ناوهڕۆك
کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی منداڵ چییە؟
یاریکردن چالاکییەکی چێژبەخشە بۆ منداڵ و لە ڕێگایەوە بەشێکی زۆر لە ئارەزوو و خۆزگەکانی بەدیدەهێنێت، لەبەر ئەوەی یاریکردن چالاکییەکی فرە ڕەهەندە، بۆیە هەمە لایەنە کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی منداڵ.
کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی جەستەیی منداڵ
- یاریکردن چالاکییەکە پێویستی زۆری بە جووڵەی جەستەیی هەیە، بەتایبەتی هەندێک یاری کە لە سروشت و پێکهاتەیدا بریتییە لە جووڵەی جەستەیی، وەکوو، ڕاکردن، بازدان، خۆهەڵواسین و مەلەوانی، بۆیە ئەم جووڵانە دەبنە هۆی ئەوەی کە جەستەی منداڵ بەهێز بکەن، بەهێزی جەستەش ئاماژەیە بۆ باش گەشەکردنی ئەو منداڵە لە ڕووی جەستەییەوە.
- دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە ئەندامەکانی جەستەدا یارمەتی هاوسەنگ کردنی جەستە دەدات.
- بە باشترین شێوە دەبێتە هۆی بەکارهێنانی وزەی جەستە.
- هەروەها یارمەتی دەدات لە ڕووی خێراییەوە پێشبکەوێت چونکە جووڵە و ڕاکردنە بەردەوامەکانی منداڵ دەبنە هۆی زیادبوونی خێرایی.
کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی عەقڵی منداڵ
- یاریکردن خۆراکێکی باشە بۆ عەقڵی منداڵ چونکە منداڵ جگە لەوەی لە ڕێگای یاریکردنەوە زانیارییەکانی لەبارەی شتەکانەوە زیاد دەبێت باشتریش دەتوانێت لە کات و شوێنی خۆیاندا بەکاریان بهێنێت، ئەمەش چونکە منداڵ لەکاتی یاریکردندا بە بێ ئەوەی خۆی بزانێت، تەواوی پڕۆسە عەقڵییەکانی وەک (بیرکردنەوە، بڕیاردان، یادەوەری، خەیاڵکردن، سەرنجدان، درککردن، گریمانە، پێشبینیکردن، کۆنتڕۆڵکردن) بەکاردەهێنێت.
- یارمەتی گەشەی زمانەوانی دەدات، واتە فێربوونی وشە و دەستەواژەی نوێ و قسەکردن.
- زەمینەیەکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان.
- لە ڕێگایەوە منداڵ لە هۆکار و دەرئەنجام و کردار و پەرچەکردار تێدەگات.
کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی دەروونی منداڵ
زانای بەناوبانگ فرۆید لەو بڕوایەدایە کە یاریکردن ئاوێنەیەکە و دەتوانرێت باری دەروونی، هەڵچوون، حەز، ڕق و خۆشەویستی منداڵی تیا بەدی بکرێت، منداڵ لە یاریکردندا زۆرجار خۆی دەکات بە دایک، باوک، مامۆستا، پزیشک و شتی تر، ئەم نواندن و ئاڵوگۆڕکردن لە کەسێتی و لە پیشە، لە لایەک لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ئاسوودەی دەکات، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت ئەو ڕاستییەی کە هەیە، ئەگەر بۆ چەند ساتێکی کەم و خەیاڵیش بێت بیگۆڕێت، واتە منداڵ دەیەوێت لەو ڕێگایەوە خۆی ئازاد بکات لەو ژینگە و ڕاستییەی کە سەپێندراوە بە سەریدا.
کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵ
- دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی منداڵ لەگەڵ ژینگەی دەرەوەیدا و دنیای کۆمەڵایەتی فراوان دەکات.
- هاوکاری و یارمەتیدانی منداڵ بە یەکتر.
- ئاشنا دەبێت بە یاسا و کولتوورەکان.
- مامەڵەکردن لەگەڵ گەورەکان فێردەبێت.
- فێری ململانێ دەبێت و ئەزموونی شکست و دۆڕان دەکات و قبوڵی دەکات.
- فێری پاراستنی کەسانی لاواز و بێ دەسەڵات دەبێت.
- هێزی دەبێت بۆ ڕادەربڕین و ڕزگاری دەبێت لە شەرم و ترس.
سەرچاوەکان
2558 بینین