١٨ مانگی و ٢٤یان ٣٠ مانگی، منداڵان بە تایبەت پشکنینی ئۆتیزمیان بۆ دەکرێت لە تەمەنی ١٨ و ٢٤ مانگی. 

- ئەگەر منداڵەکە کێشەی پیشاندا لە پشکنینەکاندا، ئەوە پێویستیان بە هەڵسەنگاندنی تەواوترە، کە ڕەنگە پشکنینی بینین و بیستن یان پشکنینی جین لەخۆ بگرێت، ڕەنگە پزیشک بەژداری بە پزیشکێکی تایبەتمەند بە ئۆتیزم بکات، وەکوو پسپۆڕێکی گەشەسەندنی منداڵ یان پسپۆڕی دەروونی منداڵ، هەندێک دەروونناس ڕەنگە تاقیکردنەوەیەکیش ئەنجام بدەن بە ناوی جەدۆلی چاودێریی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم، ئەگەر بە منداڵی وەکوو توشبوویەکی ئۆتیزم دەستنیشان نەکراویت بەڵام خۆت هەست بە نیشانەکانی دەکەیت، ئەوە قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە.

چارەسەری ئۆتیزم

هیچ چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە بۆ ئۆتیزم، بەڵام زوو دەستکردنە چارەسەر ڕەنگە گۆڕانکاری گەورە دروست بکات لە گەشەسەندنی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم، ئەگەر هەست دەکەیت منداڵەکەت ئۆتیزمی هەیە، خێرابە لە ئاگادار کردنەوەی پزیشک.
ئەوەی بۆ نەخۆشێک کار دەکات ڕەنگە بۆ یەکێکی تر وانەبێت، پێویستە پزیشک دەستنیشانی چارەسەر بکات بۆ خۆت یان منداڵەکەت، دوو جۆرە سەرەکییەکەی ئۆتیزم بریتین لە: 

  • چارەسەری ڕەفتار و پەیوەندیکردن بۆ یارمەتیدانی پێکهاتە و ڕێکخراوەیی کەسەکە، شیکاریی ڕەفتاری جێبەجێکراو (Applied behavior analysis) کە هانی ڕەفتاری ئەرێنی دەدات و ڕەفتاری نەرێنیش دووردەخاتەوە، چارەسەری پیشەیی کە دەکرێت یارمەتیدەری کارامەییەکانی وەکوو جل پۆشین و خواردن و پەیوەندی بەستن لەگەڵ خەڵکی، چارەسەری تێکەڵکردنی هەستەوەرەکان دەکرێت یامەتیدەری ئەو کەسانە بێت کە کێشەیان لەگەڵ ئەوە هەیە دەستیان لێ بدرێت یان لەگەڵ دەنگ یان دیمەنێک هەیە، چارەسەری قسەکردن کە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک باش دەکات. 
  • چارەسەر بە دەرمان بۆ نیشانەکانی ئۆتیزم وەکوو کێشەکانت گرنگیپێدان و زۆر چالاکی و قەلەقی، قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە پێش تاقیکردنەوەی هەر شتێکی جیاواز، بۆ نموونە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تایبەت. 


سەرچاوەکان



4301 بینین