سنگەکوتێ

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-10-22:13:00 - کۆدی بابەت: 7151
سنگەکوتێ

ناوه‌ڕۆك

سنگەکوتێ چییە؟

سنگەکوتێ (بە عەرەبی: ذبحة، بە ئینگلیزی: Angina) ئازارێکە بەهۆی نەچوونی بڕی تەواوی خوێن بۆ بەشێکی دڵ دروست دەبێت، ئازارەکە وەکو جەڵتەی دڵ لەسەر سنگ هەستی پێدەکرێت و هەندێک جاریش پێی دەوترێت (Angina Pectoris) کە ئەویش نەخۆشیەکە و هاوپەیوەندە بە دڵەوە، سنگەکوتێ نیشانەیەکە لە نیشانەکانی نەخۆشی دڵ، کاتێک خوێنبەرەکانی دڵ کە ماددەی خۆراکی پێویست و ئۆکسجین دەگوێزنەوە بۆ دڵ دادەخرێن ڕوودەدات، سنگ ئێشە زۆرجار بە خێرایی نامێنێت، لەوکاتەدا دەتوانێت نیشانەیەکی مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە و پێویستە بزانرێت کە چی ڕوودەدات تاکو نەخۆشەکە لە جەڵدەی دڵ بەدووربێت، گۆڕینی شێوازی ژیان و دەرمان ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنگەکوتێن، بەڵام ئەگەر هاتوو ئازارەکە بەرەو خراپتر چوو ئەوا دەبێت نەشتەرگەری ئەنجامبدرێت (قەستەرە: کردنەوەی ڕێڕەوەکانی دڵ)

جۆرەکانی سنگەکوتێ

سنگەکوتێی جێگیر: باوترین جۆریەتی و جووڵە و فشاری دەروونی ئازارەکە زیاتر دەکەن بۆماوەی چەند خولەکێک و پاش پشوودان ئازارەکە نامێنێت، دەبێت بزانین کە حاڵەتەکە خودی جەڵتەی دڵ نییە بەڵکو نیشانەیەکی سەرەتاییە بۆ ڕوودانی جەڵتەکە.
سنگەکوتێی ناجێگیر: ئەم جۆرەیان زیاتر لەکاتی پشووداندا ڕوودەدات و ئازارێکی بەردەوام و بەهێزە هەروەها ئەگەری دووبارەبوونەوەی لەسەریەکی زۆرە، بەهەمان شێوە دەشێت نیشانەیەکی جەڵتەی دڵ بێت.
سنگە کوتێی خوێنبەرە وردەکان: لە ئافرەتاندا باوترە، لەم جۆرەی سنگەکوتێدا ئازار بەهۆی لە کارکەوتنی بچووکترین خوێنبەری دڵەوە دروست دەبێت، بەمەش دڵ ماددەی خۆراکی پێویستی پێ ناگات و بۆ ماوەی ١٠ خولەک بەردەوام دەبێت.
سنگەکوتێی هەمەجۆر: جۆرێکی دەگمەنی ئازارەکەیە و نەخۆشەکە ئازاری سنگی هەیە بەڵام بەهۆی داخرانی خوێنبەرەکانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی تەسکبوونەوە و توندبوونەوەیانە، کاتی ڕوودانی ئەم ئازارە لە شەواندایە بەتایبەت لە کاتی خەودا.

نیشانەکانی سنگەکوتێ

لە ڕاستیدا سنگەکوتێ خودی خۆی نیشانەیەکە، بەڵام کاریگەری جیاواز دروست دەکات:

- ئازاری بەردەوام.
- سووتانەوە.
- بێزاری.
- گێژخواردن.
- ماندوویەتی.
- هەستکردن بە قورسبوونی سنگ.
- ئازاری گەدە.
- ڕشانەوە.
- هەناسەکورتی.
- عارەقکردنەوە.
- خیزەی سنگ.
- دڵەکزێ.
- غازات.
- بوونی ئازارێک کە لە ئاستی مەمکەکانەوە دەستپێدەکات بەرەو شان و قۆڵەکان دەڕوات هەروەها مل و قوڕگ و شەویلگە و پشتیش دەگرێتەوە.
- سنگەکوتێ لە پیاواندا ئازار لە سنگ و مل و شانەکاندا دروست دەکات، بەڵام لە ئافرەتاندا لە ناوچەی سک و مل و شەویلگە و پشتدایە.

هۆکارە سەرەکییەکانی سنگەکوتێ

نەخۆشیەکانی دڵ هۆکاری ڕوودانی ئازارەکەن، کاتێک چەوری لە ڕێڕەوەکانی خوێندا دەنیشێت، ڕێڕەوی خوێن بەرەو ماسولکەی دڵ دادەخات، ئەمەش وادەکات دڵ بە فشارێکی زۆر و ئۆکسجینێکی کەمەوە کار بکات، ئەم ڕووداوەش ئازارێکی بەهێز دروست دەکات، نیشتنی چەورییەکەش لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ، هۆکارە لاوەکییەکان:

- داخرانی بۆری هەوا بەهۆی پارچەیەک خوێنی مەییو.
- ئەستووربوون یاخود گەورەبوونی دڵ.
- تەسکبوونەوەی یەکێک لە چوار زمانەکەی دڵ.
- ئاوسانی دڵ.
- برینی شاخوێنبەر.

ئەوانەی مەترسی تووشبوون بە سنگەکوتێیان زیاترە

 - هەڵکشانی تەمەن.
 - بوونی پێشینەی بۆماوەیی لە نەخۆشیەکانی دڵدا.
 - بەرزی پەستانی خوێن.
 - بەرزی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ لە خوێندا.
 - نەخۆشی شەکرە.
 - قەڵەوی.
 - فشاری دەروونی.
 - جگەرەکێشان.
 - کەمجووڵەیی.

دیاریکردنی سنگەکوتێ

ECG: پشکنینی کارەباییاتی دڵ
پشکنینی خوێن: پێوانەی پڕۆتینی ترۆپۆنین لە خوێندا کە لە کاتی تێکچوونی ماسولکەی دڵدا زیاد دەکات.
X-Ray: بۆ زانینی هەر کێشەیەک کە لە سنگدا ڕوویدابێت.

چارەسەر

بەپێی جۆری سنگەکوتێکە، ڕێگەی چارەسەریش دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەگەر هاتوو حاڵەتەکە سنگەکوتێی جێگیر بوو ئەوا وەرزشکردن و ڕێکخستنی ژەمەکانی خواردن هەروەها وازهێنان لە جگەرەکێشان ڕێگا چارەن بۆ حاڵەتەکە، بەڵام گەر جۆری سنگەکوتێی ناجێگیر بوو پێویستە دەرمان بەکاربهێنرێت، هەندێک لەو دەرمانانە:
• داخەری ڕێڕەوی کالسیۆم (Calcium Channel Blocker) بۆ فراوانکردنی ئەو لوولە خوێنانەی بەرەو دڵ دەچن، بەم شێوەیەش خوێنی زیاتر بەرەو دڵ دەچێت و باشتر کاردەکات.
• بێتا بلۆکەرەکان (Beta Blockeers) فشاری زۆری سەر ماسولکەی دڵ کەمدەکەنەوە.
• ڕوونکەرەوەکانی خوێن (Blood Thinners) کە خوێنی مەییو کەمدەکەنەوە.
• ستاتینەکان (Statins) بەکاردەهێنرێن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا.


سەرچاوەکان



416 بینین