هەژماری پاشەکەوت

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-04-09:11:00 - کۆدی بابەت: 7491
هەژماری پاشەکەوت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەژماری پاشەکەوت (بە عەرەبی: حساب التوفير، بە ئینگلیزی: deposit accountجۆرێکە لە جۆرەکانی هەژمارە بانکییەکان بۆ پارێزگاریکردن و دانانی دراو و هەندێک جاریش خشڵ و گەوهەر لە بانکەکان یان دامەزراوە داراییەکان، ئەم هەژمارە بەوە دەناسرێت کە ساڵانە سوودی بانکی دەچێتە سەر واتە لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەی کە خاوەن هەژمار لە بانک جێگیری کردووە و ڕێگەی داوە بەوەی کەسانی دیکە و بانک سوودی لێوەربگرن، خەڵکی بە باشترین هەژمار دایدەنێن بۆ پاشەکەوتکردنی سامانەکەیان، کاتێک نەیانەوێت لە ئێستادا بەکاریبهێنن.

بانک بڕە پارەیەک لەلایەنی بەرامبەر وەردەگرێت کە سوودی لە سامانەکەی خاوەن هەژمار وەرگرتووە و دابەشی دەکات لە نێوان خودی بانک و خاوەن هەژمار، ئەو دامەزراوە داراییانەی ئەم هەژمارەیان هەیە مانگانە ڕاکێشانی پارە بۆ خاوەن هەژمار سنووردار دەکات، بەڵام لە حاڵەتی پێویستدا بانک سنوورەکان ناهێڵێت و نەرمی دەنوێنێت لە پێدانی پارە و ئازادبوونی خاوەن هەژمار بۆ نموونە کاتێک پێویستی بە کڕینی ئۆتۆمبێل، گەشت، کڕینی خانوو، دۆخی نەخوازراو، ئەم هەژمارە هۆکارێکە بۆ پاشەکەوت کردنی ماڵ و سامان و یەکێکە لە باشترین ڕێگاکانی زیادبوونی سیولە (پارەی بەردەست)، بەو واتایەی کە خێراتر دەتوانیت پارەکە بەکاربهێنی بەراورد بە بەڵگەنامەکانی دیکەی وەک فرۆشتنی پشک یان کاڵا و شمەک یان ڕاکێشانی پارە لە حسابی خانەنشینی چونکە ئەمانە پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە تاکوو بتوانی بیگۆڕیت بۆ دراو، بەمەش پارەیەکی زیاتر دێتە ناو بازاڕەکانەوە.

جۆرەکانی هەژماری پاشەکەوت

١- هەژماری پاشەکەوتی سەرەتایی: تەنها شوێنێکە بۆ پارێزگاریکردن لە ماڵ و سامان و بە پێی خواست دەتوان سوودی بانکی وەربگریت یان نا، ڕاکێشانی پارە سنووردارە چونکە بە زۆری ئەو بڕە پارە لە پاڵپشتی کردنی پرۆژەکانی کەسانی دیکە بەکاردێت و لە بەرامبەردا بڕە پارەیەک دەدرێتە بانک و خاوەن هەژمار.

٢- هەژماری پاشەکەوتی خوێندکاران: هەندێک بانک ئەم هەژمارە بۆ خوێندکاران دەکەنەوە بەزۆری هیچ تێچوویەک وەرناگرن بۆ کردنەوەی هەژمارەکە تاکوو ئەو کاتەی دەبێتە خاوەن کار، هەندێک جار چاوپۆشی لەم خاڵە دەکرێت و نەرمی دەنوێنرێت.

٣- کردنەوەی هەژماری پاشەکەوت لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو: هەندێک لە بانکەکان ئەم هەژمارەیان هەیە، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ گەشتن بە ئامانجی دیاریکراو وەک دروستکردنی پرۆژە، کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو.

٤- هەژماری پاشەکەوت لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە: لەسەرەتادا تەنها ئەم جۆرە هەژمارە لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە کاری دەکرد، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی بانکەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکەن ڕێژەی سوودی بانکی ئەم جۆرە زیاترە لە جۆرەکانی دیکە.

کردنەوەی هەژماری پاشەکەوت

- پێویستە لە سەرەتادا بیر لە هۆکارەکانی پێویستبوونی ئەم هەژمارە بکەینەوە، پێویستە وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە، ئایا تەنها بۆ پاشەکەوت ئەم هەژمارە دەکەیتەوە، یان بۆ دۆخی نەخوازراو، یان بۆ ئامانجێک، یان بۆ وەبەرهێنانێک، بە دیاریکردنی ئامانجەکە دەتوانیت ئەو جۆرە هەژمارە هەڵبژێریت کە گونجاوە بۆت.

- ناوبانگ و متمانەی بانکەکە، پێویستە ئەو بانکەی کە هەڵیدەبژێریت ناوبانگێکی باشی هەبێت و خاوەن متمانە و هێزێکی باشی دارایی بێت لە ناوخەڵکیدا، تاکوو ساڵانی کارکردنی زیاتر بێت باشترە و ئەگەری مایەپوچبوونی کەمترە یان خاوەن پرۆژە و وەبەرهێنانی تایبەت بە خۆی بێت یاخود پارەی یەدەگی زۆر بێت.

- بەراوردی نێوان بانکەکان بکە، بەراوردی نرخی سوود و زانیاری لەسەر تایبەتمەندی هەژمارەکە و تێچووی کردنەوەی هەژمارەکە بکە و بزانە تێچووی مانگانە و کەمترین بڕی پارە چەندە کە دەتوانیت ڕایکێشیت و دڵنیا ببەرەوە لەوەی سەرجەم تایبەتمەندییە خوازراوەکانی تێدایە بۆ نموونە پارە خستنە سەر هەژمارەکەت لە ڕێگای مۆبایلی زیرەکەوە یان ئاگادار بوون لە هەژمارەکەت لە کاتی جوڵە پێکردنی پارەکەت، وە پێویستە بزانیت گواستنەوەی پارەکەت بۆ هەژماری جاری (جۆرێکە لە هەژماری بانک کە دەتوانیت بەشێوەیەکی ئازادانە پارەکە ڕابکێشیت) ماوەی چەندی پێدەچێت .

- ڕێکخستنی بەڵگەنامەکان و ئامادە باشی تەواو بۆ کردنەوەی هەژمارەکە، نابێت کردنەوەی ئەم هەژمارە کاتێکی زۆر بخایەنێت بە تایبەت ئەگەر وەڵامی داواکارییەکان لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە وەرگیرابن، پێویستە ئەو کەسەی هەژمارەکە دەکاتەوە بەڵگەنامەی پێویستی پێبێت (بەڵگەنامەی باری شارستانی، ناسنامە، گەشتنامە).

- تەنها بانکە گەورەکان هەڵمەبژێرە، بە تەنها هەڵبژاردنی بانکە گەورەکان کارێکی هەڵەیە، کاتێک دەتەوێت لە هەژمارێک زیاتر بکەیتەوە بیر لە ڕێگای ئینتەرنێت بکەرەوە چونکە تێچووی کەمترە وە نرخی سوودی بانکیشی زیاترە، ئەمەش بژاردەیەکی گونجاوە کاتێک نەتوانی پرۆژە درووست بکەیت یان ماڵ و سامانەکەت بەڕێوەببەیت.


سەرچاوەکان



800 بینین