خواردنی تەماتە لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-12-17:58:00 - کۆدی بابەت: 8987
خواردنی تەماتە لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەماتە (بە ئینگلیزی: Tomato) خۆراکێکی گرنگە و دەوڵەمەندە بە ماددەی گرنگی خۆراکی، تەماتە سوودێکی زۆری هەیە بۆ جەستە. یارمەتی بەجوانی مانەوەی پێست دەدات، هەروەها تەندروستی دڵ و کێشی جەستە دەپارێزێت، پارێزگاری لە پەستانی خوێن دەکات و بەسوودە بۆ نەخۆشی شەکرە، جیا لە چەند سوودی تر.
بەڵام دەبێت بزانرێت ئایا ئەم خۆراکە لەماوەی دووگیانیدا دەبێت چۆن بخورێت و سوود و زیانەکانی چین.

خواردنی تەماتە لەماوەی دووگیانیدا

خواردنی تەماتە وەک خواردنەوەی ئاو لەماوەی دووگیانیدا ڕێگەپێدراوە، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C.
خواردنی تەماتە لەماوەی دووگیانیدا نەک تەنها تەندروستە بەڵکوو سوودێکی زۆریشی هەیە بۆ خانمانی دووگیان و کۆرپەکەیان، بۆیە خانمان واباشە ڕۆژانە تەماتە بخۆن، بەڵام خواردنێکی هەر ماددەیەکی بەسوودیش ئەگەر زیادەڕەویی تێدا بکرێت زیانی دەبێت و کاریگەری خراپ جێ دەهێڵێت.

هەڵگرتنی تەماتە

تەماتە لە دووکانەکاندا سەری کراوەیە و هەر بۆیە دەبێت بەباشی بشۆردرێتەوە، هەروەها لە کاتی کڕینیدا دەبێت تەماتەی پتەو بکڕدرێت، ئەوانەی کە بۆنێکی تایبەتیان هەیە و سەوزییان کەمە و لە هەمان کاتیشدا شل و گەنیوو نین، هەروەها دەبێت لەناو ساردکەرەوەدا هەڵبگیردرێت.

شێوازی خواردنی تەماتە

  • دەتوانیت ئاوی تەماتە بگریت و بە تەنها ئاوەکەی بخۆیتەوە، ئەمە ڕێگری دەکات لە بێهێزی و پەستانی خوێن کۆنتڕۆڵ دەکات.
  • یاخود دەتوانیت تەماتە بکەیتە سووپەوە و یان هەر بە تەنها تەماتەکە بکەیت بە سووپ.
  • دەتوانیت سۆسی تایبەتی تەماتە بەکاربهێنیت.
  • هاوینان لەبەر خۆردا تەماتە وشک بکەرەوە و پاشان وردی بکە و تاکوو وەک تۆزێکی لێ دێت، دەتوانیت ئەم پاودەرە بەکاربهێنیت بۆ ناو چێشت، و هەر شلەیەک کەوچکێک بۆ دوو کەوچک تەماتەی پاودەری تێ بکە.
  • تەماتەی ورد بکە ناو ماستەوە و بیخۆ.
  • لە پاڵ خواردنی گۆشت و مریشکدا تەماتە دابنێ و بیکە ناو پاروەکانتەوە.
  • تەماتە لە زۆرینەی زەڵاتەکاندا بەکاردێت و بۆیە هەموو ڕۆژێک زەڵاتە بکە و تەماتەشی تێ بکە.

سوودەکانی

دەوڵەمەندە بە ڤیتامین

تەماتە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A و C، ٪٤٠ـی ڤتامین C و ٪٢٠ـی ڤیتامین Aـی ڕۆژانە دابین دەکات. ڤیتامین C یارمەتی هەڵمژینی ئاسن دەدات و ڤیتامین A کۆئەندامی بەرگریی لەش بەهێز دەکات و دژی تووشبوونە میکرۆبییەکان دەجەنگێت و یارمەتی زوو چاکبوونەوەی خانەکان دەدات دوای منداڵبوون. تەماتە ڤیتامین K تێدایە کە ڕێگری دەکات لە خوێنبەربوون، هەروەها پێکهاتووە له ئاسن و کالسیۆم و سۆدیۆم، ماددەیەکی زۆر گرنگ کە لە تەماتەدا هەیە و سوودێکی زۆری هەیە بۆ کۆرپەکە بریتییە لە ئاسن. ئاسن ڕێگری دەکات لە هەبوونی کەموکوڕی لە دەمارەکانی منداڵەکەدا. هەروەها فۆلیک ئەسید کە جۆرێکی ئاسنە و بەتەواوی لە جەستەی دایکەکەدا نییە، هەر بۆیە خانمان کاتێک دووگیان دەبن دەبێت فۆلیک ئەسید وەربگرن، دەتوانن لە کۆمەڵێک خۆراکەوە وەریبگرن کە یەکێک لەوانە تەماتەیە.

وزەبەخش

تەماتە سەرچاوەیەکی باشی کاربۆهیدراتە، تەماتەیەکی گەورە دەتوانێت نزیکەی ٣٠ کالۆری تێدا بێت، کاربۆهیدراتەکان بۆ دابینکردنی وزەی جەستە زۆر گرنگن. بەتایبەت بۆ دایکانی دووگیان کە بەدەست بێ‌هێزی و ماندوویەتییەوە دەناڵێنن، هەروەها کۆئەندامی هەرسی دایکان ڕێکدەخات و یارمەتی گەشەی کۆرپەکە دەدات.

ڕیشاڵ

یەکێک لە کێشە باوەکانی ماوەی دووگیانی قەبزییە، تەماتە ڕێژەیەکی باش ڕیشاڵی تێدایە و یارمەتی هەرسکردنێکی باش دەدات و بەمەش قەبزی کەم دەکاتەوە.

دژەئۆکسان

دژەئۆکسان لەناو تەماتەدا هەیە و دایکەکە دەپارێزیت بەرزی پەستانی خوێن، کۆرپەکەش دەپارێزێت لە کێشە زگماکییەکان.

دژە تووشبوونی میکرۆبی

تەماتە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە دژی میکرۆبەکان بجەنگێت، و ئەمەش وادەکات زیاتر بەسوود بێت بۆ خانمانی دووگیان.

دەوڵەمەندە بە نیاسین 

نیاسین (niacin) یاخود ڤیتامین B3 لەناو تەماتەدا هەیە و یارمەتی دابەزینی ڕێژەی کۆڵیسترۆڵ دەدات، هەروەها کارەکانی دڵ ڕێکدەخات و لەماوەی دووگیانیدا دڵ بە تەندروستییەکی باشەوە دەهێڵێتەوە.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

خواردنی تەماتە بۆ خانمانی دووگیان ئاساییە و بێ کێشەیە، بەڵام ئەگەر زیادەڕەویی بکرێت لە خواردنیدا کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات بۆ خانمەکە کە ئەمانەن:

  • دڵەکزێ، گەڕانەوەی ترشێتی گەدە بۆ سورێنچک
  • کێشەکانی میزەڵدان و گورچیلە، و شەقیقە.
  • هەروەها دەوڵەمەندە بە هیستامین و زۆر خواردنی دەبێته هۆی هەستیاری و چەند نیشانەیەک دەردەکەوێت وەک، خورانی پێست، لیرووی پێست، ئەگزیما، پژمە و کۆکە، خورانی گەروو، ئاوسانی ڕووخسار و دەم.
  • ئەوانەی تووشبوونی نەخۆشی گەڕانەوەی تڕشەڵۆکی گەدەن (GERD) لەوانەیە لە کاتی زیادەڕەویی کردن لە خواردنی تەماتەدا دووچاری دڵەکزێ، ڕشانەوە ببن.

خواردنی دۆشاوی تەماتە

خواردنی دۆشاوی تەماتە ڕێگەپێدراوە، بەڵام دەکرێت زیانی هەبێت چونکە سەرچاوەیەکی گونجاوە بۆ گەشەکردنی بەکتریا و کەڕوو، کە دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆشی ژەهراوی بوون بە خۆراک (Botulism) و تووشبوونە میکرۆبییەکانی تر. لە خۆراکە لە قووتونراوەکاندا بۆ ئەوەی میکرۆبەکان لەناو ببەن پلەیەکی بەرزی گەرمی بەکاردەهێنن، کە ئەمەش بەشێک لە ماددە خۆراکییە باش و گرنگەکانی ناو تەماتە دەکوژێت. هەروەها ئەو ئامێرەی کە سەری قووتوی دۆشاوی پێ توند دەکەن ماددەیەکی ژەهراوی تێدایە بەناوی بزفینۆڵ (Bisphenol) کە بۆ دایک و کۆرپەکەش زیانبەخشە، بۆیە واباشترە لەجێی دۆشاوی تەماتە خودی تەماتەکە لە خواردنەکاندا بەکاربهێنرێت.


سەرچاوەکان



2202 بینین