ناوهڕۆك
خواردنەوەی چای
زۆرێک لە خەڵکی بۆ هێورکردنەوەی مێشکیان و دەرچوونی ماندوویەتییان ڕۆژانە چای دەخۆنەوە و لەناو خەڵکیدا چا خواردنەوە زۆر باوە، خانمانی دووگیان بە گشتی لەماوەی دووگیانیدا بێزوو بە خواردنی زۆرەوە دەکەن و دەکرێت خانمان لەم ماوەیەدا حەزیان بۆ خواردنەوەی چا زۆر زیاتر بکات، یاخود هیچ حەزێکیان نەمێنێت بۆی.
پێکهاتە خۆراکییەکانی ناو چای
لە یەک کوپ چادا ئەم پێکهاتانە هەیە
- کاربۆهیدرات ٧/٠ گرام
- ماددەی ئاسن ٩/١١ مایکرۆگرام
- مەگنیسیۆم ١/٧ میلیگرام
- فسفۆڕ ٤/٢ میلیگرام
- پۆتاسیۆم ٧/٨٧ میلیگرام
- فلۆڕاید ٨٨٤ مایکرۆگرام
- سۆدیۆم ١/٧ میلیگرام
- کافایین ٤/٤٧ میلیگرام
دوای ڕۆژێک کاری قورس خواردنەوەی چای ڕەش دەتوانێت ماندوویەتیت دەربکات، دژە ئۆکسانەکانی ناو چا یارمەتی پێست دەدەن تاکوو درەنگ پیر ببێت، هەروەها چای ڕەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە.
ئایا دەتوانیت لەماوەی دووگیانیدا چا بخۆیتەوە؟
ئەگەر دەتەوێت ڕۆژانە چا بخۆیتەوە دەبێت بڕی کافایینی ناو چاکە لەبەرچاو بگریت، جگە لە چای دەبێت ئاگاداری خواردنی وەک قاوە و چوکلێت بیت چونکە ئەمانەش بڕێکی باش لە ماددەی کافاینیان تێدایە، بۆیە نابێت خانمان لەماوەی دووگیانیدا چا زۆر بخۆنەوە.
ئەو هۆکارانەی وادەکات کە لە چا دوورکەویتەوە لەماوەی دووگیانیدا
هەموو خواردن و خواردنەوەیەکی باش لەگەڵ ئەو هەموو سوودەشدا لە ئەنجامدا کۆمەڵێک لێکەوتی خراپی هەیە، ئەمە بە تایبەت کاتێک کە زیادەڕەوی بکەیت لە خواردنەوەی چادا، کە لەوانەیە یەکێک لەم لێکەوتە خراپانەی هەبێت.
- زیادکردنی مەترسی لەبارچوون و کەم ئەندامی منداڵ.
- وادەکات لە جاران زیاتر میز بکەیت.
- مەترسی توشبوون بە کەمخوێنی زیاد دەکات.
- مەترسی توشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن.
- دەبێتە هۆی خەوزڕان و ناتەواوی لە خەودا.
ئایا چای بێ کافایین بوونی هەیە؟
ئەگەر ناتوانیت کە دوورکەویتەوە لە زۆر خواردنەوەی چا واباشترە کە چای بێ کافایین بخۆیتەوە، زۆرینەی جۆری چاکان کافایینی کەمیان تێدایە جگە لە چای ڕەش، بەڵام وەک چای ڕەش تامێکی خۆشیان نییە تاکوو خەڵک سوود لەوانە وەربگرێت، هەر بۆیە دەکرێت لەماوەی دووگیانیدا ئەو چایە ڕەشە هەڵبژێریت کە کافایینی کەمی تێدایە.
ڕێگایەکی گونجاو بۆ ئەوەی چا بخۆیتەوە و کافایینی کەمی تێدا بێت ئەوەیە کە گەڵا سەوزەکەی چا بەکاربهێنیت، گەڵاکە بکە ناوی و ئاوی تێبکە بە جۆرێک کە بێتە سەری گەڵاکانەوە و بیکوڵێنە و کاتێک بە تەواوی کوڵا ئاوەکەی جیابکەرەوە و گەڵاکان دەربهێنە و ئەو ئاوە بکەرە ئەو چایەی کە دەتەوێت بیخۆیتەوە، ئەگەر چای کیسەکان دەخۆیتەوە ئاوە گەرمەکە بکە چایە کیسەکانەوە و بهێڵە ٣٠ چرکەیەک لە ئاودا بمێنێتەوە و دواتر دەریبهێنە لە ئاوەکەدا، بەم شێوەیە کوپێک چا دەخۆیتەوە بەبێ کافایین.
خواردنەوەی چای سەوز لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا
تاکوو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەوەی نەسەلماندووە کە چای سەوز زیانی هەبێت لەماوەی دووگیانیدا، هەرچەندە واباشە کە زیادەڕەوی نەکەیت لە خواردنەوەی چای سەوزدا چونکە بڕی کافایینەکەی پەیوەستە بە کاتی کوڵانی چاکەوە و تەنها کەمێک جیاوازی هەیە لەگەڵ چای ڕەشدا، ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئەو خواردنەوانە مەخۆرەوە کە کافاینیان تێدایە، با لە چوار کوپ زیاتر نەبێت، تەنها چا نا هەر ماددەیەک کە کافایینی تێدا بێت وەک قاوە و ساردیش.
چای سەوز سوودی زۆری هەیە چونکە دژە ئۆکسانی تێدایە و ڕێگری دەکات لە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە، هەروەها چای سەوز بەسوودە بۆ ددانەکان و ئێسکەکان و یارمەتی کۆئەندامی بەرگری منداڵەکەش دەدات، زۆر خواردنەوەی چای سەوز و زیادەڕەوی تێیدا ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی فۆلیک ئەسید کە ماددەیەکی زۆر گرنگە بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا و هەروەها کەمکردنەوەی ڕێژەی ماددەی ئاسن لە جەستەی خانمە دووگیانەکەدا.