ناوهڕۆك
ناساندن
گازی فرمێسک ڕژ ماددەیەکی کیمیاییە کە کاری وروژاندنی چاو، دەم، گەروو، و سییەکان و پێستە، شێوە باوەکەی ئەم گازە پەمپی بیبەرە کە (Capsaicin)ـی تێدایە، کە ماددەیەکی وروژێنەره هۆکاری سەرەکی تیژ بوونی بیبەرە.
پێکهاتەکانی گازی فرمێسک ڕژ
باوترین پێکهاتەکانی ناو گازی فرمێسک ڕژ بریتین لە (chlorobenzylidenemalononitrile) کە بە CSـیش دەناسرێت و هەروەها (chloroacetophenone) کە CNـیشی پێ دەوترێت.
بۆهێڵی TRPA1 دەکەوێتە ژێر کاریگەری گازی CS و دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە سیستەمی کۆئەندامی دەماردا و کۆئەندامی بەرگری جەستە هەر بە هاتنە ناوەوەی ئەم گازە بە زووترین کاتت بە تەنێکی نامۆ دەیناسێنێت و هەوڵ دەدات دەریبکات لە جەستە ئەویش بە دەردانی ئاوی جەستە وەک فرمێسک.
جۆرەکانی گازی فرمێسک ڕژ
نزیکەی ١٥ جۆر لە گازی فرمێسک ڕژ بوونی هەیە لە جیهاندا بەڵام سێ جۆریان زۆر باون کە ئەمانەن:
کەمترین کاریگەری
ئەم جۆرەیان لە گازی CN دروست دەکرێت و کە کاریگەرییەکەی زۆر کاتییە و بە خێرایش کاریگەرییەکەی نامێنێت.
کاریگەری ماماناوەند
لە گازی CS دروست دەکرێت و ژەهراوییە بۆ مرۆڤ و ژینگە.
زۆرترین کاریگەری
ئەم جۆرەیان کاریگەری زۆرە و توندە، کە لە گازی CR دروست دەبێت و لە ساڵی ١٩٥٢ بەکارهێنراوە و بووەتە هۆی ڕشانەوەی توند و تەنانەت مردنیش بەو هۆکارەوە.
مێژووی بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژ
گازی فرمێسک ڕژ بۆ یەکەمین جار لە جەنگی جیهانی یەکەمدا (١٩١٤ بۆ ١٩١٨) لە لایەن سوپای فەڕەنساوە بۆ ڕاونانی دژمن بەکارهێنرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە بەکارهێنانی قەدەغە کراوە و بە نایاسایی دانراوە.
لە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٢٥ـی ژنێف، گازی فرمێسک ڕژ خرایە ڕیزی گازە کیماییەکان و بەکارهێنانی بە نایاسایی ناسێنرا، لە ساڵی ١٩٦٩ لە دانیشتنی گشتی UN (نەتەوە یەکگرتووەکان)ـدا ٨٠ وڵات دەنگی خۆیان خستە پاڵ ئەمە و ڕای ئەرێنیان هەبوو کە نابێت بەکاربهێنرێت.
لەساڵی ١٩٦٠ـدا گازی فرمێسک ڕژی جۆری CS لە ڕێگەی پۆلیس و هێزە سەربازییەکانەوە بەکاردەهێنرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندان و زیندانییەکان.
بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژ لە ئێستادا
هەرچەندە گازی فرمێسک ڕژ خراوەتە ڕیزی گازە کایمیاییەکان و بەکارهێنانی نایاسایی و قەدەغەیە بەڵام لە ئێستادا لە زۆرترین وڵات بەکاردەهێنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندان و گرژی، بەکارهێنانی ئاسانە و هەر بۆیە پۆلیس و هێزی ئەمنی یەکەمین هەڵبژاردەیان بەکارهێنانی ئەم گازەیە.
نیشانەکانی بەرکەوتن به گازی فرمێسک ڕژ
نیشانەکان بەندە لەسەر جۆری گازەکە و نزیکی و دووری کەسەکە لە گازەکەوە و زۆر مانەوەی لەو جێگەیەدا، کە نیشانەکان ئەمانەن:
نیشانەی کاریگەرییە کورت خایەنەکان
- ڕژانی فرمێسک، سووتانەوە و سووربوونەوەی چاو.
- بەرچاوڕەشبوون
- سووتانەوەی دەم و لووت
- کێشەی قووتدان
- دڵتێکچوون و ڕشانەوە
- هەناسەتووندی
- کۆکە
- خیزە خیزی سەر سنگ
- سووتانەوە و سووربوونەوەی پێست
- هەستکردن بە خنکان
هەروەها جگە لە کاریگەری گازەکە لەوانەیە برینداری و سووتان ڕووبدات بەهۆی بەرکەوتن بەو بتڵانەی کە گازەکەی تێدایە، کاریگەرییەکانی ئەم گازە دەبێت لەنێوان ١٥ بۆ ٢٠ خولەکدا لەناو بچێت.
نیشانەی کاریگەرییە درێژخایەنەکان
ئەگەر کەسەکە بەخێرایی ئەو جێگایە بەجێ بێڵێت کاریگەرییەکی لەناودەچێت، بەڵام ئەگەر زۆر لەو شوێنەدا بمێنێتەوە و یاخود لە شوێنێکی داخراودا بێت دەکرێت نیشانەکان زۆر مەترسیدار بن وەک ئەمانە:
- درووستبوونی ئاوی ڕەشی چاو
- نابینایی
- سووتانی کیمیایی
- ناتەواوی لەهەناسەدان، بەتایبەت لەو کەسانەی خۆیان کێشەی هەناسەدانیان هەیە و نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایە وەک ڕەبۆ.
خۆپارێزی
هەناسەی خۆت بگرە
گازەکە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو گەروو و لووت و دەمەوە بۆیە یەکەمین هەنگاو واباشە کە هەناسەی خۆت بگریت و لەو کاتەدا هەناسە نەدەیت تاکوو دەگەیتە شوێنێکی کراوەتر و دوورتر لە گازەکە.
چاوەکانت دابخە
گازەکە ڕاستەوخۆ کار لە چاو دەکات و دەبێتە هۆی سووربوونەوە و فرمێسکی چاو بۆیە هەر بەو خێراییەی کە هەناسەی خۆتت گرت ئەگەر توانیت چاوەکانیشت دابخە.
بتڵی گازەکە لە خۆت دووربخەرەوە
ئەو بتڵەی گازەکەی تێدایە خێرا خاڵی دەبێتەوە و گازەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و ئەو ناوچەیە دادەپۆشێت، هەر بۆیە ئەگەر هاتوو بتڵی گازەکە لەلاتەوە بوو دووری بخەرەوە.
سێ هەنگاوی یەکەم جێبەجێ بکە
لەکاتی بەرکەوتن بە گازەکە مەترسە و مەشڵەژێ و بە زووترین کات سێ هەنگاوی سەرەوە جێبەجێ بکە و هەنگاوەکانی دواتر کاتێک دەست پێ بکە کە لەو ناوچەیەی کە گازەکەی لێیە دوورکەوتیتەوه.
شۆردنی هاوێنە و چاویلکە
ئەگەر چاویلکەت لە چاودایه، یاخود هاوێنە بەکاردەهێنیت بەخێرایی بیشۆ.
شۆردنی چاوەکان کەمێک کێشەیه، گازەکە گازێکی تێکەڵ و پڕ پێکهاتەیە هەر بۆیە دەلکێت بە پێستەوە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە سووتانەوە، کاتێک ئاو دەدەیت لەم ناوچەیە بڵاودەبێتەوە، چاو خۆی بە شێوەیەکی سروشتی گازەکە دەکاتە دەرەوە، بەڵام ئەگەریش بتەوێت بە ئاو گازەکە بێتە دەرەوە دەبێت زۆر بەخێرایی و بە ئاوێکی زۆر چاوەکانت بشۆیت و بەجۆرێک کە سەرت خوار بکەیت و ئاوێکی زۆر بکەیت بە چاوتدا و لەوێوە بێتە خوارەوە بە لووت و دەمیشتدا.
با جلەکانت هەوا لێی بدات
گازەکە لکاوە بە جلکانتدا و هەر بۆیە به تەکاندنی جلەکانت گازەکەی لێبکەرەوە، بەڵام ئاگاداربە لەکاتی تەکاندنیدا به ئاڕاستەیەک نەبێت کە دووبارە گازەکە بکەیتەوە بە ڕووخسارتدا و دواتر بهێڵە هەوای پاک بدات لە جلەکانت.
دەستەکانت بشۆ
بە هیچ جۆرێک پێش ئەوەی کە دەستەکانت نەشۆیت دەستت نەدەیت لە ڕوخسارت، هەر بۆیە پێویستە دەستەکانت بە ئاو و سابوون بشۆیت.
بە وشکی بمێنەرەوە
هەوڵ مەدە کە بگەیتە شوێنێک و ئاو بکەیت بە جەستەدا، تاکوو دەتوانیت بە وشکی جەستەت بهێڵێتەوه چونکە خۆ تەڕکردن زیاتر گازەکە بڵاودەکاتەوە.
خۆت بشۆ
لە نزیکترین کاتدا خۆت بشۆ و هەموو جلەکانت لاببە و ئینجا ئاو بکە بە جەستەدا و ئاوی گەرم بەکارمەهێنە و بە ئاوی سارد خۆت بشۆ، دەبێت بە وردی خۆت بشۆیت و بە تایبەتت قژت چونکە گازەکە چووەتە تاڵ بە تاڵی قژتەوە.