ناوهڕۆك
ناساندن
کەریم کابان (بە ئینگلیزی: Karim Kaban) ناوی تەواوی عەبدولکەریم جەلال مەحموودە. هونەرمەندێکی دیار و بەناوبانگی کوردە و خاوەنی دەیان بەرهەمی هونەرییە و یەکێکە لە دەنگە ڕەسەنەکانی ئاوازی کوردیی.
ژیان
ناوی تەواوی عەبدولكەریم جەلال مەحموودە و لە ١٩٢٧/٢/٢٤ لە گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایكبووە. نازناوی كابان، بۆ دایە گەورەی خانەوادەكەیان دەگەڕێتەوە، كە ژنێكی خانەدان و خاوەن دیوەخان بووە، لەبەر لێهاتوویی ئەم خاتوونە بە كابان ناو براوە، دایكی ناوی حەلاوە عەلیـیە. پیشەی باوكی چایچی بووە، لە پاڵیشیدا دەفژەنێكی كارامە بووە و بەشداری زۆرێك لە مەولوودنامەكان و سروودە ئاینییەكانی كردووە، کەسێکی دەنگخۆشیش بووە. كەریم كابان، خاوەنی سێ برا و سێ خوشكە.
كەریم كابان دووجار ژیانی هاوسەری پێك هێناوە، یەكەم هاوسەری ناوی سەبری خانـە و خەڵكی شارۆكەی ڕەواندز بووە، تەنیا كچێكی لەم هاوسەرەی هەیە بەناوی نوخشە، بەڵام ماوەی ژیانی هاوسەرییان زۆر نابات و لێك جیا دەبنەوە. سەر لە نوێ لە ١٩٥٥/٩/٥ لەگەڵ خاڵۆزاکەی کە ناوی (ئایشە خان)ـە ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێتەوە، لە ئایشە خان خاوەنی سێ كوڕ و دوو كچە.
ئەو هونەرمەندە كاتێك لە قوتابخانەی فەیسەڵییە بووە، لەبەر دەنگخۆشی خراوەتە تیپی سروودی قوتابخانە، بەشداری سەرجەم چالاكییە هونەرییەكانی قوتابخانەی كردووە و زۆر جار لە گۆڕەپانی قوتابخانە هێنراوەتە دەرەوە و سروودە نیشتمانییەكانی چڕیوە. دوای قۆناغی سەرەتایی بەردەوام بووە لە خوێندن و ساڵی ١٩٤٢ چووەتە قۆناغی ناوەندی. لە ساڵی ١٩٤٥ كاتێك تەمەنی دەگاتە كاتی سەربازی، لەبری چوون بۆ ئەو خزمەتەی سوپا، چووەتە بەغداد و لەوێ بەشداریی خولێكی كاری بێ تەلی كردووە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بەشی بێ تەل، هەر لەو سەردەمەشدا پەیوەندی بە ئێزگەی بەغداوە كردووە و یەكەمین گۆرانی خۆی تۆماركردووە و بڵاویكردۆتەوە. پاش تەواوكردنی خولەكە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی پێویستیان بە شارەزایی و خزمەتی هەیە و بۆ ئەمەش دەنێردرێتە دینارتە لە سنووری ئاكرێ، پاش ئەوە بە ماوەیەك دەگوازرێتەوە بۆ دیانە و دواتریش بۆ ڕەواندوز و بەهۆی حەزی خۆیەوە لەو شوێنانە فێری دیالێكتی كرمانجی ژووروو دەبێت.
کارکردنی وەک کارمەندی بێ تەل
پاش ئەوە ساڵی ١٩٥٦ دەگوازرێتەوە بۆ شیوەكەڵی سنووری شارباژێڕ و لەوێ لە بنکەی سنووری دەبێت بە بێ تەل. پاش دوو سێ ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ شاری ڕانیە و لەوێ لە بنکەی ڕانیە دەبێتە بێ تەل.
لە ڕانیە پێوەندی بە ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و لەگەڵ هاوڕێكانیدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت، هەم لە گەیاندنی هەواڵی جموجوڵی هێزەكانی حكوومەتی ئەو سەردەمەی عێراق بە پارتی و شۆڕش، هەم لە گرتنی سەرای ڕانیەشدا، لەم بارەیەوە ئیبراهیم جەلال لە كتێبەكەیدا "خوارووی كوردستان و شۆڕشی ئەیلول، بنیاتنان و هەڵتەكاندن ١٩٦١ - ١٩٧٥" لە لاپەڕە ٩٤دا دەڵێت: "5/9/1962 سەعات 11ی شەو بە راوێژ لەگەڵ عەریف رفیق و مەلا عەبدوڵڵای بێ سیم و فەریق كەریم كابانی بێ سیم چوینە سەر سەرا و دەرگا كرایەوە و بە یارمەتی پۆلیسە كوردەكان دەست بەسەر هەموو سەرادا گیرا.. پاشان دەڵێ: مەلا عەبدوڵلا و كەریم كابان و دوو پۆلیسی عەرەبمان لەسەر بێ سیمەكان دانا بۆ پەیوەندی بەردەوام بە دەوڵەتەوە…. تەواو."
لەو ماوەیەدا كەریم كابان بەهۆی كردنەوەی کۆدێکی ڕژێمەوە سەركردایەتی شۆڕشی لە تیاچوونی دڵنیایی ڕزگار كردووە و پاش ئەوەی ڕوون بووەتەوە ڕژێم دەیەوێت شوێنی كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی شۆڕش كە بڕیاربووە بە سەرپەرشتی مستەفا بارزانی بێت، بۆردمان بكات. کەریم کابان شۆڕشی لەو نیازە ئاگادار كردووەتەوە و بەرپرسانیش شوێنی كۆبوونەوەكەیان گواستۆتەوە و ڕژێمیش لە سات و كاتی دیاریكراودا بۆردمانەكەی ئەنجامداوە. دوای ئەوەشی ئاشکرا دەبێت و بەهۆی ئەوەشی برایەکی (قادر کابان) پێشمەرگە بووە دووردەخرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ بەغداد و ماوەی شەش مانگ لەوێ دەبێت، دواتر بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیو دەگوازرێتەوە بۆ شاری ناسڕیە و لەوێ دوو کچی گیان لەدەست دەدەن و لەوێش دەنێژرێن. دواتر دەنێردرێتە دیوانیە و كچە گەورەكەی و هەردوو كوڕەكەی لە ناسڕیە و دیوانیە خوێندنی سەرەتایی دەخوێنن.
كەریم كابان لە سەرەتای ١٩٦٩دا دەگوازرێتەوە بۆ شاری سلێمانی. پاش بەیانی ئازاری ١٩٧٠ بە بیانووی پەیوەندی بە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتیەوە، دووردەخرێتەوە بۆ شاری ڕومادی و ماوەی حەوت مانگ لەوێ دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی. لەو ماوەیەدا پلەی بەرزدەکرێتەوە و دەبێت بە مفەوەزی ٣ ئەستێرەی قوڕگ و بە بڕیارێكی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی عێراق دەبێتە بریكاری ئەفسەری بێ تەل لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی. لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكان، بیری ئاوازدانانی پەرەی سەند و ئاوازەكانی وەرچەرخانێكی مێژوویی بوون بە بەراورد بەو ئاوازە میللی و فلكلۆرییانەی، كە ئەوكات باو بوونە.
لە سەرەتای حەفتاكان ئاوازە بەناوبانگەكەی (درزی پەچە) دادەنێت و پێشكەشی هونەرمەند قادر كابانی برای دەكات. لە ساڵی ١٩٧٤ پێوەندی بە تیپی موزیكی شۆڕشەوە دەكات و لەگەڵیاندا گۆرانیی (یاران وەسیەتم و شەو) لە گوندی وەسانێی دۆڵی باڵەكایەتی تۆمار دەكات. لە هەمان کات لە ناوپردان دەبێتە بێ تەلی شۆڕش. لە ١٩٧٤/٩/١١ لە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، ئەو دوو بەرهەمەی لە ڕێگەی ئێزگەی دەنگی كوردستان لە عێراق بڵاو دەكاتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٥ لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، بووەتە ئەندامی تیپی موزیكی سلێمانی و تا دوا ساتەكانی تەمەنیشی هەر ئەندام بووە. هەمان ساڵ دەگەڕێتەوە و ڕژێم لە كاری پۆلیسییەوە دەیگوازێتەوە بۆ كاری مەدەنی و دەینێرێتە شاری نەجەف لە بەڕێوبەرایەتیی كارەبای نەجەف دەستبەكار دەبێت.
ساڵی ١٩٨١ قادر کابانی هونەرمەند و پێشمەرگەی برای دوای دەستگیرکردنی لەسێدارە دەدرێت.
باری تەندروستی
هونەرمەند كەریم كابان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێکەوتی ٢٠١٥/١٢/٣٠ کاتژمێر پێنجی بەیانی، لە ماڵەكەی خۆیدا هەڵدەستێت لە خەو و لە ژووری چێشتلێنانەكەیان بەردەبێتەوە و تووشی ڕووداوێك دەبێت و بەهۆیەوە ڕانی ڕاستی دەشكێت و بەپەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی و نەشتەرکارییەکی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام دواتر چەند ڕۆژێك تەندروستی ناجێگیر دەبێت.
کۆچی دوایی
ئەو هونەرمەندە، کاتژمێر پێنج و ٢٠ خولەکی ڕۆژی ٢٠١٦/١/١٤، کۆچی دوایی کرد.
یادەکانی دوای کۆچ
بەڵگە فیلمێک بە ناوی تەمەن لە سەر ژیانی کەریم کابان دروست کراوە، کەریم کابان کەمترین گۆرانی هەیە بەڵام ئەرشیڤێکی پڕ هەوادار و یادگاری هەیە.
بەرهەمەکانی
هونەرمەند تەنیا ٢٠ گۆرانی تۆمار کردووە، لە بەناوبانگترینیان:
- یاران وەسیەتم
- خەنەبەندان
- بێدارانی شەو
- پرسیار
- شەمی شەوان
- تەمەن
- چۆن خۆشم ویستی
- دوور وڵات
- یار جوانێ
- هاوار لێ
- خونچە
- کاڵێ
- دڵی گیرۆدە
- نزیکتر لە گوڵ
- بێ وەفاییم کرد