ناوهڕۆك
گێزەر
گێزەر (بە ئینگلیزی Carrot) هاوشێوەی زۆرێک لە میوەکان، گێزەریش سوودێکی تەندروستی زۆری هەیە، سەرەتای چاندنی گێزەر دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، ئەفغانستان یەکەمین ناوچە بووە کە گێزەری لێ چێندراوە، بەڵام زۆر جیاواز بووە لە گێزەری ئێستا کە لە شێوەدا جیاواز بووە و تامەکەی تاڵ بووە، هەروەها ڕەنگی جیاوازی وەک مۆر، سوور و زەردی هەبووە. گێزەری سپی کە تام شیرین و جۆراوجۆرتر بووە لە گێزەری ئێستا.
ئایا خواردنی گێزەر بینین بەهێز دەکات؟
لە کۆنەوە بۆچوونێک هەیە کە خواردنی گێزەر بە بەسوود دادەنێت بۆ بینین و تەندروستی چاو، لەماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا هێزی ئاسمانی ڕۆیاڵی بەریتانی، ڕاداری بەکارهێنا بۆ بە ئامانج گرتن و لەناوبردنی هێزە ئاسمانییەکانی دیکە، لەوکاتەدا بۆ شاردنەوەی ئەو تەکنۆلۆجیا نوێیەی ڕادار، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە فڕۆکەوانەکان بەهۆی خواردنی گێزەرەوە بینینان بەهێز بووە، ئەمە هاوشێوەی کەمپینێکی گەورە بوو بۆ پشتڕاستکردنەوە و بڵاوبوونەوەی ئەوەی کە دەڵێن گێزەر بینین بەهێز دەکات، لەڕاستیدا گێزەر خاوەنی ئەو توانا سیحراوییە نییە کە بینین بەو ڕاددەیە بەهێز بکات، بەڵام کۆمەڵێک پێکهاتەی تێدایە کە بەسوودە بۆ بەهێزکردنی بینین.
گێزەر دەوڵەمەندە بە ماددەی بێتا کارۆتین و لیوتین کە دوو ماددەی دژە ئۆکسانن و ڕەنگی سوور، پرتەقاڵی، زەرد دەدەن بە چەند جۆرێک لە ڕووەکەکان، بەتایبەتیش گێزەر، لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی پاراستنی چاو دەدەن لەو گرفتانەی بەهۆی کۆبوونەوەی ماددەیەکی مەترسیداری وەک (ژوورۆکسیدەکان)ەوە دروستدەبن، ماددە مەترسیدارەکەش لە ئەنجامی تێکچوونی خانەکان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە کۆدەبێتەوە و چاو تووشی نەخۆشی دەکات.
لە لەشدا ماددەی کارۆتین دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A، کەمبوونەوەی ئەم ڤیتامینەش دەبێتە هۆی حاڵەتێک پێی دەوترێت (کوێری شەوانە) و تەنها بە خواردنی بەهێزکەرەکان چارەسەر دەبێت، هەروەها ڤیتامین A ماددەیەکی بنچینەییە بۆ ئەڵدرۆبسین کە بۆیەیەکی سووری-مۆرباوە کە بە هەستییاری بۆ ڕووناکی دەناسرێتەوە و لە شەواندا یارمەتیدەری بینینە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشە زەردەکە لیوتین لەخۆدەگرێت کە مەترسی پووکانەوەی بیلبیلە کەم دەکاتەوە.
کاتێک گێزەری کوڵاو دەخورێت، لەش بێتا کارۆتین زۆر بەباشتر دەمژێتەوە بەبەراورد بە گێزەری نەکوڵاو (فرێش)، ڤیتامین A لە چەوریدا دەتوێتەوە، لەبەرئەوە خواردنی ڤیتامینەکە لەگەڵ خواردنێکی چەور وادەکات زووتر بمژرێتەوە.
بەهای خۆراکی گێزەر
قاپێک گێزەری فرێش ئەم ماددە خۆراکیانە لەخۆ دەگرێت:
• گرامێک پڕۆتین.
• 10 گم کاربۆهیدرات.
• نیو گرام ڕیشاڵە ماددە.
• 6 گم شەکر.
• 21383 ڤیتامین A (بە یەکەی نێودەوڵەتی).
• 16.9 مایکرۆگرام ڤیتامین K.
• 410 ملگم پۆتاسیۆم.
• 0.1 سایمین.
• 1.3 نایاسین.
• 0.2 ملگم ڤیتامین B6.
هەندێک لە خەڵكی خۆیان لە خواردنی گێزەر بەدووردەگرن، بە پاساوی ئەوەی بەرهەمەکە بڕێکی زۆر شەکری تێدایە و شەکری ناو خوێن بەرز دەکاتەوە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ توێژینەوەیەک پشتڕاستی ئەم بۆچوونەی نەکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قاپێک گێزەری فرێش بە نزیکەیی 10گم کاربۆهیدرات و 4گم ماددەی ڕیشاڵی تێدایە، ئەم ماددەیە لە میوەکاندا دەردانی شەکر لە شێوەی گلوکۆزی ناو خوێن هێواشدەکاتەوە، واتە گێزەر بۆ کەسێک کە نەخۆشی شەکرەی هەیە بێ مەترسییە، چونکە ڕێگرە لە هەر زیادبوونێکی مەترسیداری شەکر لە خوێندا، بەڵام هەر کەسێک کە نەخۆشی شەکرەی هەبێت، پێویستە شەربەت(گیراوە)ی گێزەر، بەکەمی بخواتەوە، لەبەرئەوەی شەکرەکە خەست دەکاتەوە و ڕیشاڵەکەی تێدا ناهێڵێت، هەروەها شەربەتی گێزەر بڕێکی زیاتری کاربۆهیدراتی تێدایە بەبەراورد بە گێزەری فرێش.
بەهای خۆراکی شەربەتی گێزەر:
95 کالۆری.
21 گم کاربۆهیدرات.
2 گم ماددەی ڕیشاڵی.
9 گم شەكر.
2 گم پڕۆتین.
45,133 یەکەی نێودەوڵەتی لە ڤیتامین A.
20 ملگم لە ڤیتامین C.
36.6 مایکرۆگرام لە ڤیتامین K.
نیو مایکرۆگرام لە ڤیتامین B6.
689 ملگم لە پۆتاسیۆم.
مەترسییەکانی خواردنی گێزەر
- لەوانەیە ڕەنگێکی پرتەقاڵی بدات بە پێست، ئەمەش بەڕاستەوخۆیی کاریگەری ناخاتە سەر تەندروستی.
- کەمبوونەوەی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین A مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەسەکە، دەستکەوتنی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین A تەنها لە ڕێگەی ژەمەکانەوە زۆر دەگمەن و نا باوە، بەڵام دەتوانرێت بەشێوەی کەپسول بخورێت، یاخود لەو دەرمانانەوە دەستبخرێن کە بۆ هەندێک نەخۆشی بەکاردێن، لەوانە:
- ئایزۆترۆنین کە دەرمانێکە بۆ چارەسەری زیپکە بەکاردێت.
- ئەزیتریتین کە بۆ چارەسەری نەخۆشی سەدەف بەکاردێت.
هەروەها ئەو نەخۆشانەی کە ئەم دەرمانانە دەخۆن، پێویستە پارێز بکەن و زۆر بەکەمی گێزەر بخۆن، بۆیە وا باشترە پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێک پزیشکی پسپۆڕ ئاگادار بکرێت تاکوو لە کەڵەکەبوونی ڤیتامین A پارێزراو بن.
• لەوانەیە هەندێک لە خەڵکی هەستیاریان بۆ گێزەر هەبێت و لەکاتی خواردنیدا تووشی ئاوساوی و هەناسەکورتی و وردەخاڵی سەر پێست ببن کە هەریەک لەم نیشانانە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی خێرا هەیە، بۆیە پێویستە لە بوون و نوبوونی گێزەر لەلایەن خودی کەسەکەوە ڕەچاوی ژەمە خۆراکییەکان بکرێت، تاکوو تووشی گرفتی تەندروستی نەبێتەوە.