ناوهڕۆك
سەرەتا
هەستیاریی منداڵ کاتێک ڕوودەدات کە لەشی منداڵ کاردانەوە بۆ جۆرە پڕۆتینێکی ئەو خواردنە دروست دەکات کە دێتە لەشی منداڵەکە و هەستیارییەکە دروست دەکات، کۆئەندامی بەرگری جەستەی منداڵ کە دژی هەوکردن و نەخۆشییەکان دەجەنگێت دژەتەن بەرهەم دەهێنێت دژی ئەو هۆکاری دروستکردنی هەستیاریییەی کە لەناو ئەو ماددە خۆراکییەدا بوونی هەیە، بەگشتی ئەم وەڵامدانەوەیە ماوەیەکی کورت دوای خواردنەکە تووش دەبێت، وەڵامدانەوەی هەستیاری لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاوازی هەیە و دەکرێت لە هەندێک منداڵدا وەڵامدانەوەکەی توند و لە هەندێک منداڵی تردا وەڵامدانەوەیەکی سادەی هەبێت.
لە کاتی خواردن یاخود دەست لێدان و بۆنکردنی خواردنێکەوە کە منداڵەکە هەستیاری پێی هەیە جەستە ماددەیەکی کیمیایی بە ناوی هیستامین دەردەدات تاکوو پارێزگاری لە خۆی بکات، ئەو مادەەیەکی کە دەبێتە هۆی هەستیاری کاریگەری دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە و هەرس یاخود پێست و دڵ و دەمارەکانی منداڵەکە.
ئەو خۆراکانەی کە دەبنە هۆی هەستیاریی لە منداڵدا
دەکرێت منداڵ بە هەر خواردنێک هەستیاری هەبێت بەڵام بە گشتی ئەم ٨ جۆرەی خۆراک دەبنە هۆی هۆکاری ٪٩٠ـی هەستیاریی منداڵ بە خۆراک ئەوانیش:
مانەوەی هەستیاری لە منداڵدا
بەگشتی پێویستە منداڵ هەستیاری بە هەر خۆراکێک هەبوو دەبێت لێی دوورکەوێتەوە و نەیخوات، نزیکەی ٪٨٠ـی ئەو منداڵانەی کە هەستیارییان بە شیر هەیە چاک دەبنەوە و هەستیارییەکەیان نامێنێت، وە نزیکەی دوو لەسەر سێی هەستیارییەکانی بە هێلکە و ٪٨٠ـی هەستیارییەکانی به گەنم و سۆیا تاکوو ٥ ساڵی نامێنن، ئیتر هەستیاری بە خۆراکەکانی دیکە قورستر لادەچن، تەنها ٪٢٠ـی ئەوانەی هەستیارییان هەیە بە بادام و و ٪١٠ـی ئەوانەی هەستیارییان هەیە بە چەرەسات چاک دەبنەوە، هەستیاری بە ماسی و ڕۆبیان بەگشتی تاکوو کۆتایی تەمەن دەمێننەوە لەگەڵ منداڵەکەدا.
کاردانەوەی جەستە
کاردانەوەی جەستە بۆ هەستیاری لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە دەگۆڕێت و لە هەندێکیاندا ئاسانە و تەنها بەشێکی جەستە دەگرێتەوە و لە هەندێکی دیکەیاندا وەڵامدانەوەکە توند دەبێت و بەشێکی زۆری جەستە دەگرێتەوە، ئەم وەڵامدانەوەیە چەند خولەکێک یاخود چەند کاتژمێرێک دوای بەرکەوتن بەو خواردنەوە ڕوودەدات، وەڵامدانەوەکە ئەم چوار بەشەی جەستە دەگرێتەوە کە ئەمانەن:
پێست
سووربوونەوە و خوران، ئەگزیما، هەوکردنی ڕووخسار یاخود ئەندامەکانی دیکە، هەوکردن و خورانی لێوەکان و زمان و دەم.
وەڵامدانەوەی پێست بە هەستیاری باوترین جۆری وەڵامدانەوەی هەستیارییە.
کۆئەندامی هەرس
ئازاری گەدە، دڵتێکچوون و ڕشانەوە و سکچوون.
کۆئەندامی هەناسە
ئاوی لووت، پژمین، کۆکە، خیزە خیزی سەر سنگ، هەناسەتووندی.
دڵ و دەمارەکان
سەرگێژخواردن و بوورانەوە.
وەڵامدانەوەی زۆر توندی جەستە بۆ هەستیاری کە بەهۆی هەستیاری توندەوە دەبێت ئەمانەن، دروستبوونی کێشە لە هەناسەدانی منداڵەکەدا و دابەزینی زۆری پەستانی خوێن، لەدەست دانی ئاگایی، لە هەندێک حاڵەتیشدا دەبێتە هۆی مردن، بۆیە دەبێت لەگەڵ بینینی ئەم نیشانانەدا منداڵەکە ببەیتە لای پزیشک.
دیاریکردن
کاتێک منداڵەکەت هەستیاری هەیە بە خۆراک و دەیبەیتە لای پزیشک، ئەم پرسیارانە دەکرێت بۆ دیاریکردنی هەستیارییەکە:
- نیشانەکانی منداڵەکە چیبوون؟
- نیشانەکان چەند کاتی خایاند و بە چ جۆرێک ڕوویدا؟
- کاتی نێوان خواردنی خۆراکەکە و دەرکەوتنی یەکەمین نیشانە چەند بوو؟
- پرسیارکردن دەربارەی پێشینەی خێزانی لە بارەی هەستیاری و توشبوونیان بە ئەگزیما و ڕەبۆ.
چارەسەر
هەستیاریی بە خۆراک هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لە دوورکەوتنەوە و نەخواردنی هەموو ئەو خۆراکانەی کە دەبنە هۆی هەستیاری، بەڵام دەرمان بەکاردێت بۆ چارەسەری نیشانەکانی هەستیارییەکە، دەرمانەکانی دژەهەستیاری بەکاردێن بۆ چارەسەری کۆکە و پژمە و هەستیارییەکانی پێست، وە ئەگەر منداڵەکە خیزە خیزی سەر سنگی هەبوو پزیشک هەڵماندنی بۆ ئەکات، هەروەها ئەدریناڵینیش بەکاردێت بۆ چارەسەری هەستیاری زۆر توند.
جیاوازی نێوان هەستیاری بە خۆراک و کێشەی هەرسکردنی خۆراک
کێشەی هەرسکردنی خۆراک کۆئەندامی بەرگری جەستە ناگرێتەوە، و منداڵەکە کێشەی هەیە لە هەرسکردنی هەندێک جۆری خواردندا کە هەر کاتێک دەیانخوات دووچاری بای سکی و سکچوون دەبێتەوە، یەکێک لە باوترین جۆرەکانی ئەم حاڵەتە بوونی کێشەیە لە هەرسکردنی شەکری لاکتۆزدا کە ئەم منداڵانە ناتوانن ئەو شەکرە هەرس بکەن کا لەناو شیری مانگا و ماددە شیرەمەنییەکاندا هەیە، بەڵام هەستیاری کۆئەندامی بەرگری جەستە دەگرێتەوە و لە کاتی خواردنی ئەو ماددەیەی کە هەستیاری دورست دەکات کۆئەندامی بەرگری جەستە وەڵامدانەوەی دەبێت.