ئاڵای کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-16-22:27:00 - کۆدی بابەت: 7280
ئاڵای کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ئاڵای کوردستان

ئاڵای کوردستان ئاڵای فەرمیی ھەرێمی کوردستانە. لە هەرسێ ڕەنگی (سەوز، سپی، سوور) و خۆرێک لە ناوەڕاستیان پێک دێت کە ٢١ تیشکی لەخۆگرتووە. ئەم ئاڵایە لە تەواوی ئەو ناوچانەی کوردستان کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقی فیدراڵ دەشەکێتەوە و بەکاردێت. ئەم ئاڵایە زۆرجار وەک ئاڵای کوردستانی گەورە دادەنرێت.

شێوە و ڕەنگەکان

ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی لاکێشەیە و بەشی سەرەوەی سوورە و بەشی ناوەڕاست سپی و بەشی خوارەوە سەوزە، لە ناوەڕاستیان خۆرێکی درەوشاوەی زەرد هەیە کە ٢١ تیشک لەخۆدەگرێت، لە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا ڕۆژی ١٧ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بکاتە ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، ھۆکاری دانانی ئەم ڕۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥ ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری مەھاباد بەرز کرایەوە.

واتای ڕەنگەکان

  • سوور: هێمای خوێنی شەهیدانە
  • سپی: واتە ئاشتی و تەبایی
  • ڕەنگی سەوز: واتە سروشتی سەوزی کوردستان.
  • خۆری زەرد: هێمای خۆرە وەک سەرچاوەی ڕووناکی بۆ زەوی.

ڕەنگەکان بەپێی RGB و HEX

  • سوور: RGB: (235,35,35) و #ED2024
  • سەوز: RGB: (39,138,65) و #278E43
  • زەرد: RGB: (250,185,20) و #FEBD11
  • سپی: RGB: (255,255,255) و #FFFFFF

شێوەکانی بەکارھێنانی ئاڵا

  • ھەڵواسین بە دار (ستوون)؛ پێویستە خۆرەکەی لە ھەردوو ڕووەوە دیار بێت.
  • بەرزکردنەوەی لە باری پانی؛ ڕەنگی سوور لە سەرەوە و ڕەنگی سەوز لە خوارەوە.
  • بەرزکردنەوەی لە باری درێژی؛ ڕەنگی سوور لە لای چەپ و ڕەنگی سەوز لە لای ڕاست.
  • لە یەخەدانی وەک ڕۆزێت لەسەر سینگ؛ لە لای چەپ لەسەر دڵ دەدرێت.
  • دانان لەسەر مێز؛ پێویستە بە لای چەپ بشکێتەوە.

مێژووی ئاڵاکە

لە ساڵی ١٩١٨ دا سەرۆکی ڕێکخستنی ئازاد (خەلیل بەگ) یەکەم کەس بوو ئاڵای کوردستانی دروست کرد و بەدیاری و بەئامانەت بە (ئیحسان نوری پاشا) دەسەڵاتداری میرەکانی ئاراراتی بەخشی. هەر لەو کاتەدا، حیزبی (خۆییبوون) لە باکووری کوردستان، بوونە خاوەنی سەرەکیی ئاڵاکە و بۆ یەکەم جار ئەم ئاڵایەیان لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٧ بۆ ١٩٢٧ لەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەڵکرد و هەروەها لەسەر بەرگی گۆڤارەکەشیان بەناوی (هاوار) کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەریان دەکرد، کێشایان و دایان دەنا.

پاش هەڵوەشانەوە و کۆتایی حیزبی خۆییبوون، قازی محەمەد یەکەم کەس بوو کە بە فەرمی جارێکی دیکە ئەم ئاڵایەی بەرزکردەوە، لەدوای ئەویش پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ بە فەرمی ئەم ئاڵایەی ناساند، و دواتریش لە ٢٠٠٤ هەمان ئاڵا دانی پێدانرا و بووە ئاڵای فەرمی کوردستان.

واتای ئەو ڕەنگانەی کە لە کۆن و ئێستادا لە ئاڵای کوردستان دەبینرێن کۆمەڵێکن کە بریتین لە:

  • ڕەنگی سوور: شۆڕش، خوێن ڕژان لە جەنگ، ئازایی، ھێز، یەکسانی.
  • ڕەنگی زەرد: ڕووناکی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
  • ڕەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.
  • ڕەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.
  • ڕەنگی شین: ئاو، ئاوەدانی، دەریا، ئاسمان، ئازادی.
  • ڕەنگی پڕتەقاڵی: ئازایی، خۆبەختکردن، قوربانیدان.
  • ڕەنگی ڕەش: پرسە، مەرگ، نەمری.

ئاڵا لەسەردەمی مادەکاندا

بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان زۆربەی ئاڵای ھۆز و نەتەوە ئارییەکان لە رەنگەکانی (سوور، سپی، زەرد، سەوز، شین) پێکھاتبوون. پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات کە لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزرا و لە ساڵی ١٩٩٩ کۆتایی بە ژیانی سیاسی ھات، ئاڵایەکیان لە بۆنە و یادەکانیان بەرزدەکردەوە و بەگوێرەی ئەوان ئەو ئاڵایە ھەمان ئاڵای سەردەمی مادەکان بووە کە لە سەرەوە ھێڵێکی سوور و لە ناوەڕاستدا ھێڵێکی زەرد و لە خوارەوەش ھێلێکی سەوز ھەبووە. کە تەواوی ڕەنگەکانی ھاوشێوەی ئاڵای ئێستای وڵاتی بۆلیڤیای ئەمریکای لاتینە. بەڵام هیچ سەرچاوەیەک نییە باس لە ڕەنگەکانی ئاڵای مادەکان بکات و دەری بخات چ شێوەیەک بووە، تەنیا ئەوە دەزانرێت کە خاوەنی شێوازی تایبەت بە خۆیان بوون و ناسراونەتەوە.

ئاڵای دەوڵەوتی ئەیوبی

ئەیوبییەکانی دیاربەکر و میافارقین و نسێبین و شام و یەمەن ھەر یەکەیان خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوونە، بەڵام لە سەردەمی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) ئەیوبییەکان بوون بە خاوەنی یەک ئاڵا کە لە شێوەیەکی بازنەیی و درێژ لە ڕەنگێکی سەوز پێکھاتبوو، لەسەر سەوزەکە بە ڕەنگی رەش و لە سەر دوو ھێڵی زەرد بە زمانی عەرەبی نووسراوە (لا الە الا اللـە)، لە سەرەوەی ئاڵاکەش خۆرێکی زەرد لە ناو مانگێکی هیلالیدا ھەبووە.

ئاڵای دەوڵەتی زەند

کەریم خانی زەند (١٧٠٥-١٧٧٩)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند کە خۆی و بنەماڵەکایەن لە ماوەی (١٧٥٠-١٧٩٤) فەرمانڕەوایی ئێرانیان کرد، خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوون کە لە شێوەیەکی سێگۆشەیی پێکھاتبوو لە سەر زەمینێکی سپی ھەتاو لە پشت شێرێکەوە دەبینرا و لەسەر ھەرسێ لای ئاڵاکەشدا ھێڵێکی باریکی سەوز ھەبووە.

ئاڵای میرنشینەکانی کوردستان

میرنشینەکانی کوردستان ھەریەکەیان لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ یاخود نیمچە سەربەخۆبوون. کورد لە ماوەی سەدەی دەیەمی زایینی تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم خاوەنی ژمارەیەکی زۆر میرنشین بووە وەک میرنشنی (شەدادی، مەروانی، بابان، ئەردەلان، بێدلیس، سۆران، ھەکاری، بادینان، لوڕی گەورە، لوڕی بچووک، حەسەنکێف، بۆتان)، کە ھەندێک لە میرنشینەکان تەمەنیان کەمتر لە سەدەیەک بووە و ئەوانیتریش تەمەنیان لە نێوان یەک سەدە تاکوو حەوت سەدە بووە. بەشێک لە میرنشینە کوردییەکان لە سەدەی ھەژدە و نۆزدە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ بوون وەک بەرزکردنەوەی ئاڵا، لێدانی سکەی پارە، دروستکردنی خوێندنگا و مزگەوت، دروستکردنی کەلوپەلی سەربازی وەک تۆپ و چەک، ھەوڵدان بۆ فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەیان. میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران دووان لە میرنشینە بەھێز و ناسراوەکانی مێژووی کوردستانن کە شوێنگەی جوگرافییان کەوتووەتە نێو ئینسایکلۆپیدیای جیهانی. میرنشینی سۆران لە سەردەمی پاشای گەورە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە لە دوو ڕەنگی رەش و سپی پێکھاتووە، ڕەنگی ڕەش لە بەشی سەرەوەی و ڕەنگی سپی لە خوارەوەی ئاڵاکەی ھەڵکەوتووە.

ئاڵای ڕاپەڕینی قۆچگیری ١٩٢١

دوای ئەوەی کوردەکانی قۆچگیری لە ھەرێمی دێرسیمی باکووری کوردستان ئامادەنەبوون بچنە ژێر ڕکێفی تورکەکان و داخوازییەکانی مستەفا کەمالەوە، ڕووبەڕووی ھێزەکانی تورک بوونەوە و ئاڵای سەربەخۆیی خۆیان ھەڵدا. ئەو ئاڵایەش لە ژێر کاریگەری ئاڵاکەی ساڵی ١٩١٩ی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی) دروستکرابوو.

ئاڵای حکوومەتی کوردستانی خواروو ١٩٢٢

لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢ شێخ مەحموودی حەفید ئاڵای کوردستانی ھەڵکرد و (حکوومەتی خوارووی کوردستان)ـی ڕاگەیاند و ھەردوو ڕۆژنامەی (بانگی کوردستان) و (ڕۆژی کوردستان)ـیش لەلایەن حکومەتی خوراووی کوردستان بڵاوکرانەوە. ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی خوارووی کوردستان بە ڕێبەرایەتی شێخ مەحموود ھەڵدرا پێکھاتبوو لە زەمینێکی سەوز و مانگێکی سپی لەسەر ڕەنگی سوور لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا.

ئاڵای ڕاپەڕینەکەی ئاگری ١٩٢٩-١٩٣٠

لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی چیای ئاگری بە ڕێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، ڕووناکبیرە کوردەکانیش ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان داڕشت. کە رەنگی سەوز لەسەرەوە و و ڕەنگی سوور لە خوارەوە و ڕەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر ڕەنگە سپییەکەش وێنەی چیای ئاگری لەسەر خۆرێکی زەرد کێشرابوو. ئەم ئاڵایەش تایبەت بووە بە ڕاپەڕینەکە، جگە لە ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کە ھەر لەو سەردەمەدا ھەڵدرابوو.

ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەھاباد ١٩٤٦

لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی کوردی لە ئێران و پاشانیش راگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رۆژی ٢٢/١/١٩٤٦ کە شاری مەھاباد پایتەختەکەی بوو، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان ھەڵدرا، کە ھەمان ئەو ئاڵایە بوو لە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن ڕێکخراوی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) دروستکرابوو بە کەمێک دەستکارییەوە و لە ناوەڕاستەکەی پێنووسێک هەیە.

ئاڵای هەرێمی کوردستان

سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ وەک ئاڵای کوردستان و نەتەوەی کورد دەناسرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کاتێک کۆمەڵ و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵ و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی بوون، لە ھەمان کاتیشدا لە ھەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوون بۆ کوردستان. ساڵی ١٩١٩ (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروستکرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد. ئەو کەسانەی بەشدارییان لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد بریتیبوون لە: (ئەمین عالی بەدرخان (جزیرە بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکوک)، کەمال فەوزی (بێدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدوح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ).

بە گوێرەی ئەو ئاڵایە ڕەنگی سوور لە سەرەوە و ڕەنگی سەوز لە خوارەوە و ڕەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشایەوە. بەگوێرەی نووسراوێکی نوورەدین زازا، ئەو بەچاوی خۆی بینویەتی کە ھەمان ئەو ئاڵایە لەسەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥ـی باکووری کوردستان لە جێگای ئاڵای تورکیادا بەرزکراوەتەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی ڕێکخراوی (خۆیبوون)یش ھەمان ئاڵا لە ساڵی ١٩٢٧ دووبارە وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەردراوەتەوە. بۆ یەکەمجاریش ئەم ئاڵایە لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری فیلادلفیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بەرگی کتێبێکی میر سوورەیا بەدرخان بەناوی (The Case of Kurdistan Against Turkey، By authority of Hoyboon، Philadelphila، ١٩٢٨) بەزمانی ئینگلیزی چاپکراوە کە لە ژێر ئاڵاکەشدا نووسراوە (Flag of Kurdistan). ئەم ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەکەی چیای ئاگریش ھەڵدراوە، جگە لە ھەبوونی ئاڵایەکی تایبەتی بە راپەڕینەکە. (کۆمەڵەی ژێکاف)یش لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٢ بەدوا ھەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەکاندا لە شاری مەھاباد بەرزکردۆتەوە. ئەگەرچی ئەو ئاڵایە لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بوونی ھەبووە، بەڵام کۆمارە یەک ساڵیەکە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە زۆر نزیک بووە لە ھەمان ئەو ئاڵایە. دکتۆر کامەران بەدرخانیش ھەمان ئاڵای ساڵی ١٩١٩ی وەک ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەورووپای داوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠یشدا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێکدا ھەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. ڕەوەندی کوردی ھەموو بەشەکانی کوردستانیش لە ساڵانی ١٩٧٠ بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەکاندا ھەمان ئەو ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان بەرزکردۆتەوە. لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستانیش ئەو ئاڵایە لەسەر تەلاری ھەندێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان دەبینرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨ بەدوا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە ڕەسمی وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەر درا، کە تیشکی خۆرەکەی ٢١دانە تیشکە و لە چوار ڕەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکھاتووە، کە لە ھەندێک سەردەم و شوێندا ژمارەی تیشکەکانی ئاڵای کوردستان یان ئەوەتا زۆرتر بووە لە تیشکەکانی ئێستا یانیش کەمتر بووە و یاخود جۆری تیشکەکانی کورت و درێژ بوون. لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدوا سەرجەم گەلی کورد و نزیک بە سەرجەم ڕێکخراوە سیاسییەکانی ھەر چوار بەشەکەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ھەمان ئاڵایان وەک ئاڵای کوردستان و ئاڵای نەتەوەی کورد پەسەند کردووە.

بەڵام بەشی باکوور و خۆرئاوا هێشتا ئاڵای کۆنی کورد بەکاردێنن و لە سێ ڕەنگ پێکهاتووە.


سەرچاوەکان



4938 بینین