کەشتی نوح

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-06-18:00:00 - کۆدی بابەت: 7110
کەشتی نوح

ناوه‌ڕۆك

ناردنی پێغەمبەران

خودای گەورە مرۆڤی کردووە بە جێنشین لەسەر زەویدا، وە پێغەمبەری بۆ ڕەوانە کردوون بۆ ئەوەی لە تاریکایی کوفر و گومڕاییەوە دووریان بخەنەوە و بەرەو ڕۆشنایی باوەڕ بیانبەن، وە بۆ ئەوەی کە خودای گەورە بناسن بە تەواوی و پەرستش بۆ زاتی پیرۆزی ئەنجام بدەن و لە هەمان کاتیشدا لە ڕێگەکانی شەیتان دووریان بخەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پێغەمبەران ئەم پەیامە پیرۆزەیان پێبووە، بەڵام لەلایەن گەلەکانیانەوە تووشی چەندەها ناخۆشی و چەرمەسەری بوونەتەوە و بە درۆ خراونەتەوە، وە هەر پێغەمبەرێک و موعجیزەیەکی تایبەت بە خۆی هەبووە کە وەک نیشانەیەک بووە بۆ ڕاستگۆیی ئەو پێغەمبەرە و لەلایەن خودای گەورەوە ڕەوانە کراوە، یەکەم پێغەمبەر ئادەم بووە (سەلامی خودای لەسەربێت) و کۆتا پێغەمبەریش پێغەمبەر موحەممەد بووە، هەر پێغەمبەرێکیش بۆ خۆی لەگەڵ ئەو گەل و هۆزەی کە بۆی ڕەوانە کراوە چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەکێک لەو پێغەمبەرە بەڕێزانە پێغەمبەر نوحه (سەلامی خودای لەسەربێت) کە ئەم بابەتەی ئێمە دەربارەی ئەوە.

چیرۆکی پێغەمبەر نوح (سەلامی خودای لەسەربێت)

ناوی تەواوی نوح کوڕی مالک کوڕی موتەشەولەح کوڕی ئیدریس پێغەمبەر، بە نەوەی نۆیەم یا دەیەمی پێغەمبەر ئادەم دەژمێردرێت، بە باوکی دووەمی مرۆڤایەتی دادەنرێت، پیشەی دارتاش بووە، کە زۆر ئاسانکاری بۆ کردووە لە کاتی دروست کردنی کەشتیەکەدا، خودای گەورە پێغەمبەر نوحی ڕەوانە کرد بۆ گەلەکەی بۆ ئەوەی بانگیان بکات بۆ یەکتا پەرستی، بۆ ئەوەی بە تەنیا خودای گەورە بپەرستن و هاوەڵی بۆ بڕیار نەدەن، لەبەر ئەوەی ڕۆچووبوون لە گوناهـ و تاواندا و شەو و ڕۆژ بتیان دەپەرست کە هیچ سوود و زیانێکی پێنەدەگەیاندن، پێغەمبەر نوح هەموو ڕێگاکانی گرتە بەر بۆ گەیاندنی پەیامی خودای گەورە، ئەوانیش بە هەموو ڕێگایەک بەرەنگاری دەبوونەوە و هەر بەردەوام بوون لەسەر بت پەرستی، هەر بۆیە گەلەکەی دژایەتی خۆی و شوێنکەوتوانی پێغەمبەر نوحیان دەکرد، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەیان لێکرد کە بەرد بارانی دەکەن، هەرچەندە ماوەی 950 ساڵ لەناویاندا بوو بەڵام گەلەکەی بە درۆیان خستەوە و کۆمەڵێکی کەم نەبێت باوەڕیان پێنەهێنا، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (وَما آمَنَ مَعَهُ إِلّا قَليلٌ)(هود: 40)، ئەمە بێجگە لەوەی بە هەموو شێوەیەک گاڵتەیان پێدەکرد، کاتێک پێغەمبەر نوح بۆی دەرکەوت کە بێجگە ئەو کەسە کەمانەی باوەڕیان پێهێناوە کەسی تر باوەڕی پێناهێنێت، دوعای کرد کە خودای گەورە بە هانایەوە بێت و بێباوەڕان لەناو بەرێت، وەک لە قورئاندا تۆمار کراوە: (وَقَالَ نُوحٌ رَّبِّ لَا تَذَرْ عَلَى الْأَرْضِ مِنَ الْكَافِرِينَ دَيَّارًا* إِنَّكَ إِن تَذَرْهُمْ يُضِلُّوا عِبَادَكَ وَلَا يَلِدُوا إِلَّا فَاجِرًا كَفَّارًا)(نوح: 26-27)، ئەوان بە تەنیا بەوەوە نەوەستان کە باوەڕیان بە پێغەمبەر نوح نەهێنا، بەڵکو هەوڵی ئەوەیان دەدا کە کەسانی تریش گومڕا بکەن و خراپەکاری بە زەویدا بڵاو بکەنەوە و نەوەکانی دوای خۆشیان هەر لەسەر ئەو ڕێیەی ئەوان بەردەوام بن، هەر بۆیە خودای گەورە فەرمانی پێکرد کە کەشتیەک لەسەر وشکانی دروست بکات، کە ئەمەش بەلای هۆش و بیرەوە شتێکی نامۆیە لەبەر ئەوەی کە غەیب نازانێت، ئەوەش نیشانەی ئەوەبوو کە سزای خودای گەورە بەڕێوەیە بۆ بێباوەڕان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بانگی دەکردن بۆ ڕێی ڕاست و لە سزای خودای گەورە ئاگاداری کردنەوە بەڵام ئەوان نەک بەدرۆیان خستەوە بەڵکو کاتێک کە کەشتییەکەیان دروست دەکرد بێ باوەڕەکانی گەلەکەی کە بەلایاندا تێدەپەڕین گاڵتەیان پێدەکردن، ئەوە ئاشکرایە کە کاتێک پێغەمبەر نوح بانگی گەلەکەی دەکرد بۆ ڕێی ڕاست ئەوان دەستیان دەخستە گوێچکەیان بۆ ئەوەی گوێیان لێنەبێت و جلەکانیان دەدا بەسەریاندا بۆ ئەوەی نەیبینن، تەنانەت گەیشت بەوەی کە لێیان دا و خوێن بە لاشەی پیرۆزیدا هاتە خوارەوە، پێیان وت: ئێمە لەسەر ئەم بابەتە زۆرمان قسە لەگەڵ تۆ کردووە وازمان لێبهێنە، ئەوان دەیانوت ئایا ئێمە شوێن تۆ و ئەو کەسە بێ نرخانە بکەوین، وەک لە قورئاندا هاتووە: (أنؤمن لك وابتعك الأرذلون)(الشعراء: 111)، ئەوان داوای ئەوەیان لێکرد کە ئەوانەی لەگەڵیان لە باوەڕداران دەریان بکات، دەیانوت ئێمە چۆن باوەڕ بە ئاینێک دەهێنین کە جیاوازی نەکات لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا، لە نێوان کەسە پلە بەرزەکان و ئەوانەی کە پلەیان نییە، کاتێک کە تەواوبوون لە دروست کردنی کەشتیەکە کە دەوترێت درێژیەکەی 80 یا 2000 باڵ بووە، لە لەوحەی دارین دروستکرابوو، خودای گەورە فەرمانی بە زەوی کرد کە ئاوی خۆی بخاتە سەر زەوی و فەرمانی بە ئاسمان کرد کە ئاو ببارێنێت، وەک لە قورئاندا خودای گەورە بۆمان باس دەکات (فَفَتَحْنَا أَبْوَابَ السَّمَاءِ بِمَاءٍ مُّنْهَمِرٍ* وَفَجَّرْنَا الْأَرْضَ عُيُونًا فَالْتَقَى الْمَاءُ عَلَى أَمْرٍ قَدْ قُدِرَ)(القمر: 11-12)، بە شێوەیەک باران باری کە هەرگیز بەو شێوە نەباریبوو، بە خێرایی تۆفانەکە زیادی دەکرد تا گشت شارەکەی داپۆشی، دەوترێت پێش هەڵاتنی ڕۆژ بووە، پێغەمبەر نوح و ئەوانەی باوەڕیان پێهێنابوو چوونە ناو کەشتیەکە و بێ باوەڕان هەموویان خنکان و لەناوچوون، وەک خودای گەورە دەفەرموێت (حَتّى إِذا جاءَ أَمرُنا وَفارَ التَّنّورُ قُلنَا احمِل فيها مِن كُلٍّ زَوجَينِ اثنَينِ وَأَهلَكَ إِلّا مَن سَبَقَ عَلَيهِ القَولُ وَمَن آمَنَ)(هود: 40).

ئەوانەی کە سوار کەشتیەکە بوون

  • پێغەمبەر نوح (سەلامی خودای لەسەربێت).
  • سام و حام و یافیث ـی کوڕی و هاوسەرەکانیان.
  • ئەو کەسانەی تر کە باوەڕیان بە خودای گەورە هێنابوو.
  • لە هەر گیاندارێک نێرینەیەک و مێینەیەک.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە کەشتیەکەی پێغەمبەر نوح یەکەمین کەشتیە کە دروست کرابێت لە مێژوودا، بەم شێوە تۆفانێکی زۆر بەهێز دروست بوو کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە، ئەم تۆفانە مەزنە هەموو کەسێکی لەناو برد و کەس ڕزگاری نەبوو لێی بێجگە پێغەمبەر نوح و ئەوانەی باوەڕیان پێهێنابوو لەناو کەشتیەکەدا، ئەوەی پێغەمبەر نوحی بێتاقەت کرد ئەوەبوو کە ژنەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی کە ناوی کەنعان یان یام بووە لە بێباوەڕان بوون و لەناوچوون، هەرچەندە کاتی تۆفانەکە پێغەمبەر نوح بانگی کوڕەکەی کرد بۆ ئەوەی سەربکەوێت لەگەڵیاندا و تیا نەچێت، بەڵام ئەو بەرهەڵستی کرد و ویستی بڕواتە سەر لوتکەی چیایەک بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەویش وەک هەموو بێباوەڕەکانی تر لە تۆفانەکەدا خنکا و لەناوچوو، جێی باسە ئاماژە بەوە  بدەین کە ئەوانەی کە باوەڕیان بە خودای گەورە هێنابوو و سواری کەشتیەکە بوون ژمارەیان 80 کەس بووە یان دەوترێت 78 کەس بوون، ئەم کەشتیە بۆ ماوەی 150 ڕۆژ لە دەریادا مایەوە، هەرچەندە ئەم زانیاریە لە قورئاندا تۆمار نەکراوە، کاتێک کە زەوی وەک پێش تۆفانەکەی لێهاتەوە لە کەشتیەکە دابەزین، بەم شێوە پێغەمبەر نوح و ئەوانەی باوەڕیان بە خودای گەورە و ڕۆژی دوایی هێنابوو ڕزگاریان بوو.

شوێنی کەشتییەکەی پێغەمبەر نوح

خوای گەورە بە هۆکاری سێ پێغەمبەرەوە ڕێزی لە سێ کێو ناوە، ڕێزی لە کێوی جودی ناوە بەبۆنەی (پێغەمبەر نوح)ەوە (سەلامی خودای لەسەربێت)، ڕێزی لە کێوی طوری سەیناء ناوە بەبۆنەی (پێغەمبەر موسا)ەوە (سەلامی خودای لەسەربێت)، وە ڕێزی لە کێوی حەڕاء ناوە بەبۆنەی پێغەمبەر موحەممەد ـەوە ، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر کەشتیەکە لە دەریادا بوو وەک باسکراوە کە بۆ ماوەی 150 ڕۆژ بووە، بە فەرمانی پەروەرگار کەشتیەکە لە شاخی جودی لەنگەری گرت و وەستا, وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (وَقِيلَ يَا أَرْضُ ابْلَعِي مَاءكِ وَيَا سَمَاء أَقْلِعِي وَغِيضَ الْمَاء وَقُضِيَ الأَمْرُ وَاسْتَوَتْ عَلَى الْجُودِيِّ وَقِيلَ بُعْداً لِّلْقَوْمِ الظَّالِمِينَ)(هود: 44)، تا ئەم ڕۆژەش ئەم کەشتیە هەر ماوە، زۆر ڕا هەیە کە ئایا ئەم شاخە دەکەوێتە کوێ، هەندێک دەڵێن شاخی جودی دەکەوێتە باکووری کوردستان لە پارێزگای شەرناخ یان دەوترێت دەکەوێتە (دیاربەکر)، واتە نزیک لە سنوری عێراق سوریا و هتد..، وە ئەم شاخە یەکێکە لە بەرزترین شاخەکانی تورکیا، وە ئەم کەشتیە ماوەتەوە بۆ ئەوەی کە پەندی لێوەربگرین و بزانین سەرەنجامی گەلانی پێش ئێمە چیبووە.


سەرچاوەکان



5320 بینین