ناوهڕۆك
سەرەتا
بەماسولکەبوونی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان (بە ئینگلیزی: Adeonmyosis) کە پێشی دەوترێت گەورەبوونی منداڵدان واتە گەشەکردنی نائاسایی خانەی لێکچووی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدانە لە دیوارە ماسولکەییەکەی منداڵداندا کە تێیدا ڕێژەی ئیسترۆجین بەرز دەبێتەوە، تاکوو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە نەزانراوە بەڵام دەرکەوتووە کە لەو خانمانەدا زیاتر ڕوودەدات کە پێشتر دووگیان بوون، بەماسولکەبوونی ناپۆشی منداڵدان بەگشتی دوای تەمەنی نائومێدی (١٢ مانگ دوای کۆتا سوڕی مانگانە) نامێنێت و لەناودەچێت، ئەمەش کاتێکە کە ڕێژەی ئیسترۆجین کەم دەکات، دەکرێت زیادبوونەکە هەموو منداڵدان بگرێتەوە و دەشکرێت تەنها لە ناوچەیەکدا بێت.
هۆکارەکان
- بوونی خانەی زیادە لە دیواری منداڵداندا پێش لەدایکبوون کە لە تەمەنی گەورەیدا گەشە دەکات.
- هێرشبردنی کۆمەڵێک خانەی نائاسایی بە ناوی ئەدینۆمیۆما لە ڕێگەی خانەکانی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان کە بەرەو ماسولکەکانی منداڵدان دەچن، دەکرێت ئەمە بەهۆی ئەو بڕینەوە بێت کە لە کاتی منداڵبوون بە نەشتەرکاریدا دەکرێت یاخود هەر نەشتەرکارییەکی دیکە بۆ منداڵدان.
- بوونی کۆمەڵێک خانە لە دیواری ماسولکەی منداڵداندا.
- هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون، کە ئەم هەوکردنە لەوانەیە سنوورە ئاساییەکانی خانەکانی منداڵدان تێکبشکێنێت.
نیشانەکان
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دەگۆڕێت لە حاڵەتی کەم تاکوو توند و دەکرێت هەندێک ئافرەت هیچ نیشانەیەکیشیان نەبێت.
- کەشەنگبوونی درێژخایەنی ماسولکەکان لەماوەی سوڕی مانگانەدا.
- بینینی پەڵە خوێن لە نێوان سوڕەکانی مانگانەدا.
- خوێنبەربوونی توندی کاتی سوڕی مانگانە.
- سوڕی مانگانەیەکی درێژتر لە ڕێژەی ئاسایی.
- بوونی کڵۆخوێن لە کاتی سوڕی مانگانەدا.
- بوونی ئازار لە کاتی جووتبووندا.
- هەستیاری بە دەست لێدانی سک.
- بوونی ئازار لە خوارەوەی سک و پشتدا.
دیاریکردن
پشکنینی دامێن
پزیشک لە ڕێگەی دامێنەوە پشکنین بۆ منداڵدان دەکات و ئەندازەکەی دەزانێت، ئەوانەی تووشبووی بەماسولکەبوونی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان قەبارەی منداڵدانیان ٢ بۆ ٣ بەرامبەر زیاد دەکات.
سۆنەرکردن
لە ڕێگەی سۆنەرەوە دەتوانرێت ناوەوەی منداڵدان ببینێت و ئەم نەخۆشییە دیاری بکرێت.
تیشکی ڕەنین MRI
ئەگەر سۆنەرکردن بەس نەبێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە و پزیشک تیشکی ڕەنین بەکاردەهێنێت کە شەپۆلی موگناتیسی و ڕادیۆیی تێدایە.
هۆکاره مەترسیدارەکان
- تەمەنی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی واتە پێش تەمەنی نائومێدی.
- نەشتەرکاری منداڵبوون یان هەر نەشتەرکارییەکی دیکە بۆ منداڵدان وەک لابردنی گرێی منداڵدان.
- منداڵبوون
لێکەوتەکان
- لەبەرئەوەی یەکێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە خوێنبەربوونی توندە ئەگەری کەمخوێنی زیاد دەکات لە خانمەکەدا و بەمەش دەبێتە هۆی لاوازی کۆئەندامی بەرگری جەستەی خانمەکە و بێهێزی و ماندوویەتی.
- تەنها چارەسەر بۆ چاکبوونەوەی تەواو دەرهێنانی منداڵدانە.
- ئەم نەخۆشییە کاریگەری دەخاتە سەر لایەنی دەروونی و حاڵەتی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دروست دەکات.
چارەسەر
ئەو خانمانەی کە نەخۆشییەکەیان بە سووکی گرتووە و نیشانەکانیان زۆر نییە و یاخود بێزاریان ناکات پێویستیان بە چارەسەر نابێت، ئەوانەشی کە بە توندی نەخۆشییەکەیان هەیە بە چەند ڕێگایەک چارەسەر دەکرێن:
دەرمانی دژەبەکتریا
یەکێک لە نموونە باوەکانی دەرمان بۆ ئەم نەخۆشییە ئیبۆپڕۆفینە کە ئازارشکێنن و کەشەنگبوونی توندی ماسولکەکان چارەسەر دەکەن و یارمەتی کەمکردنەوەی خوێنبەربوونی توندی کاتی سوڕی مانگانە دەدەن، بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە لەماوەی دووگیانیدا قەدەغەیە و دەبێت ئاگاداربن.
چارەسەر بە هۆڕمۆن
حەپی دژە دووگیانی وەک چارەسەرێک بەکاردێت بۆ ئەم نەخۆشییە، ئەو حەپانەی کە پڕۆجیسترۆنیان تێدایە دەتوانن ڕێژەی ئیسترۆجین کەم بکەنەوە کە بووەتە هۆکاری دروستبوونی نیشانەکان و هەروەها دانانی لەولەبیش دەتوانێت ڕێگا چارەیەک بێت.
گرتنی بۆری خوێن بە تۆپەڵکردن
گرتنی بۆری خوێن بە تۆپەڵکردن (بە ئینگلیزی: Embolization) ئەمە ڕێگایەکە کە تێیدا ڕێگری دەکرێت لە خوێن گەیاندن بە ناوچەی زیانپێگەیشتوو، بە گرتنی بۆری خوێنەکە ئەویش بە تۆپەڵکردن نیشانەکانی ئەم حاڵەتە کەم دەکاتەوە.
چارەسەری (MRgFUS)
ئەم چارەسەرە بریتییە لە تیشکی ئێم ئاڕ ئای لەگەڵ سۆنەری ورد بۆ لەناوبردنی بەماسولکەبوونی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان کە توانایەکی بەرزی گەرمی هەیە بۆ لەناوبردنی خانەکان.
دەرهێنانی منداڵدان
(به ئینگلیزی: Hysterectomy) تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەری تەواوی ئەم نەخۆشییە کە تێیدا منداڵدان دەردەهێنرێت، ئەم ڕێگایە نەشتەرکارییەکی گەورەیە و لە حاڵەتێکدا بۆ ئەو ژنانە دەکرێت کە ئیتر نیازی منداڵبوونیان نییە.