لیتوانیا
وڵاتی لیتوانیا (بە ئینگلیزی: Lithuania) کە بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری لیتوانیا، وڵاتێکی هەڵکەوتەی ڕۆهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە، لەپاڵ وڵاتانی لاتیڤیا و ئیستۆنیادا سێیەم وڵاتی هەرێمی بەڵتیکە کە بەو وڵاتانە دەوترێت کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای بەڵتیکەوە، لە باکوورییەوە وڵاتی لاتیڤیا هەڵکەوتووە، وڵاتی بیلاڕووس لە ڕۆژهەڵات و باشوورییەوە سنووری هاوبەشی هەیە، پۆڵەندا دەکەوێتە باشوورییەوە و بەشێک لە خاکی ڕووسیاش کە ناوچەی کالینینگراد یاخود پێشی دەوترێت ستالینگراد دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، ڕووبەری خاکەکەی ٦٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و نزیکەی ٣ میلیۆن کەسی لێ دەژی، شاری ڤیلنیوس پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، شارە سەرەکییەکانی تری وڵات بریتین لە کاوناس و کلایپێدا، خەڵکی لیتوانیا یەکێکن لە گرووپە ڕەگەزییەکانی ناو گرووپەکانی بەڵتیک، بە لیتوانی قسە دەکەن کە یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی ناو گرووپی زمانی بەڵتیک.
زانیاری گشتی
| ناو | کۆماری لیتوانیا |
| پایتەخت | ڤیلنیوس |
| زمانی فەرمی | لیتوانی |
| گرووپە ڕەگەزییەکان |
|
| ئایین |
|
| دامەزراندن | ١٠٠٩ زایینی |
| سەربەخۆیی | ١٦/٢/١٩١٨ |
| بوون بە خاکی سۆڤیەت | ١٩٢٢ |
| دەرچوون لەژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت | ١٩٩٠ |
| ڕووبەر | ٦٥ هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە |
| ژمارەی دانیشتووان | ٢,٧٨٤,٢٧٩ کەس |
| چڕی دانیشتووان | ٤٣ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە |
| داهاتی ساڵانە | ٥٦ میلیار دۆلار |
| داهاتی ساڵانەی تاک | ٢٢,٧٥٢ دۆلار |
| دراو | یۆرۆ |
| کات | UTC +2 |
| کاتی هاوینە | UTC +3 |
| شێوازی لێخوڕین | لای ڕاست |
| کۆدی نێودەوڵەتی | +٣٧٠ |
جوگرافیا
وڵاتی لیتوانیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە و لەناو هەرێمی بەڵتیکدا هەڵکەوتووە، لەڕێی وشکانییەوە هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا، لاتیڤیا، بیلاڕووس و پۆڵەندادا، لەڕێی دەریای بەڵتیکەوە سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا لەوانە دانیمارک و سوید و فینلەندا، ڕووبەری خاکەکەی ٦٥ هەزار کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی ٣ میلیۆن کەسی لێ دەژی بەپێی داتای ساڵی ٢٠٢١، ئەم وڵاتە لەنێوان هێڵی درێژی ٢١ بۆ ٢٧ ی ڕۆژهەڵات و هێڵی پانی ٥٣ بۆ ٥٧ ی باکوور هەڵکەوتووە، ٩٩ کیلۆمەتر کەناری لمینی هەیە کە تەنها ٣٨ کیلۆمەتری لەسەر دەریای بەڵتیک هەڵکەوتووە و کەمترە لە درێژی کەنارەکانی هەردوو وڵاتەکەی تری بەڵتیک، ڕێژەکەی تری کەنارەکانی لەسەر نیمچەدوورگەی لمی کورۆنیانە.
سەرەکیترین و گەورەترین ڕووباری وڵاتەکە ڕووباری “نیموناس”ـە، ئەم وڵاتە دەکەوێتە ناو تەختاییەکانی باکووری ئەورووپاوە و بەرزترین خاڵی وڵاتەکە تەنها ٢٩٤ مەتر بەرزە کە گردی “ئەوکشتۆجاس”ـە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، ژمارەیەکی زۆر دەریاچە و دارستانی تیا هەڵکەوتووە کە ڕووبەری ٪٣٣ ی خاکەکانی لیتوانیا دەگرێتەوە، “دورکشیای” گەورەترین دەریاچە و “تەوراگناس” قووڵترین دەریاچە و “ئەسڤێجا” درێژترین ڕووبارەکانی وڵاتەکەن.
کەشوهەوا
کەشوهەوای وڵاتی لیتوانیا وەک هەموو وڵاتانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپا و گرووپی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات کەشی دەریا و زەریا بەسەریدا زاڵە و شێی هەیە، ئاو و هەوا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دەگۆڕێت، تێکڕای پلەی گەرمی لە کەنارەکانی وڵات لە مانگی ١ دا -٢.٥ پلەی سیلیزییە و لە مانگی ٧ دا ١٦ پلەیە، لە پایتەختی وڵات پلەی گەرمی مانگی یەک -٦ و لە مانگی حەوتدا ١٧ پلە دەبێت، ڕۆژانی هاوین پلەی گەرمی ٢٠ پلە و شەوانی ١٤ پلە دەبێت، لەم ساڵانەدا پلەکان گەشتوونەتە ٣٠ و ٣٥ پلە، لە وەرزی زستاندا بە شێوەیەکی گشتی پلەکان دەچنە -٢٠ پلەی سیلیزی و هەندێکجار زۆر سارد دەبێت و پلەکان دەچنە ٣٤ پلە ژێر سفر لە کەنارەکان و لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و نزیک سنوورەکانی بیلاڕووس کەشوهەوای وڵاتی ڕووسیا و سیبیری بەسەریدا زاڵە و دەچنە ٤٣ پلە ژێر سفر، تێکڕای بارینی ساڵانەی بەفر و باران ٨٠٠ میلیمەتر دەبێت، بەفر لە هەموو زستانێکی وڵاتدا دەبارێت و لە مانگی تشرینی یەکەمەوە (مانگی ١٠) دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ مانگی نیسان (مانگی ٤) و لە هەندێک ساڵی زۆر سارددا مانگەکانی ٩ و ٥ یش دەگرێتەوە.