ناوهڕۆك
سەرەتا
کوتاو یان پێکوتە یان ڤاکسین دژی ئیفلیجی منداڵان (بە ئینگلیزی: polio vaccine) نەخۆشیی ئیفلیجی نەخۆشییەکی کوشندەیە بەهۆی ڤایرۆسی پۆڵیۆ (poliovirus) دروست دەبێت. ئەم ڤایرۆسە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بڵاودەبێتەوە، دڕکەپەتک تووش دەکات و دەبێتە هۆی ئیفلیجی.
چارەسەری بنبڕکەر بۆ نەخۆشیی ئیفلیجی دەموچاو نییە، بەڵام بە بەکارهێنانی دەرمان و کوتاوی تەندروست دەتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت. ڤاکسینی ناچالاکی ئیفلیجی منداڵان تەنها ڤاکسینی ئیفلیجی منداڵان بووە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵانی ٢٠٠٠ دا بەکارهاتووە. بەپێی تەمەنەکان لە ڕێگەی قۆڵ یان قاچ وەردەگیرێت. پێویستە هەموو منداڵان تاکوو لەم حاڵەتە بە دوور ببن ئەم جۆرە ڤاکسینە وەربگرن. بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردنی نەخۆشییەکان، پێشنیاز دەکرێت وەرگرتنی ڤاکسینەکە بە چوار ژەم بێت بۆ نموونە لە تەمەنی دوو مانگی، شەش بۆ ١٨ مانگ، چوار بۆ شەش ساڵی. ئەو منداڵانەی بەتەواوی ڤاکسینەکەیان بەکارنەهێناوە، تاکوو ژەمەکانی ڤاکسینەکە وەربگرن پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن. ڤاکسینی ئیفلیجی منداڵان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڤاکسینێکی ڕۆتینە و هەر منداڵێک کە ڤاکسینی وەرگرتبێت دەبێت لەم جۆرە ڤاکسینەشی وەرگرتبێت. هەروەها ئەو خێزانانەی دەیانەوێت گەشت بکەن، دەبێت دڵنیا بن کە منداڵەکانیان ئەم جۆرە پێکوتەیان وەرگرتووە. كەسانی پێگەیشتوو کە لەبەردەم مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی پۆڵیۆدان و پێشتر پێکوتەیان وەرنەگرتووە پێویستە بە سێ ژەم پێکوتەکە وەربگرن:
- ژەمی یەکەم هەر کاتێک بێت دەگونجێت.
- ژەمی دووەم یەک بۆ دوو مانگ دوای ژەمی یەکەم.
- ژەمی سێیەم شەش بۆ ١٢ مانگ دوای ژەمی دووەم.
ئەو پێگەیشتووانەی یەک یان دوو ژەمیان وەرگرتووە، پێویستە ژەمی تەواوکەر وەربگرن و هەر سێ ژەمەکە بەتەواوی وەربگرن.
ئەو کەسانەی نابێت ئەم ڤاکسینە وەربگرن:
- هەر منداڵێک ئەگەر پێشتر هەستیاری بە ڤاکسینەکان هەبووبێت نابێت ئەم جۆرە ڤاکسینە وەربگرێت. دەگونجێت پێش بەکارهێنانی پێکوتەکە لە پێکهاتەکانی دڵنیا ببێتەوە.
- ئەگەر ئەو منداڵەی دەیەوێت ڤاکسینەکە وەربگرێت نەخۆشییەکی قورسی نەبێت، بۆ نموونە سەرمابوونێکی کەمی هەبێت دەتوانێت پێکوتەکە وەربگرێت، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەکەی سەخت بوون و باری تەندروستی باش نەبوو پێویستە چاوەڕوان بکرێت تا باری تەندروستی نەخۆشەکە جێگیر ببێت و دواتر ڤاکسینەکە وەربگرێت.
جۆرەکانی ئەم ڤاکسینە
- لە ڕێگەی دەرزی لێدان لە قاچ یان لە قۆڵ منداڵەکان ئەم ڤاکسینە وەردەگرن. ئەم جۆرەیان ڤایرۆسی لاوازکراو یان ناچالاکی تێدایە و توانای زۆربوونیان لە ناو خانەدا نییە.
- لە ڕێگەی قەترە، کە ئەم جۆرەیان لە ڤایرۆسی زیندوو پێکهاتووە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێپێدراو نییە. لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە تەنها جۆری یەکەمیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بەکاردێت.
کاریگەرییە لاوەکییەکان
زۆربەی دەرمانەکان و پێکوتەکان لە دوای بەکارهێنانیان کاریگەری لاوەکیان دەبێت، هەندێک جار کاریگەرییە لاوەکییەکان مامناوەندن و هەندێک کاتیش سەخت دەبن.
- ڕەنگە ببێتە هۆی لەهۆشچوون، پاڵکەوتن بۆ ماوەی ١٥ خولەک پێش بەکارهێنانی ڤاکسینەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە لەهۆش خۆی نەچێت. پزیشک یان کارمەندی تەندروستییەکە ئاگادار بکەرەوە ئەگەر لە دوای بەکارهێنان هەستت بە سوڕانی سەر، لێڵبوونی چاوەکان یان زرنگانەوەی گوێ کرد.
- هەندێک منداڵ هەست بە ئازارێکی زۆری قۆڵەکان دەکەن، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر باو نییە.
- هەستیاری بەهۆی ئەم ڤاکسینە زۆر کەمە نزیکەی یەک لە نێوان هەزار کەس دەبێت. هەروەها دەگونجێت چەند چرکەیەک بۆ چەند سەعاتێک دوای بەکارهێنانی پێکوتەکە منداڵەکە تووشی هەستیاری ببێت.
چۆنیەتی کارکردنی ڤاکسینەکە
ئەم جۆرە ڤاکسینە دەبێتە هۆی دروستبوونی دژەتەن لە ناو سیڕەمدا، بەم جۆرە لە کاتی تووشبوونی کەسەکە بە ڤایرۆسی پۆڵیۆ سیستەمی بەرگری ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ سیستەمی دەماری دەکات و کەسەکە لە ئیفلیجی دەپارێزێت.