ناوهڕۆك
لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ چییە؟
پێکانێکە لە ئەژنۆدا کە تێیدا کڵاوەی ئەژنۆ دەخزێت و لە باری ئاسایی خۆی دەردەچێت، بەزۆری ئەژنۆ کەمێک چەماوەتەوە، ئەم لەجێچوونە بەهۆی چەندین وەرزشەوە دەبێت وەکوو تۆپی پێ و جمناستیک و خلیسکێنەی سەر بەفر، جێی ئاماژەیە کە لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ لە ٦ کەسدا ڕوودەدات لە هەموو ١٠٠٠٠٠ کەسێک، هەروەها زیاتر لە تەمەنی نێوانی ١٠-١٧ ساڵی بڵاوە و بە یەکسانی لە هەردوو ڕەگەزدا هەیە، هەروەها ڕێژەی لە سەدا ٢ـی پێکانەکانی ئەژنۆ پێک دێنێت، وێڕای چارەسەرکردنی بەڵام دووبارە سەرهەڵدانەوەی لە سەدا ٣٠ کەسەکاندا دەبێت.
هۆکارەکانی لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ
هۆکاری لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ زۆرن، بۆیە پێویستە بناسرێن بۆ خۆپارێزی لێیان و خۆپارێزی لە لەجێچوون و لێکەوتەکان و تێچووی چارەسەر، هۆکارەکانی لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ بەرکەوتن و جوڵەی ناسروشتی لەخۆ دەگرێت وەکوو بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ بە جومگەی ئەژنۆ یان بەهۆی کەوتن، یان بەرکەوتنێک کە بەهێز لە لایەکەوە پەستان بخاتە سەر کڵاوەی ئەژنۆ و بیباتە لایەکەی تر یان سوڕانەوەی لەناکاو، هەروەها چەندین هۆکاری تر هەن کە ئاسانکاری دەکات بۆ لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ، لەوانەش:
- پێی تەخت.
- لاوازی ماسولکەکانی ڕان.
- کڵاوەی زۆر دەرپەڕیو بەسەر ڕانەوە.
- لاوازبوونی بەستەرەکان بەهۆی لەجێچوونی پێشتری کڵاوەوە.
نیشانەکانی لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ
لەجێچوونی کڵاوە چەندین هێما و نیشانەی هەیە کە ئاماژە بۆ پێکرانی دەکات، بۆیە دەکرێت سەردانی پزیشک بکرێت لەکاتی توشبوونی ئەم نیشانانە و ئەویش بۆ دوانەکەوتن لە دەستنیشانکردن و چارەسەر و دوانەکەوتنی چاکبوونەوە، لە نیشانە نموونەییەکانیش بریتین لە:
- ئاوسانی زۆر و خێرا لە جومگەی ئەژنۆ.
- ئازاری زۆر.
- بەردەوامی ئازار بە درێژایی بەستەرەکە.
- گۆڕانی ڕەنگ لە شوێنی پێکانەکە.
- هەستکردن بە ناسەقامگیری و ترسان لە دووبارەبوونەوەی کێشەکە.
چارەسەری لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ
چارەسەری لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ لە ڕێگەی جێگیرکردنی ئەژنۆ بۆ ماوەی ٧-١٠ ڕۆژ دەبێت، لە هەمان کاتدا ئاوساوی و (وذمة) کەمدەکرێتەوە، هەروەها ئازارە زۆرەکەی لەجێچوون کەم دەکرێتەوە، هەروەها ڕەنگە باشبوونەوە پێویستی بە جوڵاندنێکی کەمی جومگەی ئەژنۆ بێت، هەروەها زۆرجار چارەسەری تەواوەتی ٣-٦ هەفتە دەخایەنێت، بەڵام لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لەجێچوونەکە ئەم ماوەیە زیاتر دەبێت، هەروەها بە زۆری لەو حاڵەتانەدا دەبێت کە پچڕانی بەستەرەکانی تێدایە، وێڕای بەهێزکردنی ماسولکەکانی ڕان، هەروەها ڕەنگە دانانی پاڵپشتییەک بۆ کڵاوەی ئەژنۆ گونجاوبێت، هەروەها هەندێک حاڵەتی تری لەجێچوون پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، ئەویش بە جێگیرکردنی کڵاوە لە شوێنی ئاسایی خۆیدا و ئەمەش هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی جومگەی ئەژنۆ وەکوو داخورانی غرضوف*ی ئەژنۆ و جگە لەویش.
خۆپارێزی لە لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ
خۆپارێزی لەم لەجێچوونە لە ڕێگەی بەهێزکردنی ماسولکەکانی ڕانەوە دەبێت وەکوو ماسولکەی ڕێکی ڕان و ماسولکەی چوارسەر بە ڕاهێنان کردن، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بەهێزی ماسولکەکانی دەرەوەی ڕان هۆکاری سەرەکی لەجێچوونی کڵاوەبێت، بۆیە باشترە ماسولکەکانی ناوەوە بەهێز بکرێن، هەروەها دەکرێت پاڵپشتییەکی زۆری کڵاوەش بکرێت بە بەکارهێنانی ئامێرەکان وەکوو: ڕاستکەرەوەی ئێسک یان شریتی وەرزشی، کە دەکرێت ڕێگر بن لە لەجێچوونی کڵاوەی ئەژنۆ و پێکانەکانی تری ئەژنۆ، هەروەها ئەم پاڵپشتیکەرە دەرەکییانە وەکوو پاڵپشتیکەری ئەژنۆ و شریتی وەرزشی کاردەکەن لە ڕیگەی دەستخستنی جوڵەی ویستراوەوە و ڕێگری لە جوڵەکانی تر کە دەکرێت ببنە هۆی پێکانی نائاسایی.