خەون

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-09-00:01:00 - کۆدی بابەت: 7133
خەون

ناوه‌ڕۆك

خەو بینین

خەو بینین بریتییە لە ئەو چیرۆک و وێنانەی کە مێشک دروستی دەکەن لە کاتی خەودا، خەو دەکرێت ئاسوودەبەخش، خۆشیبەخش، ڕۆمانسی، بێزارکەر، ترسێنەر یان زۆر سەیربێت، سەرچاوەی ئەم خەوانە تاکوو ئێستاش لای پزیشک و دەروونناسان نەزانراوە.

هۆکار

چەندین بیردۆز هەن دەربارەی هۆکاری خەو بینین، هەروەها چەندین پرسیار هەن دەربارەی ئەوەی کە ئایا خەو بینین تەنها بەشێکە لە سوڕی خەو یاخود مەبەستی دیکەی لە پشتەوەیە، ڕوونکردنەوە باوەڕپێکراوەکان دەبارەی خەو بینین بریتیین لە: 

  • دەربڕینی خواست و ئاواتە دەرنەبڕدراوەکان.
  • شیکردنەوەی شەپۆلە هەڕەمەکەکانی مێشک و لەش لە کاتی خەودا.
  • جێگیرکردن و چەسپاندنی ئەو زانیارییانەی بە درێژایی ڕۆژ کۆکراونەتەوە.
  • وەک جۆرێکی چارەسەری دەروونی کاردەکات.

لە ئەنجامی چەندین بەڵگە و توێژینەوەی زانستی شێوازناسی، توێژەرەوە زانستییەکان ئەوە پێشبینی دەکەن کە خەو بینین سوودی بۆ ئەم کردارانە هەیە: 

  • چەسپاندنی بیرەوەری کاتی بێ ئاگایی، کە تێیدا مێشک پشتگیری کرداری فێربوون و یادەوەری و هەستی لە خەو هەستان دەکات.
  • ئامادەبوون بۆ ئەو ترسانەی دەکرێت لە داهاتوودا تووشی ببیت.
  • هاندانی ئەو فێربوون و زانینانەی کە لە ژیانی ڕاستیدا ئەزموون کراون، وەک ئەوەی خەو ژێرسیستمی تۆڕی بنەڕەتی ئاگایی بێت، ژێرسیستمی تۆڕی بنەڕەتی بریتییە لەو بەشەی مێشک کە چالاکە لە کاتی خەون بینین و خەیاڵکردندا.
  • یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی توانای کرداری فێربوون.
  • پەرچدانەوەی کردارە دەروونییە خودکارەکان بە ڕێگای دەروونشیکاری.
  • دۆخێکی بێ وێنەی نائاگاییە کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەزموونکردنی ئەو ساتەی مرۆڤی تێدایە و دووبارەکردنەوەی ڕابردوو و ئامادەکاری بۆ داهاتوو.
  • بۆشاییەکی دەروونییە کە تێیدا ئەو شتانەی بەرهەڵستیان ناکرێت یان دژ بەیەکن یان ئەو بیرانەی بە تەواوی ئاڵۆزن پێکەوە کۆدەکرێنەوە بە خەو بینینی کەسێک، ئەو خەیاڵانەی کە لە کاتی ئاگاییدا بێزارکەرن، خزمەتی ئەو ویستانە دەکەن کە پێویستن بۆ هاوسەنگی و یەکسانی دەروونی.

زۆربەی زانیارییەکان دەربارەی خەو بینین بە نەزانراوی ماونەتەوە، خەو بینین قورسە کە بە شێوەیەکی سروشتی لە تاقیگەدا توێژینەوەی لەسەر بکرێت، بەڵام تەکنەلۆژیا و تەکنیکە نوێیەکانی توێژینەوە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ پێشخستنی تێگەیشتن لە خەو بینین.

دۆخەکانی خەو

دوو جۆری سەرەکی لە خەو هەیە کە بریتیین لە (خەوی خێرا جووڵاندنی چاو - rapid eye movement) و (خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو - non-REM sleep):

خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو

قۆناغی یەکەم: بریتییە لە ڕۆیشتن لە دۆخی ئاگاییەوە بۆ خەوتن، بە درێژایی ئەم ماوە کورتەی خەوی تا ڕادەیەک سووک (چەند خولەکێک دەخایەنێت)، خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان و جووڵەی چاوەکان و ماسولکەکان خاودەبنەوە، شەپۆلەکانی مێشک دەست دەکەن بە خاوبوونەوە، ئەم قۆناغە نزیکی ٤٪ بۆ ٥٪ خەو دەگرێتەوە.

قۆناغی دووەم: ماوەیەکی خەوی سووکە پێش ئەوەی بکەویتە خەوی قووڵەوە، خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان کەمدەکات، ماسولکەکان زیاتر خاودەبنەوە، پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت و جووڵەی چاو دەوەستێت، چالاکی شەپۆلەکانی مێشک خاودەبنەوە، ئەم قۆناغە نزیکی ٤٥٪ بۆ ٥٥٪ تێکڕای خەو دەگرێتەوە.

قۆناغی سێیەم: بریتییە لەو ماوەیەی خەو کە تێیدا دەکەویتە ئەو خەوە قووڵەوە کە پێویستتە بۆ ئەوەی تێرخەو ببیت و لە بەیانیاندا هەست بە نوێبوونەوە بکەیت، خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان خاودەبنەوە بۆ خاوترین ڕێژە، ماسولکەکان خاو دەبنەوە، هەروەها شەپۆلەکانی مێشک خاوتر دەبنەوە، ئەم قۆناغە نزیکی ٤٪ بۆ ٦٪ تێکڕای خەو دەگرێتەوە.

قۆناغی چوارەم: شەپۆلەکانی مێشک بە تەواوی خاودەبنەوە، قورسە کە بتوانیت کەسێک کە لە قۆناغی سێیەم و چوارەمی خەودایە بە ئاگا بهێنیت، چونکە ئەم دوو قۆناغە پێکەوە پێیان دەوترێت قۆناغی خەوی قووڵ، هیچ جووڵەیەکی چاو و چالاکی ماسولکە لەم قۆناغەدا بوونی نییە، ئەو کەسانەی لە خەوی قووڵ خەبەر دەکرێنەوە ناتوانن یەکسەر هەستنەوە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک دوای بە ئاگاهاتن هەست بە سەرلێشێوان دەکەن، ئەم قۆناغەی خەو نزیکی ١٢٪ بۆ ١٥٪ تێکڕای خەو پێکدەهێنێت.

خەوی خێرا جووڵاندنی چاو

ئەم جۆرەی خەو ٩٠ خولەک دوای خەولێکەوتن و تێپەڕین بە خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاودا ڕوودەدات، خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان زیاد دەکات، شەپۆلەکانی مێشک دەست دەکەنەوە بە چالاکی و چالاکییان نزیک دەبێتەوە لە دۆخی ئاگاییی، چاوەکان بە خێرایی لە لایەکەوە بۆ لاکەی دی دەجووڵێن، زۆربەی خەو بینینەکان لەم قۆناغەدا ڕوودەدەن بەپێی چالاکی مێشک، ئەم قۆناغەی خەو نزیکی ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ تێکڕای خەو دەگرێتەوە.

جۆرەکانی خەون

مۆتەکە

بریتییە لە خەونی بێزارکەر و ناخۆش کە وا لەو کەسە دەکات خەونەکەی بینیوە هەست بە چەندین شتی ناخۆش بکات، کاردانەوە باوەکانی مۆتەکە بریتیین لە دڵەڕاوکێ و ترس، منداڵان و پێگەیشتووانیش ئەگەری بینینی مۆتەکەیان هەیە، هۆکارەکان بریتیین لە:

  • پەستانی دەروونی.
  • ترس.
  • گورزی دەروونی.
  • بارگرانی لایەنی سۆزداری.
  • نەخۆشی درێژخایەن.
  • بەکارهێنانی هەندێک جۆری چارەسەر و دەرمان.

خەونی ڕوون

خەونی ڕوون ئەو خەونەیە کە تێیدا ئەو کەسەی خەون دەبینێت دەزانێت کە ئەوەی دەیبینێت خەونە، هەروەها لەوانەیە بتوانێت خەونەکەی کۆنترۆڵ بکات، پێوانەی ئەم کۆنترۆڵە بەپێی خەونەکان دەگۆڕێت، لەوانەیە لە ناوەڕاستی خەوەکەدا بێت کاتێک کەسەکە خەوتووە و لەناکاو هەست دەکات کە خەو دەبینێت، هەندێک کەس ئەزموونی خەونی ڕوون دەکەن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، بەڵام هەندێک کەسی دیکە باسیان لەو کردووە کە توانیویانە توانای کۆنترۆڵکردنی خەونەکەیان زیاد بکەن.

چالاکی مێشک و جۆرەکانی خەون

زاناکان ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە دابەشکردنی چالاکی مێشک پەیوەستە بە جیاکەرەوە تایبەتەکانی خەون لە بەشی دروستکەری وێنە لە چالاکی مێشکدا بە درێژایی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو، زۆربەی جیاکەرەوە سەیرەکانی خەونی ئاسایی وەک یەکن لەگەڵ نەخۆشییە دەمارییە دەروونیەکان کە دوای زیانگەیاندن بە مێشک تووشی مرۆڤ دەبن، وەک نەناسینەوەی شوێن و ڕووخسار.

لەبیرکردنی خەون

توێژینەوەکان لەسەر چالاکی مێشک پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو ١٠ ساڵەوەیە شەوانە نزیکی ٤ بۆ ٦ جار خەو دەبینن، بەڵام بە دەگمەن بیریان دەمێنێت، زۆجار دەوترێت کە ٥ خولەک دوای خەو بینین خەڵکی نزیکی ٥٠٪ خەونەکەیان لەبیردەکەن، دوای ٥ خولەکی دیکە نزیکی ٩٠٪ لەبیردەکەن، زۆربەی خەونەکان دوای تێپەڕبوونی کات بە تەواوی لەبیردەکرێن دوای هەستان لە خەو، تاکوو ئێستا هۆکاری ئەوە نەزانراوە کە بۆچی لەبیر دەکرێن.
ئەو هەنگاوانەی کە یارمەتیدەرن بۆ گێڕانەوە و لەبیرمانی خەون بریتیین لە:

  • هەستانی خودکارانە و بەبێ زەنگی ئاگادارکردنەوە.
  • سەرنج خستنە سەر خەون و تاکوو لە تواناتدا بێت ڕاستەوخۆ دوای هەستان لە خەو.
  • نووسین دەربارەی خەونەکە ڕاستەوخۆ دوای هەستان لە خەو.

ئایا خەون ڕەنگدارە؟

نزیکی ٨٠٪ ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ کەمترە خەون بە ڕەنگاوڕەنگی دەبینن، ئەو کەسانەشی کە تەمەنیان لە ٦٠ ساڵیدایە نزیکی ٢٠٪ خەون بە ڕەنگاوڕەنگی دەبینن، ژمارەی ئەو کەسانەشی کە تەمەنیان لە بیستەکان و سییەکان و چلەکاندایە و باسیان لەوە کردووە کە خەویان بە ڕەنگاوڕەنگی بینیوە لەدوای ساڵی ١٩٩٣ تاکوو ٢٠٠٩ زیادی کردووە، توێژەرەوەکان پێشبینی ئەوەیان کردووە کە تەلەفزیۆنی ڕەنگدار ڕۆڵی هەیە لەم جیاوازییەی خەون بینینی وەچەکاندا، هەروەها توێژینەوەیەکی دیکە ئەوەی دۆزیوەتەوە کە کەسانی پێگەیشتووی بەتەمەن زیاتر خەونی ڕەش و سپی دەبینن بە بەراورد بە پێگەیشتووانی کەم تەمەن.


سەرچاوەکان



2239 بینین