ناوهڕۆك
سەرەتا
خانمان تەنها لە ڕێگەی جووڵەی منداڵەکەیانەوە لە سکیاندا هەست بە بوونی منداڵەکەیان دەکەن، کاتێک دایکێک جووڵەی منداڵەکەی کەم دەکات زۆر دەترسێت و دەگەڕێت بە شوێن هۆکارەکەیدا، کە بێگوومان کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا هۆکاری خۆی هەیە.
لەماوەی دووگیانیدا چ کاتێک هەست بە جووڵەی منداڵەکەت دەکەیت؟
بە گەشتن بە مانگی چوارەم واتە لە دەورووبەری هەفتەی ٢٠ بۆ ٢٢ـدا هەست بە جووڵەی منداڵەکە دەکەیت کە لە سەرەتادا جووڵەکەی وەک لەرزینێک وایە و جووڵەکەی مانگ بە مانگ زیاتر دەکات و هەندێک لە دایکانیش بە تایبەت ئەوانەی کە یەکەم منداڵیانە ناتوانن تاکوو هەفتەی ٢٢ بۆ ٢٤ هەست بە جووڵەی منداڵەکە بکەن کە ئەمەش ئاساییە.
ئایا کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا ئاساییە؟
کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ زۆر ئاساییە، چونکە کاتێک منداڵ لە سکی دایکدا دەخەوێت جووڵەکەی کەم دەبێتەوە، لەوانەیە هەندێک کات دایک وابزانێت کە کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ بە هۆی گەورەبوون و گەشە کردنیەوەیەتی، بەڵام ئەگەر منداڵەکەش بە تێپەڕبوونی دووگیانیەکە گەورەتریش ببێت جگە لەوکاتانەی کە منداڵەکە خەوتووە جووڵەکانی هەر یەکسان دەبێت.
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا
خەو
منداڵەکە لەناو سکی دایکدا دەخەوێت و به نزیکەیی ٢٠ بۆ ٤٠ خولەکی پێ دەچێت و نابێت لە ٩٠ خولەک زیاتری پێ بچێت، بەگشتی کاتێک منداڵەکە خەوتووە لە سکی دایکیدا هیچ جەوڵەیەک ناکات و بەئارامی لە جێگای خۆیدا خەوتووە، زۆریەی دایکان تێبینی ئەوەیان کردووە کە کاتێک سەرقاڵن و دەجووڵێن منداڵەکەیان کەمتر دەجوڵێت.
پەستانی دەروونی یان کێشەی خۆراک
بارودۆخی جەستەیی و دەروونی دایک ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکەش، ئەو هۆڕمۆنانەی کە بە هۆی پەستانی دەروونییەوە دەردەدرێن لە جەستەی دایکەکەدا وادەکات کە منداڵەکە کەمتر بجووڵێت، هەروەها مانەوە بە برسێتی و ڕۆژووگرتنیش هۆکارێکی دیکەن بۆ کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ، هەر بۆیە دەبێت ئاگاداری شێوازی ژیانت بیت و گرنگی بدەیت خۆراک و خواردنەوەت، ئەگەر منداڵەکەت چەند کاتژمێرێک دەبێت کە ناجووڵێت بەئارامی دابنیشە و کوپێک ئاوی سارد بخۆرەوە و ئەگەر دوای ئەمەش منداڵەکە هەر نەجووڵا پەیوەندی بکە بە پزیشکەوە.
تەقینی پێشوەختەی پەردەی سەراو
تەقینی پەردەی سەراو کە پەردەیەکە شلەی سەراوی تێدایە و دەوری منداڵەکەی داوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵەکه کە ئەمە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، ئەم شلەیە منداڵەکە دەپارێزێت و بە گەرمی دەیهێڵێتەوە کە کاتێک ئەم پەردەیە دەتەقێت و شلەکەی دێتە دەرەوە و نامێنێت هۆکارێکە تاکوو منداڵەکە بکەوێتە مەترسیەوە لە ڕوانگەی خۆراک و ئۆکسجینەوە و هەروەها ئەگەری توشبوونی بە هەوکردن زیاد دەکات.
لێبوونەوەی وێڵاش
وێڵاش فەرمانی خۆراک دانە بە منداڵ و کاتێک لە دیواری منداڵدان جیادەبێتەوە دەکرێت حاڵەتێکی مەترسیدار بێت چونکە ئیتر خوێن و ئۆکسجینی پێویست ناگات بەمنداڵەکە، زۆرجار چارەسەری ئەمە تەنها نەشتەگەرییە و گرنگە دایکەکە زوو سەردانی پزیشک بکات چونکە ئەگەری مردنی منداڵەکە بەرز دەبێتەوە.
کەمیی ئۆکسجین لە شانەکانی لەشی منداڵەکەدا
کاتێک کە ناوکە پەتک نەتوانێت خوێن و ئۆکسجین بگەیەنێت بە منداڵەکە بە بڕی پێویست، منداڵەکە دووچاری حاڵەتێک دەبێتەوە پێی دەوترێت کەمیی ئۆکسجین لە شانەکانی لەشدا، ئەم حاڵەتە بەگشتی کوشندەیە و زوو چارەسەر نەکرێت منداڵەکە دەمرێت و هەروەها لەوانەیە زیانی زۆر بگەیەنێت بە مێشکی منداڵەکە، بۆیە لەم حاڵەتەشدا منداڵەکە جووڵەی کەم دەبێتەوە و پێویستە دایکەکە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکات.
دایک چۆن دەتوانێت جووڵەی منداڵەکەی دیاری بکات؟
ئەگەر دەتەوێت بزانیت منداڵەکەت چەند دەجووڵێت و دەتەوێت جووڵەکەی دیاری بکەیت، دوای نانخواردن بە لای چەپدا پاڵبکەوە و سەرنجی جووڵەی منداڵەکەت بدە لە شوێنێکی ئارامدابە و لەگەڵ کەسدا قسە مەکە و مێشکی خۆت سەرقاڵ مەکە بە هیچی دیکەوە تاکوو مێشکت لای دیاری کردنی جووڵەی منداڵەکەت بێت، لە دەوروبەری هەفتەکانی ٢٢ بۆ ٣٥ـی دووگیانی ئەگەری هەیە کە منداڵەکەت لە ماوەی ٢ کاتژمێردا ١٠ جار بجووڵێت، هەر بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری زۆرت بەدی کرد لەمەدا سەردانی پزیشک بکە.
کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە هەفتەی ٣٧ـی دووگیانیدا
کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە کۆتایی ڕۆژەکانی دووگیانیدا زۆر باوە، چونکە منداڵەکە زۆر گەورە بووە و جێگای تەنگ بووە و سەری هاتۆتە ناو حەوزی دایکەوە کە حەوزی دایکەکە شوێنێکی گونجاو نییە بۆ جووڵە.